شەرم وشانازی لەنێوان هاوکاری ڕۆم و عەجەمدا!

دلێر محەمەد


هەمیشە وتوومە کە سەیری سیاسەتی ئەمڕۆی کورد ئەکەیت، هێندەی دیکە مێژووی میرنشینەکانت لە بەرچاو ئەکەوێت و کاتێ مێژووی ئەوانیش ئەخوێنیتەوە کە درێژبۆتەوە بۆ ئەمڕۆی سیاسەتی کوردی، لە بوونی خۆت تەریق ئەبیتەوە.


گەر بۆ جارێکیش چاویلکەی سیاسەت دابنێین و بە چاویلکەی لۆژیک لە هاوکارییەکانی دوژمنان بۆ حزبی کوردی بڕوانین. بۆ ئەوەی بزانین کامە هاوکاری مایەی شەرمە و کامەش مایەی شانازییە؟ لە گەڵ ئەوەشدا کە چاوەڕوان ناکرێت حزب و دەسەڵاتی کوردپەروەر بە هیوای ئەوە بێت پێویستی بە هاوکاری دوژمن بێت، بەڵام هەمیشە هەندێک هاوکاری هەیە مایەی شەرمە نیە و هەشە هەمیشە قێزەونە و مایەی سەرشۆڕییە. ئەدی با بزانین بۆچی دەسەڵات و حزبی کوردی شەرم و شانازی لێ تێکەڵ بووە؟ 


دیمەنی دوو هاوکاری سەربازی دوو دوژمنی کورد بۆ حزبێکی کوردی  لە نێوان شەرم و شانازیدا:-


دیمەنی یەکەم:- شەرم لە هاوکاری ئێران بۆ ئەکەی، گەر لە رزگارکردنی هەولێر لە کەوتن و ئازادکردنی مەخموور بەشدار بووبێ؟ هاوکارییەک دژ بە دوژمنێکی عەرەبی، ئیسلامی توندڕەو و دