بیانووی گومرک دۆشاوە

دلێر محەمەد


ببورن توخوا ئەو ناونیشانە زەلەیەک بوو لە دەمم دەرچوو، بەڵام لە بەر ئەوەی گونجاوە بە بەری ئاریشەکەی ئێستامان نایکوژێنمەوە. خۆی کورد ووتەنی (بیانووی تڕ نانی جۆیە)،  واتا تۆ بێیت و بیانووی پڕوپووچ بهێنیتەوە بۆ کردارێک. کابرا لە هەر مەجلیسێکدا دانیشتایە بای دەنگداری لێ بەر دەبووەوە، جا بەوە خۆی دەپەڕاندەوە کە خەتای ئەم نیە، نانی جۆی زۆر خواردووە، کە باوبوژەڵە دروست ئەکات.


بە هەر حاڵێک بێت، منیش وەکو زۆربەی ئەهلی فیس بووک وام دەزانی وەزیری کشتوکاڵ لە خۆوە ئەڵێت تەماتەی کوردی بە کەڵکی دۆشاو نایەت، یەک دونیا دایک و نەنەی لە خۆی عاجزکرد، هەتا ئەو کاتەی هاوڕێیەکی فیس بووک کە دکتۆرای لە کشتوکاڵی هەیە ئەمەی زانستیانە لە پۆستێکدا پشتڕاستکردەوە. هەرچەندە ئەم دکتۆرە زۆربەی پۆستەکانیشی دژ بە حکومەتە بەڵام لەمەیاندا تائییدی وەزیری کردبوو. لێرەشەوە دەردەکەوێت کە دکتۆر ڕاست ئەکات و وەزیریش لەم بەشەی تەماتەدا ڕاست دەکات کە بۆ دۆشاو نابێت، بەڵام وەزیر ڕوونی نەکردەوە کە ئاخۆ تەماتە کوردییەکە بۆ زەڵاتە و شلە دەبێت یان نا؟ 


باشە گریمان بۆ دۆشاو نابێت، بەڵام بەڕێز کوا کورد خەریک دۆشاوگرتنن لە تەماتە تا تۆ تەماتەی دۆشاویان بۆ هاوردە بکەیت؟ مەگەر ئەوەی ئەمڕۆ تەماتە ئەکرێت لە بازاڕدا هەر بۆ زەڵاتە و شلە دروستکردنی نیە؟ جا نەکەی بڵێی بۆ زەڵاتەش نابێت، ئەوساکە ئەو برادەرە مەستەی چەق چەق پیس توڕە ئەبێت، چونکە دوێنێ هەندێ پۆستی فیس بووکم بۆ خوێندەوە، سوێندی خوارد کە تەماتەیەکی گرنج گرنجی مزری کوردی لە گەڵ خەیارێکی ئەو چەمە بجنم و پڕووشێک خوێ ی زبری مەملەحەی بکەم بە سەردا، ئاوی لیمۆشی ناوێت و تا ئێوارێ یەک قاپ ئۆزۆی پێوە ئەکەم بەو دیوا. 


ڕاستی کێشەی ئەم وەزیرە و ئەوانی دیکە و دەوڵتمەداری ئێستامان دۆشاوی تەماتە نیە!! بەڵکو کێشەی ئەوان گومرک و زیادکردنی داهاتە بۆ حکومەتەکەیان. دەنا دۆشاوی تەماتە بیانووە بۆ ئەوەی دەست لە گومرک هەڵنەگرن.


 خۆ ئەگەر تۆ بێیت لە وەرزی تەماتە هاوردەی تەماتە و لە وەرزی فەریکە نۆک نۆک و ...هتد قەدەغە بکەی ئەی حکومەت چۆن کاسبی بکات. ئەم حکومەتە گومرکی خستۆتە سەر توێکڵی (تس) یش. ببورن دیسان ئەو ڕستەیەی کۆتایی هی من نەبوو، بەڵکو هی هاوڕێیەکی سنعاتکاری ناو بازاڕم بوو، کاتێ لێم پرسی ئەوە ئێستا خەریکی چیت؟ لە وەڵامدا ووتی فافۆن و پلاستیکی ئامێری کارەبایی چینی ئەتوێنمەوە و بە قاڵبی ئەیفرۆشم. منیش ووتم بۆ ناچی کاسبییەکی باشتر بکەیت لەوە؟ ووتی دەست ئەدەیتە هەرچییەک ئەم حکومەتە ڕسوای ئەکات و بەرانبەر بە مشتێک پارەی گومرک هاوردەی ئەکات. جا ووتم کاکە گومرک شتێکی خراپ نیە، ئەی دواجار حکومەت لە خەڵکەکەی سەرف ناکاتەوە؟ ووتی ئەوە تۆ ئەڵێی چی حکومەت گومرکی بەهەقی خۆی و حزبەکانی دەسەڵاتدار ئەزانێت، تەنها مووچە بە هەقی خەڵکی ئەزا ....مووچههههه توخوا ئەگەر قسەم پێ بکەیت لەوە زیاتر و وازم لێ بێنێ خەریکی توانەوە بم. ووتم باشە بە سەرچاو بەڵام من ئەترسم شوێنێکی خۆت بسووتێنی بەم فیعلە. ووتی چش بەس نیە کاسبییەکەم حەڵاڵە، دوای ئەوە لە خزمەتی ژینگەشدایە!! ووتم ژینگە، چۆن چۆنی؟ ووتی ئاخر ئەو ئامێرانەی هاوردە ئەکرێت زۆربەی چینییە و بێ کەڵکە و پاش گومرک و هەقی کڕینەکەی تێک ئەچن و ئەگەر ئێمەش نەیانتوێنینەوە، کوردستان ئەبێت لە زبڵدانێکی گەورە بۆ چین. ئەها ئێستا تێگەیشتم خوات لە گەڵ بەڵام ئێستا چی لە کێشەی تەماتەکە بکەین. 


هەر بۆیە پێشنیارێکم هەیە بۆ وەزیری کشتوکاڵ بەڵکو قسەیەک لە گەڵ دەوڵەتمەداری ئێستامان بکات کە وەک چۆن لە سەردەمی دەوڵەتمەداری پێشوو فیستیڤاڵی ڕەنگەکان داهات، ئەمر بفەرمێت بە دیاری کردنی ڕۆژێک بۆ فیستیڤاڵی تەماتەی کوردی لە وەرزی تەماتەدا و تا لە ڕۆژێکدا هەموو تەماتەی جوتیاران ساغبێتەوە. من گەرەنتی ئەوەشت ئەکەم کە تەماتەی کوردی لەو ڕۆژەدا لە بازاڕدا نامێنێ و خەڵکی هەمووی ئەکڕن بەو مەرجەی ستافی حکومەت و پارلەمان بەشداری فیستیڤاڵەکە بکەن، جا بزانە لە ئیسپانیاشەوە خەڵکی نایەن بۆ تەماشا!؟
 

09/07/2020



وتارەکانی تری نوسەر