بیرتە جەنابی سەرۆک؟
دلێر محەمەد
خۆزگە هەر سەرکردە و سیاسییەک کاتێ لێدوانیان ئەدا، بیریان ئەخستەوە کە ئیتر سەردەم سەردەمی تەکنەلۆژیای دەنگ و ڕەنگە و هیچ شتێکی ئێستا لە سەردەمی شاخ ناچێت تا کاغەز و بەڵگەکان بسووتێنی و قسە بگۆری و ڕاستی بشێوینی، کە بە سەدد بیرەوەری نووسین نەگەینە ئەنجامی ئەوەی کێ چی وتووە. ئێستا جگە لە یوتوب و فیس بووک و ئەوانی تر، لە هەوا و لە نێو پەڵە هەورەکەی دونیای ئینتەرنێتیشدا دەنگ و ڕەنگت هەڵگیراوە، بەڵام سەرۆک کاتێ لێدوانەکانی جەنابتان و کوڕ و برازای پێش ڕێفراندۆم و دوای ڕێفراندۆم دەبینم تووشی شۆک ئەبم، من ناڵێم خوا نەخواستە ئێوە خاوەن قسەی خۆتان نین، یاخود میللەت بە گێل ئەزانن، نەخێر بەڵام ڕێگەم بدە هەندێ لەو وتانەت بیرخەمەوە و هەڵوێست و وتارەکانی دواتریش تا خۆت بڕیار لە دووفاقی و ١٨٠ پلە گۆڕانکاری هەڵوێستەکانی خۆتان بدەیت، کە بە کلیکێک لە سەر لابتۆبەکەت ئەیاندۆزیتەوە، بۆ نموونە...
ئەوە جەنابتان نەبوون بەر لە رێفراندۆم وتتان ((...لەوەتەی ڕێفراندۆم پەیدا بووە گەنجتر بوومەتەوە...)) بەڵام سەیر بکە دوای ریفراندۆم سەری میللەتێکت سپی کرد و باری خەمی رەنجی خەباتی ٨٠ساڵی بە باچووت لە میللەت بارکرد.
تۆ بەر ریفراندۆم ووتت((...ئێمە ناگەڕێینەوە بۆ ئەزموونێکی شکست خواردووە...)) پێم ناڵێی ئێستا لەم ئەزموونەتان شکست خواردووتر شک ئەبەن لە حوکمداری و لە گەڵ حکومەتی عێراقیشدا؟ کە دەستیان کردووە بە هەموو گیرفانەکانی هەرێم و کلیلی هەموو دەروازە و فرۆکەخانەکانیشیان لێ سەندوونەتەوە.
ئەوە تۆ نەبووی وتت ((...من ئەو کەسە نیم کە خۆم شەرمەزاری لا میللەتی خۆم بکەم...)) بەڵام دوای ڕیفراندۆم میللەتێکت شەرمەزاری دۆست و دوژمن کرد، دەست بە سنگەوە بۆ کازمی وەستای لە کاتێکدا داپیرە و باپیرە نەما زیارەتی دەستی ئەم ئیمام کازمە نەکەن لە دهۆکەوە تا سلێمانی، چوار ساڵ شەڕی شاردنەوەی داهاتی ئیبراهیم خەلیل و ئەوەندەش شەڕی بە نهێنی هێشتنەوەی داهاتی نەوتت لە گەڵ میللەت کرد و بەڵام ئەوەتا ئەبێت کازمی بەریتە ناو داتاکانی نەوت و ئیبراهیم خەلیل و هەموو شەرمەزارییە کانی نیشان بدەیت.
لە باسی دەوڵەتەکەش کە بڕیار بوو دروستی بکەیت ووتت ((...دەوڵەتێکی دیموکراسی رێک و پێک دروست ئەکەین ئەوسا خۆتان چۆنتان پێ خۆشە وا دایتاشن...)) جەنابی سەرۆک تۆ دەوڵەتت دروست نەکردووە و جارێ دوو شارت دابڕیوە لە کوردستان هەر کەسێ لەو سنورە شایەتمان بە پارتی و بارزانی نەهێنێ و قسەیەکی لە ڕەنگێکی کە بکات زیندان ئەکەی بە ماڵی، گەر دەوڵەتت دروست بکردایە ئەتهێشت وا بە ئاسانی ئێمە شێوەکەی داتاشین.
هەر تۆش بووی لە شوێنێکی دیکەشدا زانیارییەکی گرنگی نەبیستراوت درکاند کاتێ وتت ((...لە یەک شوێن نابینی شوێنێک ناوی کوردستان بێت...)) هەر لە درێژەکەشیدا باسی سنور جیاکردنەوەت کرد و وتت ((...پەرژینت نیە موعەرەزی با و باران و حەیواناتت بۆ بێت...)) من نەمزانی ئەو پەرژینەی بە نیاز بووی دروستی بکەیت لەوەی دێگەڵە و قوشتەپە ئەچوو یان جۆرێکی دیکە دەبوو کە لەوێوە ڕێگەت لە سکرتێری حزبی هاوپەیمان گرت، ڕێگەت لە سەرۆکی پارلەمان گرت و چەندین ڕێگری دیکەش واتا ئەوەی سەر بە خۆت نەبوو ئەبێت لەو دیو سنوری دەوڵەتەکەتەوە بێت، بەو پێیەش بێت بە پێوەری دەنگدانی تەزویریشەوە زیاتر لە سەددا شەستی میللەت ئەکرایە ئەودیو سنوری دەوڵەتە کوردییەکەوە.
جەنابی سەرۆک دوو سێ وتەی پچڕ پچڕی جەنابیشتان سەری هێنامەوە یەک کاتێ وتت ((...ئەگەر ئێمە عیبرەت لە ڕابردوو وەرنەگرین خوا بمانگرێ...)) سەرگەورە ئەپرسم عیبرەتت لە مەرحوومی باوکتان وەرگرتووە لە مەڕ ناکۆکی دوور و درێژی لە گەڵ باڵێکی حزبەکەی خۆی و دواتریش ململانێی جەلالی و مەلایی و ئەی عیبرەتان لە شەڕی ناوخۆی شاخ و شار و ٣١ی ئاب و هەزاران هەزار خوێن و قوربانی وەرگرت بوو بۆیە لە نەتیجەدا گەیشتنە بریاری ئەنجامدانی ئەم ریفراندۆمە کە هەتا ئێستاش کەس نازانێ پیلان بوو دژی خۆمان؟ موجازەفەیەکی سیاسی بوو؟ یان بەڕاستی نیەتی سەربەخۆیی لە پشت بوو؟
لێت ناشارمەوە کاتێ بینیمیت پەنجەی شایەتمانت بەرز کردەوە و وتت ((...هەندەک حساب بۆ کەس ناکەم...)) وتم ئەم وتەیەی سەرۆک تۆ بڵێی لە بۆشەوە هاتبێ، تۆ بڵێی سەرۆک لە ژێرەوە شتێکی نەبیستبێ، دەنا ئەوەتا دونیا هاتۆتە رجا و شێلگیرانە ڕووبەڕوویان ئەبێتەوە. بەڵام نەمزانی لە یەکەم هەنگاو هەموو ئەم هاش و هوشە فش ئەبێتەوە و لە جێی دەوڵەت (کوردستان/عێراق) دێنەوە سەر کاغەز و لە جێی دەستوری کۆماری کوردستان داوای جێ بە جێ کردنی خاڵەکانی دەستوری عێراق دەکەیت و زۆر دیمەنی دیکەی ئاوەژوو...
خۆزگە سەرۆک ئەو بەردە زلەت هەڵنەگرتایە کە جارێ ماسولکەی هاویژتنیمان پێ نەبوو، خۆزگە حسابیشت بۆ هەموو شتێک بکردایە نەک بێی هەموو تاوانی ئەم کەتنە و ئەم موجازەفەیە بخەیتە ئەستۆی کەسانێک کە تەمەنی هەرزەکارێکیان لە سیاسەتدا هەیە، چونکە ئەگەر رێسی تەشیرێس رێس بووایە بە گروپی ١٦ی ئۆکتۆبەر وەک خۆتان ئەڵێن نە دەبووەوە بە خوری. لە کۆتاییشدا سەرۆک تۆ وتت لە پێناو ئەم دەوڵەتە ((سەری خۆمی لە سەر دادەنێم)) هەر وەها وتیشت ((گەر سەری نەگرت بڵێن ئەم پیاوە سواری سەری خۆی بووە)) بەڵام دەبینین سەری خۆت لە سەر دانەنا و گەر بشڵێن ئەمە کارێکی باش نەبوو، سەرۆک هەڵەی کرد..پەلەی کرد برادەرانی دەوروبەرت زۆر خراپ دێن بە گژماندا، ریفراندۆم وا دوو لەتی کردووین هەر نەبێ لە جێی هاش و هوش دوو قسەی خێری تیا بکە و تا دەوڵەتێکی کە بە خوامان بسپێرە.
24/09/2020
وتارەکانی تری نوسەر