کۆتایی سەرمایەگوزاری سیاسی "ئیسرائیل"لە ھەرێمی کوردستان

قەڵەم

ئیبراهیم ئەلزوبێدی
کۆتایی سەرمایەگوزاری سیاسی "ئیسرائیل"لە ھەرێمی کوردستان
ھیچکات بەمێشکی سەرکردەکانی سیاسی کورد،بەتایبەتی بارزانیەکاندا نەھاتبوو،کە رۆژێ دادێ وڵاتی ئیسرائیل پێگەی دوژمنە سەرەکییەکانی خۆی،یانی وڵاتانی عەرەبی لەدەست بدات و بەتەنیا کۆماری ئیسلامی ئێران لەو پێگەیەدا بمێنیتەوە و ئیسرائیل،"ھەرێمی کوردستان"بخاتە پەراوێزەوە،بۆ ڕازیکردنی ھاوپەیمانە نوێیەکانی لە ناوچەکەدا و سەرمایەگوزاری لەسەر وڵاتانی تر و حیزبەکانی تر لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا بکات و پاڵپشتیەکانی خۆی بۆ بەراوردەکردنی خەونی لەمێژینەی گەلی کورد بۆ دامەزراندنی وڵاتی سەربەخۆی کوردستان بەپاڵپشتی و ھاوکاری بێکۆتایی ئیسرائیل و ئەمریکا وەڵا بنێ.
ئیسرائیل و کورد؛
بەپێی نوێترین ڕاپۆڕتی ناوەندی ڕاگەیاندنی (عەرەب ئونڵاین) کە بنکەی سەرەکی ئەو ناوەندی لە وڵاتی بەریتانیایە،(ئیبراھیم ئەڵزوبێدی)نووسەری عەرەب بەو ناونیشانەی سەرەوە دەستی بەنووسینی وتارێک کردوە و دەڵێ؛ لە دوای گۆڕانکارییەکی مشتومڕھەڵگر و پڕ بایەخ،فرۆکەکانی ئیسرائیل بەشێوەیەکی ئازادانە بەئاسمانی وڵاتانی عەرەبستانی سعوودی،بەحرێن،میسر و سوودان بەرزبوونەوە و بەمزووانەش بەسەر ئاسمانی عێراق ومۆریتانیا و مەغریب ـ یشدا،دەفڕن.ھەروەک فرۆکەکانی ھێڵی ئاسمانی کۆمپانیا جیاوازەکانی ھێڵی فرۆکەوانی وڵاتانی جیھان بێ ھیچ کێشە و نیگەڕانی و دژایەتیکردن و سەرسووڕمانێک لە فرۆکەخانەی ئەبووزەبی پایتەختی میرنشینی وڵاتانی عەرەبی دەنیشنەوە.

ئیسرائیل ئیتر پێویستی بە چۆڵەکە بچووکەکانی سەر تاقە دارێک نییە،ھەر لەبەر ئەوەشە بڕیاریداوە دەستبەرداری کارتی گوشاری دامەزراندنی وڵاتی سەربەخۆی کوردستان بووە،کە بە ساڵانە دەیھەویست وەک چیرۆکی"ئەسپی تروادە" لەناو دڵی وڵاتانی ناوچەکدا کەڵکی لێوەرگرێت.بەتایبەتی لەدوای ئەزموونی چەندین ساڵەی تاقیکردنەوە و ھەڵە دەچوون،بۆی ڕوونبۆتەوە بەرپرسانی دوو حیزبی دەسەڵاتداری ھەرێمی کوردستان (یەکێتی و پارتی)نەک تەنیا ئەمرۆ،بەڵکوو لە داھاتووشدا و بگرە دوای چەندین سەدەی تریش،شیاو و لێھاتوو و ھێژایی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی سەربەخۆیان نییە.!!

