بۆ دەنگەکان یەک ئەگرن، نەک بۆ کەرکوک

دلێر محەمەد

لە ١٦ی ئۆکتۆبەر بە دواوە من لای خۆمەوە ناوی ناوچەدابڕێنراوەکانم گۆڕی بۆ ناوچە فرۆشراوەکان. بەو پێیەی زۆرترین کەس و کار و بەشێک لە هاوڕێی گەنجی و مناڵیم کەرکوکین و ڕۆژانە گوێم لە دەرد و خەمەکانیانە و بە جۆرێک ژیان لە کەرکوک و ناوچەفرۆشراوەکان دابەشی دوو سەردەمی جیاواز بوون، سەردەمی پێش ١٦ ئۆکتۆبەر و سەردەمی دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر. وە نەبێ برایانی پارتی زۆر دڵ خۆش بکەم بەم ١٦ ئۆکتۆبەر و شانی ئەوان لەو کەتنە بتەکێنم، چونکە لای من فرۆشتنی کەرکوک لە رێکەوتنی کورد و عێراق و ئەمریکا لە سەر لێدانی داعشەوە دەست پێ دەکات. ئەو دەمەی پارتی و یەکێتی پێکەوە پێشەکی فرۆشتنەکەیان وەرگرت بە چەک و بە پارە و دانیان بەوەدا نا کە دوای داعش ئەگەڕێنەوە دوێنی جارانی خۆیان.

 

تەواوی دیمەنەکەش بەم جۆرە بوو کەرکوک و ناوچەکانی دیکە لە پێش لێدانی داعشەوە فرۆشرا بوو. ئەوەی ڕووی دا پارتی لە ١٢ ئۆکتۆبەر لە پای ئیفلاس بوونی سیاسی و ئابوری تەواوەتی حکومەتەکەی لە بەڵێنی فرۆشتنەکە پاشگەزبووەوە و ویستی بە سەپاندنی دیفاکتۆ کورد لە شوێنەکانی خۆیان بهێڵێتەوە لە ژێر ئاگربارانی شەڕێکی نوێدا، تا خودی بارزانی لە سەر ئێسک و پروسکی پێشمەرگەی یەکێتی وەکو پاڵەوانی نەتەوەیی دەربکەوێت بەڵام یەکێتی لە ١٦ ئۆکتۆبەر پەیماننامەی جێ بە جێ کرد و بۆ عێراق  کشایەوە، جا سەیر ئەوەشە کە وە نەبێت لێرەدا پارتیش نەکشابێتەوە، حکومەت هێزی هێنایە کەرکوک پارتی لە شنگال کشایەوە. کەوابێ لە نێوان پارتی و یەکێتی دا لە مەسەلەی ناوچەفرۆشراوەکان فریشتە و شەیتان نیە لە دیدی کەرکوکییەکاندا، بەڵام لە دیدی بەغدا جیاوازە.

 

ئەو ناوچانەی هەر وەک سنورە وەهمییەکەی نێو چوار پارچەکەی کوردستان، حکومەتی بەعسیش بە تەعریب و تەبعیس و تەرحیل سنوری بۆ کێشاو و لە ناوچەی حوکمی زاتی جیای کردەوە، هەمیشە و لە هەموو شۆڕش و  بانگەشەکانی یەکێتی و پارتیدا لە دڵ و قودس کەمتری پێنەوتراوە، هەمیشە وەکو ناوچەی دابڕێنراو و داگیرکراو و دەستکاری کراو تەماشا کراوە، کەچی بە هەموو عەقڵی سیاسی کوردەوە چوون لە سەرووبەندی دانانی دەستوری عێراقدا کردیان بە ناوچەی کێشە لە سەر وەک ئەوەی جارێ بۆ کورد مەعلوم نەبێت موڵکی خۆیەتی یاخود نا؟! 

 

بەمەش یەکەم هەنگاوی فرۆشتنەکە دەستی پێکرد، دووەم هەنگاویش فرۆشتنە گەورەکە بوو کە بە موجازەفە سیاسیەکانی بارزانی لە  ڕێفراندۆم  تا ١٦ ئۆکتۆبەر کلیلی دەروازەکانی کەرکوکیان ڕادەستی ئەرکان جبوری کرد.

 

کابرایەکی خۆشنووس کە زۆر خەریکی دروشم نووسین ئەبێت بۆ حزبەکان ووتی ڕەنگە باشترین دروشمێک کە ڕەواجی هەبێت ئێستا بۆ کەرکوک ئەوەیە (کەرکوک لە دڵ و قودسەوە بۆ ژێر دەستی ئەرکان جبوری).  

 

ئێستا کەرکووکیەکان لێتان ئەپرسن بە بێ جیاوازی، ئەوە دەمەی هێزی یاسای یی و دەستوری گەورەمان بە دەنگەکانمان پێ بەخشین جگە لە مادەی ١٤٠ ی فەرامۆش کراو چیتان بە پاداشت داینەوە؟

 

ئەو دەمەی لە کەرکووک سنگی فراوانمان بۆ کردنەوە زۆرجار مافی تورکمان و عەرەبە ڕەسەنەکەشمان پێشێل ئەکرد لە بەر خاتری ئێوە لە بری یەکگرتن و یەکبوون، لە ململانێ و دابەشکردنی دوژمن و ناحەز بە سەر خۆتاندا و لە زیادەڕۆیی و داگیرکاری زەوی و کاری نایاسایی و دابەشبوون بە سەر دوو هێز و دوو ئاسایش و دوو بنکەی بڕیاردان و دۆشینی سامانی کەرکوک بۆ حزب نەک بۆ کەرکوکییەکان، لەمانە زیاتر چیتان بۆ کەرکوکییەکان کرد؟!

 

ئەوەی بە سەر کەرکوکدا هێناتان و ئەو یارییەی بە چارەنووسی کەرکوک و کەرکوکییەکاندا کرتان هەر لە ڕیفراندۆمەوە تا ١٦ی ئۆکتۆبەر، بە سەر سلێمانی یان هەولێر بهاتایە چیتان لە دەست بهاتایە بۆ تەسلیم نەکردنەوەی نەتاندەکرد؟ ئێوە سەلمانتان کەرکوک شارێکە بۆ فرۆشتن، بۆ بەجێهێشتن لە سەر هەموو مێزێکی دانووساندا، لە هەموو گەڕێکی شەڕدا، ئەوەی مەبەستە لە کەرکوک دەنگی کوردەکەی و سامانی ژێر زەوییەکەیەتی نەک سنور و خاکەکەی!

 

ئەو دەمەی کە دەکرا یەکبگرن بۆ کەرکوک ئەو دەمە بوو کە هێشتا ئەرکان جبوری پێنووسی نەخستبووە سەر کاغەز و جێی خۆی گەرم نەکردبوو، بە یەک کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگاری کەرکوک ئەرکان ئەکرا بە ئازاد یان نەوزاد بۆ یەکتان نەگرت بۆچ نەتانکرد؟

 

ئێستاش لە بەر پۆست و بەشە پارەی بەغدا پێویستتان بە دەنگی کەرکوکییەکانە! ئەگەر چی گەشبین نیم لەوەی دەنگی جارانی کەرکوکییەکانتان لە گەڵ بێت، بەڵام ئاوات ناخوازم هەموو کەرکوکییەکان وەک ئەو داپیرە کەرکوکییە سوێندیان لێ خواردبن کە ئەیووت:- 

 

گەر جارێکی تر دەنگم دایەوە بە کورد لە کەرکووک...مەگەر بە مەردی لە سەرم نەڕوا بێ تووک.


04/09/2020



وتارەکانی تری نوسەر