دەبا هەر جاش بین جاش!!

دلێر محەمەد

کێ بیری نەماوە بیری بخەنەوە، کە مامۆستا و فەرمانبەری دوای ڕاپەڕین، بە بێ ئەوەی کەس تەکلیفی کوردایەتی لێ کردبێت، چاکەتی بەری خۆی فرۆشت و وەکو دەستگێڕ جگەرەی تاکی بە قوتابی خۆی فرۆشت. لە گرانیی دوای ڕاپەڕینیش گۆشت فرۆشەکانی نێو بازاڕ وەکو توانجێک هاواریان دەکرد کیلۆی ئێسقان بە هەرزان بۆ مامۆستا. هەر لە ژێر دروشمێک کە مامۆستا و فەرمانبەران خۆیان داهێنەری بوون وبە بێ ئەوەی حزب تەلقینی پێ کردبن و دەیانووت (سەر دانانەوێنین بۆ مووچە) بە بێ مووچە لە خۆشەویستی سەرکردەی خاکیی و پێشمەرگەی برسیی، پێ بە پاتەی لاستیکەوە، هەموو ڕۆژێک بە بێ ئەوەی چرکەیەکیش لە قوتابی و هاوڵاتیان دوابکەون،  نە ئەرک و نە فەرمانی سەرشانیان  بەجێ نەهێشت،  نە ڕۆژێکیش داوای قروشێکیان لە حکومەتی باوک کرد و باوەشی دایکی نشتیمانیشیان بە هەناسەی سارد گەرم ئەکردەوە و وێنەی شەهید کانی شۆرشیشیان بە دیواری داڵان و ماڵانەوە، تین و تاوی دەدایە بیر و هۆش و جۆش و خرۆشی مامۆستایان و فەرمانبەران بۆ کارەکانیان. هەموو ئەمانە بۆ ئەوەی حکومەتی ساوا سەر پێ بکەوێ و سەر بۆ بێگانە و دوژمنیش دانەنەوێنێت.

 

چی لەوە ناخۆشترە لە بری گیرفانی خۆت، دەست بکەی بە گیرفانی بێگانەدا و لە جیاتی باوکی خۆت دەست لە باوکێکی کە پان بکەیتەوە و لە باوەشی دایکی نشتیمانەوە بۆ گەرمی لە باوەشی دایکێکی بێگانەدا بگەڕێی؟ دواجار چی بکەیت، کاتێ حکومەتی باوک نابەرپرس بێت و دەستێکی لە هەناوی خاک و دەستێکیشی لە گیرفانی تۆ بێت و دایکێکیش لێوی بە بار و باوەشی تەزیو بێت وەکو هەناسەی سارد؟ تۆی مامۆستا یان فەرمانبەریش بە کۆشێک مناڵەوە کە زیتەی چاویان لە قەپات و بندیوار و سەردیواری حزب و حکومەت بێت؟ لە مەزاتخانەی چ سیاسەتێک ئەم سەودایە بازاڕی وەها گەرمە؟ تۆ برسی دەستی تێرێک بیت وکوشتەی دەستی بکوژێک بیت و هێشتا ئەویش بە تۆ بڵێت هەی بێگانە پەرست، هەی خائین، هەی جاش، چۆن منی دەسەڵاتداری تێر و پۆشتەی باوکی خۆت ئەگۆڕیتەوە بە باوکە بەغدای بێگانە.

 

لە کاتێکدا سەرۆک و دەسەڵات و سەرکردە و حزب هەمیشە تەباخیان بە گڕ بێت و ماڵ و مناڵیان لە ستاندارکەی دوای تەندەر و دوای تاڵانی و دوای دەرهێنانی نەوت و غاز بۆ چرکەیەکیش کەم و کورتی نەهێنا بێت. منیش، منی مووچەخۆر لە بەر هاواری مناڵی بێ ناز و برسی و لە حەسرەتی گیرفانی بەتاڵ و سەلاجەی بەتاڵ و تەباخی بێ گڕ، داوای مووچە لە هەمان شوێن بکەم کە دەسەڵات خۆی کەوتووە بە سەر ناز و نیعمەتیدا، ببم بە جاش دە با هەر جاش بم جاش.


02/07/2020



وتارەکانی تری نوسەر