نووسەری ئەو وتارە ھەروەھا ئاماژەی بەوەش کردوە،ھەڵوێستی نوێ ئیسرائیل سەبارەت بەھەرێمی کوردستان،نە لەلایەن رۆژنامەنووسێکی عێراقیەوەیە نووسراوە و نە لەلایەن نووسەرێکی عەرەبەوە و بەڵکوو لەلایەن (یەھوود یەعرا)نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی ئیسرائیلیەوە نووسراوە،کە پێوەندی زۆر نزیک و کاریگەری لەسەر ناوەندەکانی بڕیاریدان لە ئیسرائیلدا بۆ ھەموو لایەک ئاشکرایە.(یەھوود یەعرا) بەشێوەیەکی ئاشکرا لە کاناڵی تێڤی (دوانزدە)ی، ئیسرائیلدا ئاماژەی بەو خاڵە کردوە،کە ئیسرائیل لە پشتیووانی و یارمەتی ستراتیژییەکانی لە گەلی کورد بۆ گەیشتن بەسەربەخۆیی بەدرێژایی چەند سەدەی ڕابردوو پەشیمان بۆتەوە.(یەھوود یەعرا) گرنگترین ھۆکاری ئەو پشتیوانیانە دەگەڕێنیتەوە بۆ یارمەتی سەربازی و لۆجستیکی،ناردنی وەفدی ڕاوێژکاری،تیمی پزشکی و پشتیووانی دیپلۆماسی و کڕینی نەوتی ھەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی قاچاخ و نھێنی لە بازاڕەکانی جیھاندا و ھەروەھا ئاماژە بەوەش دەکات،کە بۆ خۆی ساڵانێکی دوورودرێژە لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردەکانی کورد پێوەندی بەھێز و دۆستانەی نزیکی ھەبووە و بەردەوام خۆی وەک کەسێکی پاڵپشتیکاری خەباتی ئازادیخۆازی کوردی پێناسە کردوە،بەڵام ئێستا لەدوای لێکۆڵینەوە و چاوەدێری کردنی بارودۆخی ئێستای کوردستان ئەوەمان بۆ ئاشکرا بووە،کە بەرپرسانی دەسەڵاتداری ھەرێمی کوردستان زۆر بەئاسانی ئەو دەرفەتە زێڕینانەی کە بۆیان ڕەخساوە لەدەست ئەدەن.بە گووتەی ئەو نووسەرە ئیسرائیلیە،ھەتا ئەگەر (جۆ باێدن)یش،ببێتە سەرۆککۆماری ئەمریکا،جارێکتر پێشنیاری ڕابردووی خۆی بۆ جیابوونەوەی ھەرێمی کوردستان لە دەوڵەتی لە عێراق ناخاتە بەرباسەوە.ھۆکاری ئەو بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ شکەستی سەرکردە کوردەکانی باشوور لە دەست ھەڵنەگرتن لە ھەڵسووکەوتی چەوتی نەریتی باوی ڕابردوویان،لە بواری شەڕی ناوخۆیی و تووندوتیژی وئاژاوەگێری ناوخۆی خۆیان و ھەوڵدان بۆ دۆزینەوەی ھاوپەیمانی لەدەرەوەی کوردەکان،مەبەست بوونە ھاوپەیمانی ئێران و تورکیە و ھەروەھا نووقمبوون لەناو گەندەڵی دایە.چۆن ساڵانێکی زۆرە ئەو دوو حیزبە خەریکی سڕینەوە و پاکتاوکردنی یەکترین.بەرپرس و سەرکردەکانی ئەو دوو حیزبە (یەکێتی و پارتی)بەساڵانە خەریکی سووکایەتی وجنێودان و پەراوێز خستنی یەکترین و ئێستاش ئەو شەڕەیان گۆازتۆتەوە بۆ ناو ڕاگەیاندن و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان و دیارە یەکێتی و پارتی ئەوەیان پێ باشترە.
