دووڕێیان یان ڕێی بن بەست؟

دلێر محەمەد

دخول الحمام مش زي خروجە!

 

بە ناونیشانە نەهاتووم جۆری ئەو ڕێگایانە شی بکەمەوە کە لە سیستەمی هاتوچۆدا هەن، بەڵکو هاتووم بە دەسەڵاتی کوردی بڵێم ڕەوڕەوەی پێشڕەفتنی کوردستان کەوتۆتە سەر کام جۆر لە ڕێگە یان ئاخۆ هەر لە جوڵە کەوتووە؟ وە هاتوم لە کۆتایی ئەم وتارەشدا چیرۆکی ئەو پەندە میسرییەش شیبکەمەوە.

 

ئاشکرایە گەر بە ئۆتومبیل یان هەر هۆکارێکی دیکەی هاتوچۆ لە کۆتایی ڕێگەدا کەوتیتە سەر دوو ڕێگە ئەوا هەر نەبێت تۆ هەڵبژاردنت هەیە لەوەی یەکێکیان بگریتە بەر و لە جوڵەی تەواوەتی نەکەویت، بەڵام ئەگەر کەوتیتە ڕێگەی بن بەست واتا ئەو ڕێگەیەکی ئەو سەری داخراوە و دەرناچێت، ئەوا تۆ بە ناچاری لە جوڵە ئەکەویت.

 

٢٩ ساڵە کورد خۆی فەرمانڕەوایی خۆی ئەکات. بە درێژایی ئەم ٢٩ ساڵە چەند ساڵێکی کەم نەبێت (کە بە بڕیاری دەستە جەمعی و هاوبەش فەرمانڕەواییان کردووە)، دەنا  زۆربەی هەرە زۆری مێژووەکەی دابەش بووە بە سەر دوو دەسەڵاتی دژ بە یەکی نەرێنی (لە شەری خوێناوی بووە لە گەڵ یەکتردا) یان دژبە یەکی ئەرێنی (هەمیشە لە ململانێی نا پەسەند و نا شەریفانە بوون دژ بە یەک). ئەم دوو دەسەڵاتە زۆریان هەوراز و نشێو و بەرزی و نزمی بە خۆیانەوە دیوە و هەر کەس لە زۆنی خۆی. لەم هەڵکشان و داشکانەشیاندا هەمیشە کەوتوونەتە سەر دووڕێیانێک کە دواجار بە شێوەیەک لە شێوەکان دەرچەیەک یان ڕێگەیەکیان هەبووە بۆ هەڵبژاردن جا ڕێگەکە شەریفانە، ڕاست، پەسەند بووبێت یان نا شەریفانە، چەوت، ناپەسەند بووبێت. ئەم هاوکێشەیەی کۆتایی درێژەی کێشا هەتا ئەو کاتەی یەکێتی بوو بە ژمارە ٢ و پارتی بوو بە ژمارە ١، یان باشتر بڵێم پارتی بوو بە برا گەورە و یەکێتی بوو بە برا بچوک. 

 

لە سەردەمی بوون بە براگەورەیی پارتیدا، پارتی لە جیاتی یەکێتیش هەنگاوێکی نا بە ناوی ئابوری سەربەخۆ و کەوتە وەبەرهێنان لە سێکتەری نەوت و گازی سروشتی بە سەربەخۆیی دوور لە عێراق بە لاسایی کردنەوەی دەوڵەتانی کەنداو بۆ بوون بە وڵاتی رەیعی و خەوبینین بە گۆڕینی سیستەمەکە بە سیستمێکی پادشایەتی و کارکردن بۆ دروستکردنی وڵاتی یەک بنەماڵە و یەک دەسەڵات و یەک پادشای میراتگەری خێزانی. لێرەدا هەڵەی یەکەمی یەکێتی سەرەتا دەم چەورکردنی بوو بە وەرگرتنی کورسی سەرۆکایەتی عێراق و بەردەوامی وەرگرتنی ئەو کورسییە و بەجێهێشتنی بڕیار بۆ برا گەورە. تا پێشڕەوی ڕەوڕەوەکە کەوتە سەر ڕێگایەکی بن بەست بە هۆکاری گەندەڵی و نەزانی مامەڵە کردن بە نەوت و دەست خستنە دەستی سەرسەختترین دوژمنی کورد کە تورکە و هەڵگرتنی هەموو هێلکەکان لە سەبەتەی تورک کە ئامادە نەبوو یەک هێلکەش بۆ هەرێم هەڵبهێنێت. هەڵەی دووهەمی یەکێتیش لە جێهێشتنی بڕیار بۆ براگەورە، دەم چەورکردنی بوو بە بەشە پارەی نەوت و شیرینی نەوت. دواجار نەزانی و بێ سەلیقەیی پارتیش لە مەسەلەی وەبەرهێنانی لە نەوتدا ڕەوڕەوەی پێشڕەفتنی کوردستانی خستە سەر ڕێگەیەک کە لەو سەرەوە کۆتایییەکەی بەستراو و بێ دەرچە بوو.

