مەسەلەی ئاوارەكان، یا گۆڕینی دیمۆگرافیای كوردستان!

د. کامەران مەنتک
ئەمڕۆ یەكەم كۆنگرەی گەڕانەوەی ئاوارەكان بەسەرپەرشتی سەرۆك وەزیرانی ئێراق لە بەغدا بەسترا، دیارە مەسەلەی گەڕانەوەی ئاوارەكان پێویستی بەبڕیاری جدی هەیە نەك بەكۆنگرەو كۆنگرەكاری، ئەگەر گریمانی ئەوە بكەین بڕیاری گەڕانەوەشیان بدرێت، كە زۆر ئاستەنگە ئەو بڕیارە بدرێت و تەنانەت ئەگەر دراش توانای جێبەجێكردنی نیە، لەبەر ئەم هۆكارانەی خوارەوە:

1-ئاستەنگە ئەو بڕیارە بدرێت، لەبەرئەوەی خودی مەسەلەی ئاوارەكان مەسەلەیەكی هەرێمی جیهانیەو پەیوەستە بە داڕشتنەوەیەكی نوێی نەخشەی سیاسی ناوچەكە، بەتایبەتیش دابەشكردنەوەی كوردستان لەسەر بنەمای جیۆدیمۆگرافی، واتا لەجیاتی ئەوەی كوردستان لەسەر بەتەنیا لەسەر بنەمای جوگرافی دابەش بكەن، وەك ئەوەی لەدوای جەنگی دووەمی جیهانیەوە دابەشیان كرد، كە بووە هۆی هینانەدی هاوسەنگیەكی ئاڵۆزو، ئەمجارەیان لەسەر بنەمای هەر دوو رەهەندی جوگرافی (زۆنی زەردو سەوز) ورەهەندی دیمۆگرافیا(مەسەلەی ئاواەركان) دابەشی بكەن، تاوەكو بەیەكجاری ئەو ناوچەیە لەكورد دابماڵن و شتێك نەمێنێت بەناوی مەسەلەی كوردو جوگرافیایەك نەمێنێت بەناوی كوردستان. وەك زۆر جاری تر ئاماژەم پێكردووە یەكیك لە ئامانجە مەترسیدارەكانی دروستكردن و یارمەتیدانی دانی رێكخراوی داعش ئەو ئامانجە ترسناكە، واتە گۆڕینی دیمۆگرافیای كوردستانە!. 

2- هۆی ئاستەنگی جێبەجێكردنی هەر بڕیارێك ئەگەر لەمبارەیەوە دەربچێت، دەگەڕێتەوە بۆ :

أ‌- ئەو ناوچانەی كە لێیەوە هاتوون بە بەراوردكردنیان بە هەرێمی كوردستان ئەو ئارامی و سەقامگیریەی نیەو شێوازی ژیان لەهەریم بەراورد ناكرێت لەگەل ناوچەكانی خۆیان.

ب‌- ئەو یارمەتیانەی لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتیەكانی ترەوە بۆیان دابین دەكرێت، وا یكردووە مەسەلەی مانەوە لەكەمپەكان ببێتە جۆرێك لە بەدەستهینانی ژیانێكی ئازاسان و تەوەزلانەو تەنانەت شێوازێكیش لە بارزگانی، كە بیگومان ساویلكەییە ئەگەر واتیبگەین ئەمە هەر وا روویداوەو هیچ پلانیكی تری لەدواوە نیە.

ت‌- بەشێكی زۆر لە ئاوارەكان، بەتایبەتی ئەوانەی لەرووی داراییەوە وەزعیان باشە هاتوونەتە ناو شارەكانی هەرێم و تێكەڵ بەخەلكەكە بووین، ئەوانە خانوو و موڵك و ماڵیان كرێوەو بەرژەوەندیەكانیان لێرە جێگیر بووە، كارو كاسبی خۆیان دەكەن و لە ماوەی حەوت سالی رابردوودا، هەزاران منداڵیشیان لەهەریمی كوردستان لەدایك بووە، كە ئەوانە  ئینتمایان بۆ هەرێم دەبێت و مافی هاوڵاتی ئەو شارەو مانەوەی یەكجاری بەدەستدێنن!.

كەواتە مەسەلەی ئاوارەكان مەترسیەكی ئێجگار جدیەو ئەگەر ئێستا بەراوردێك لەنێوان دۆخی هەریم بەر بەر لە 2014 بكەین، دەبینین دیمۆگرافیای شارەكانی هەرێمی كوردستان بە تەواوی گۆڕاوە، بەراستی دەسەڵاتی كوردیش بەرپرسی یەكەمە لەو دۆخە، لەپەنای مەسەلەی ئاوارەكانەوە وڵاتیان هەرزانفرۆش كردووە!. بەگوێرەی هەندێك زانیاری توركیاش زەوی و زارێكی زۆری بەناوی كۆمپانیاو كاركردن و ... هتد لە شارەكانی هەرێم، بەپلەی یەكەمیش لەهەولێر كڕیوە، ئەمانە هەمووی گەمەی سیاسی مەترسیدارن و چارەنووسی ئەو هەرێمە تاریكتر دەكەن، بەبێئەوەی ئاگاداربین لەلایەن دەسەڵاتدانی كوردەوە وڵاتەكە بەتەواوی هەراجكراوە، بەناوی دیموكراسی و مافی مرۆڤ و میواندۆستی خێڵەكیانە، خاك و ئاوی ئەو وڵاتەیان بۆ هەموو كەسێك، جگە لە رۆڵە رەسەكانی خۆی حەڵاڵ كردووە.

12/04/2021



وتارەکانی تری نوسەر