لایەنگرانی پارتی و بنەماڵەی بارزانی لە شاری ھەولێر و دھۆک لەناوخۆیاندا کێشەیان ھەیە.بەرپرسانی بنەماڵەی تاڵەبانیش کە کۆنترۆڵی شاری سلێمانیەیان بەدەستە،لەدژی بنەماڵەی بارزانی دەجووڵێنەوە،ھەروەھا لەناوخۆی یەکێتی و بنەماڵەی تاڵەبانیشدا کێشە و ناکۆکی زۆر ھەیە و لایەنگرانی ھاوسەری جەڵال تاڵەبانیش لەگەڵ باڵەکانی تری ناوخۆی ئەو حیزبە لە شەڕی نەرم و بەردەوام دان.تەواویی ئەو ناکۆکییانە لەدوای ئەوە ڕویداوە کە ھێزەکانی پێشمەرگەی ئەو دوو حیزبە زۆربەی ئەو ناوچانەی لەدوای شەڕی داعش و شکەستی ئەو گروپە تیڕۆریستیە توانیان بخەنە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە،بۆ نموونە شاری کەرکووک کە لە لەلایەن گەلی کورد بە قوودسی کوردستان دەناسرێت،دوبارە لە دەست بدەنەوە و بەرپرسانی ھێزەکانی پێشمەرگەی یەکێتی بێ ھیچ ھەماھەنگییەک لەگەڵ بەرپرسانی ھێزەکانی بارزانی کە لە حاڵەتی شەڕ و بەرگڕی لە ناوچەکانی نزیک شاری کەرکووک دابوون،لەو شارە کە بەشاری نەوت دەناسرێت پاشەکشەیان کرد.(یەھوود یەعرا)ھۆکاری ئەو شکەستە دەگەڕێنیتەوە بۆ گوێ پێنەدانی دەسەڵاتدارانی کورد بەئامۆژگاری و پێشنیاری ھەموو دۆستەکانی خۆیان لە سەروی ھەموویانیش وڵاتی ئیسرائیل،سەبارەت بە ئەنجامدانی پرۆسەی ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی و جیابوونەوەی لە عێراق لە پاییزی ساڵی(٢٠١٧ (دا.پرۆسەی ڕێفراندۆم و بەشداری و چوونی جەماوەری ھەرێمی کوردستان بۆ سەر سەندووقەکانی دەنگدان بۆ سەربەخۆیی کوردستان،بووە ھۆکاری ئەوەی کورد زۆربەی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆی لە چوارچێوەی جۆگرافیای کوردستانی باشوور لەدەست بداتەوە و لەو کاتەشەوە ھەتا ئێستا بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان پرسی ئەنجامی ڕێفراندۆم بۆ جیابوونەوە لە عێراقیان بەتەواویی فەرامۆش کردوە.شرۆڤەکار وچاوەدێری سیاسی ئیسرائیلی (یەھوود یەعرا) لە درێژەی بابەتەکەیدا،ئاماژەی بەوەش کردوە،ھەر کەسێک پێیوایە کوردەکان دەتووانین یەکێتی و یەکگرتوویی لەناوخۆیاندا دروست بکەن،بەتەواویی لە ھەڵەدایە،چۆنکە ناکۆکی بەردەوام لەناو ھەموو ھێزە چەکدارە کوردەکاندا بوونی ھەیە و رۆژ لەگەڵ رۆژ ئەو ناکۆکیانە زیاتریش دەبن.بۆ نموونە بارزانیەکان پێوەندی بەھێزیان لەگەڵ ئاکپارتی و ئەردۆغاندا ھەیە و تاڵەبانیەکانیش بەردەوام لەگەڵ ئێران لە پێوەندی بەھێز دانە و ھەر دوو لایەنەیش ھەوڵی پاراستنی پێوەندییەکانیان ئەدەن،لەگەڵ وڵاتانی ئێران و تورکیە.ئەوی لەسەرەوە خوێندتانەوە کورتەی نوێترین ھەڵوێستی ئاشکرای دەوڵەتی ئیسرائیل بوو،سەبارەت بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بەرپرسانی یەکێتی و پارتی،کە بۆ ھەموومان جێگای تێڕامان و سەرنجڕاکێشان بوو.

 

وەرگێڕانی: ئافەندی مەهاباد
2020-9-21


22/09/2020



وتارەکانی تری نوسەر