 

لێرەدا باشترین دەرفەت بۆ پارتی ئەوە بوو بگەڕێتە دواوە چونکە دواجار ئەم ڕێگەیە لەم کاتەدا بەستراوە و ڕێگەی پێ نەدەدرا زیاتر بڕوات. بەڵام پارتی لە بری گەڕانەوەیەکی کورت مەودا بۆ دواوە بە فرسەتهێنان لە شەڕی داعش و شکانە یەک لە دوا یەکەکانی عێراق و سەرقاڵی تەواوی عێراق بە شەڕی تیرۆرەوە، پارتی کەوتە کۆنتڕۆڵ کردنی نەوتی کەرکوکیش و دەستەمۆکردنی پارێزگارە یەکێتییەکەی کەرکووک و بە بێ هیچ گەڕانەوەیەکی بۆ بەغدا لرفی لە نەوتی کەرکوکیش دا تا بیکا بە هانای زیانەکانی وەبەرهێنانی نەوتەکەی ژێر دەسەڵاتی خۆی، بەڵام ڕێگەکان وەها بەسترابوون و کۆمپانیا بیانییەکان و تورکیاش گرەوەکەیان بە جۆرێ لە پارتی بردبووەوە لە بری قازانج زەرەریشمان کرد و قەرزاریش بووین و مووچە و قوتی مسۆگەری مووچەخۆرانیشمان بە بڕین دا.  سەرەڕای ئەوانە پارتی لە بری گەڕانەوە بۆ دواوە توندتر لە بەربەست و رێگرییەکانی سەر ڕێگەکەی دا، بەو نیازەی بگاتە ئەو دیوی بەربەستەکان و بە عەقڵیەتی سەپاندنی دیفاکتۆ بۆ ڕزگاربوون لە قەرز و کێشەی کەڵەکەبوو و دامرکانەوەی توڕەیی شەقام ئەویش بە هێنانە پێشەوەی کەیسی ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی و هەر نەبێت بیکات بە وەرەقەی فشار بە سەربەغداوە، تا لەم ڕێگایەوە بە وەرگرتنی کەرکوک ناوبانگی دۆڕاوی لە نێو کۆمەڵانی خەڵک بۆ بگەڕێتەوە. بەڵام هیچ کام لەم دەرفەتانەش وەها خۆیان نیشانی پارتی نەدا. پارتی نە بەربەستەکانی بۆ بڕا و نە دیفاکتۆشی بۆ دروست کرا و نە بەغدا و ئەمریکا و نە تورکیاش یەک هەنگاو پێشڕەفتنیان لێ قبوڵ کرد. 

 

ئێستا پارتی بە خۆی و ڕەوڕەوەی شکاوەوە لە ڕێگەیەکی بن بەستدایە کە بۆ پێشەوە دەرچوونی نیە و گەڕانەوەش بۆ دواوە تەنها پەندێکی میسری بە ناوبانگم بیر دەخاتەوە کە دەڵێت( دخول الحمام مش زي خروجە) چیرۆکی پشتی ئەم پەندەش دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی عوسمانییەکان کاتی لە وڵاتی میسردا گەرماوە گشتییەکانیان دامەزراند، یەکێک لەو گەرماوانە لافیتەیەک هەڵئەواسێت کە لەسەری نووسراوە خۆشوشتن بە خۆڕاییە!! بۆیە بە لێشاو خەڵکی ڕووی تێ ئەکەن، کاتێ ئەیانەوێت بێنە دەرەوە جلەکانیان لێ دەشاردنەوە تا پارەی خۆشۆردنەکەیان بە زیادەوە نەدایە بۆیان نەبوو دەربچن. هەر لێرەشەوە خەڵکەکە ئەم پەندەیان داهێنا کە چوونە ژوورەوەی گەرماو وەک هاتنە دەرەوەی نیە.

 

دەسەڵاتی کوردیش کارێکی بە خۆی کردووە کە لە گەرماوی بەغدادا بە  ڕووتی ماونەتەوە و بۆ گەڕانەوەیان دەبێت  هەرچیان لە گیرفانە دایبنێن یان بە ڕووتی بگەڕێنەوە.


14/08/2020



وتارەکانی تری نوسەر