ئەرێ ئەم لادانانە کاتی بوون!!

دلێر محەمەد

شەقام ئەو رێڕەوە رێک و جوان و قیرتاوەیە کە هەمووان ئۆتۆمبیلەکانمان بە دڵنیاییەوە بەسەریدا لێۆەخوڕین. هەر لە ئۆتۆمبیلی سەرۆکەوە تا دەگاتە کۆنە ماشێنی هەژارێکی وڵاتیش. گەر ڕۆژێک شەقام  پڕ بوو لە تاسە و چاڵ و چۆڵی، شارەوانی بە تابلۆیەک کە لە سەری نووسراوە (لادانی کاتی)، رێڕەوێکی ڕنگە لە خۆڵ و پڕ لە کێشە و خاوڕەو و بێزارکەرت بۆ بەردەوامی هاتووچۆ بۆ بکاتەوە تا ئەو کاتەی  شەقامەکە چاکئەکەنەوە بەڵام هەروەک ووتمان (بەکاتی).

ئەگەر چی دوای گەڕانێک نەگەیشتمە هیچ ئەنجامێک بەوەی چۆن و لە رێی کێوە بۆ یەکەم جار گوزارشتی شەقام لە دونیای هاتووچۆوە خوازراوە و هاتۆتە نێو دونیای سیاسەت  بەم مانا تازە و پڕ بایەخەوە. بەڵام ئەشێ هۆکاری خواستنی ئەم ووشەیە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە هەر وەک چۆن هەمووان بەسەر شەقامدا تێدەپەڕین ئاوهاش چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا بە شەقامی سیاسەتدا تێدەپەڕن و بە کەم و کوڕی و چاڵ و چۆڵەکانی کاریگەر و تووڕە دەبن و بە جوانییەکانیش سەرسام!!  جا نابێ ئەوەش لە یاد بکەین کە شەقام هەر شەقامە و تاکە جیاوازییان ئەوەیە کە شەقامی سیاسەت و ژیان بوونێکی مادی وەکو شەقامەکەی هاتووچۆی نەبێت، بەڵکو ئەمیان وەهمییە و گوزارشت لە هەموو دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکانی کۆمەڵگا دەکات، هەر بۆیە ئەو گرنگییەی لە لایەن هەمووانەوە پێدەدرێت.

هەر بە وێنەی دەسەڵاتێکی نموونەیی و پەیامدار کە بۆ هەر هەنگاو و هەر بڕیارێک، پرسیارێکی جەوهەری لە خۆی ئەکات...! ئاخۆ ئەمە چ کاریگەرییەکی خراپ یان باشی بۆ سەر شەقام ئەبێت؟ ئاخۆ شەقام بەمە ڕازییە یا نا؟ ئەکرێ بەر لەوەی بڕیار بدەین پرسێکیش بە شەقام خۆی بکەین؟  بە کورتی و کوردی ووشەی شەقام لەم بەکارهێنانە تازەیەیدا زیاتر لە شەقامەکەی هاتووچۆ لە لایەن خەڵک و ڕۆژنامەنووس و چالاکوان و سیاسییەکانیەوە بەکاردەهێنرێت. ئاشکراشە کەس هێندەی دەسەڵاتی نموونەیی ملکەچی شەقام نیە و کەسیش هێندەی دەسەڵاتی گەندەڵ و دیکتاتۆر شەیدای ملکەچکردنی شەقام نیە بۆ خۆی. ڕەنگە دەسەڵاتی گەندەڵ و بێ پەیام بتوانێت بەشێکی کەمی شەقام بە پارە و دەستکەوت بکڕێت و بیکات بە سەربازی پێشەوەی سەر تەختە شەتڕەنج بۆ بە کوشتدانیان لە پێناو پاراستنی خۆی. بەڵام دەسەڵاتی نموونەیی هەمیشە لە هەوڵی گرتکردنەوەی تەواوی شەقام یان زۆرینەی شەقامە لە دەوری خۆی، ئەویش بە فەراهەم کردنی ژیانێکی شایستە و پڕ لە دادپەروەری بۆ هەمووان و دەسەڵاتی نموونەیی خۆی سەربازی ریزی پێشەوەیە بۆ پاراستنی هەمووان و خۆی قوربانیی و سووتەمەنییە نەک شەقام. 

ئێستا ئەگەر لە ڕوانگەی ئەو وێنە گشتییەی سەرەوە لە دونیای سیاسەتی خۆمان بڕوانین دەبینین کە سەرەنجام کورد خاوەنی دەسەڵاتێکە کە لە سەد کەسێک تێناپەڕن و بە گەندەڵی و ناشەفافییەت لێشاوێکیان لە سەربازی ریزی پێشەوەی پاراستنی خۆیان و مووچەخۆری بندیواریش بۆ ڕۆژی دەنگدان لە دەوری خۆیان کۆکردۆتەوە، ئەمانە لە لایەک. لە لایەکەی دیکەش زۆرینەی هەرە زۆری چینی مامناوەند و هەژار و چالاکوان و رۆشنبیر و نووسەر و ڕۆژنامەنووس و زۆرێکی دیکەش لە بەرەی شەقامەکەی جەماوەرن و لە پێناو مانەوەی دەسەلات و دار و دەستەکەیان، ژیانی ڕۆژانەی شەقامی کوردی هەر وەک شەقامەکەی هاتووچۆ پڕ پڕن لە تاسە و چاڵ و چۆڵی و بۆ هەر تاسەیەک دەسەڵات بە تابلۆیەک بە لادانی کاتی خەڵکەکەی ڕازی کردووە و داوای ئارامییان لێ دەکات وەک هەمیشە. کاتێ قسە دێتە سەر گەندەڵییەکانی نەوت و داهات و بڕینی مووچە و نادادی و ناسەروەری یاسا و خزم خزمێنە و بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان و گرتن و بێسەروشوێن کردنی رۆژنامەنووسان و ئازادی خوازان و زۆری دیکەش... بەلادانێکی کاتی چەندین ساڵە شەقامیان بەوە ڕازی کردووە، کاتێ دەڵێن ئێمەش ئەزانین گەندەڵی هەیە، ئارام بگرن بنەبڕی ئەکەین. بەڵام نە ئەم چاڵانەیان پڕ کردەوە و نەلادانەکانیشیان کاتی بوو و شەقامیش هەر پەنگ ئەخواتەوە!! کاتێکیش دێینە سەر خزمەتگوزاری تەندروستی و کۆمەڵایەتی و کێشەی کەمی نەوت و غاز و ئاو و کارەبا ئەوا دیسان ساڵەهایە ئەم چاڵ و چۆڵییانەش بە لادانێکی کاتی خەڵکی شەقامیان بەوە ڕازی کردووە کە هەموو کێشەکان کاتین و لە داهاتوودا چاک دەبن، بەڵام نە تاسەکان پڕکرانەوە و نە لادانەکەش کاتی بوو و خەڵکیش هەر لە پەنگ خواردنەوەی زیاترە.

ماوەتەوە بڵێین دەمێکە شەقام گوێی  لە خشپەی پێی دەسەڵاتە و هەنگاوەکانی بۆ ئەژمێرێ و هەمووان بەڵێن و خەونە ترش و شیرینەکانی دەسەڵاتیان  لە یادە کە دەسەڵات بۆ خەڵکی ئەبینی و خەڵکیش لە جێی خەون و نە بەڵێن تەنها درۆ و نەهامەتی یان بینی. هیچ کاتێکیش شەقام لە دەسەڵات نەترساوە بەو ئەندازەیەی کە دەسەڵات سڵی لەو کردۆتەوە. هەر شەقامیشە بە ڕەخنەکانی هەوڵی داوە دەسەڵات ڕاست بکاتەوە و ڕێگەی بۆ ڕووناک بکاتەوە، بەڵام  دەسەڵات هەر لە  هەوڵی کپ کردنی شەقامە بەهەر ڕێگەیەک بێت و هەر خەریکی چەواشەکردن و بە لاڕێ  بردنێتی. دەسەڵاتی وەها گەندەڵ و نارێک  کە هەمیشە لە هەوڵدایە ڕێگەی لابەلا و ناڕێک و نەشاز لە ڕاستەڕێ شەقامی سیاسی بکاتەوە.

 سەردەمێکی دوور و درێژە دەسەڵاتی کوردی گوێ بە هاواری شەقام نادات و چاوی لە کەم و کورتی و نادادپەروەری پۆشیوە و لە جێی ڕازی کردنی شەقام و ئاشتبوونەوە لەگەڵێدا، جارێ زەبروزەنگ و جارێ چەواشەکاری بەکارهێناوە. باوەڕ ناکەم شەقام فرسەت  دەرفەتدانی زیاتر بە دەسەڵات پێمابێت. دەسەڵاتێک بە سەدان گەندەڵی و بێباکی و کەتن و تاوان شەقامی ناچار بە سەدان لادانی کاتی  و سەبر کردووە، ئەبێت بزانێت کە نە شەقام سەبری ئەیوبی هەیە و نە دەسەڵاتیش وا بزانێ عومری نوح ئەکات. رۆژێک دادێت لە جێگەیەکەوە شەقام هەوڵی هەناسە بدات، کەفوکوڵی لە کونجێکەوە لیک بکات. ئەو کاتە دەزانین کە دەسەڵات  بە زەبر و زەنگ هەرگیز ناتوانێ ڕێ بە هێزی شەقام و بەرگەی لافاوی وەها بگرێ ڕاینەماڵێت. گەر دەسەڵات بە ئاگا نەیەت،  ئەبێت بزانێت بەخشندەیی و بێدەنگی شەقامی سیاسی لە ڕازی بوونەوە نیە بەڵکو لە ترسی وەها تەقینەوەیەکە کە تەڕ و وشک بە یەکەوە بسووتێنێ. 
 

 

23/04/2020



وتارەکانی تری نوسەر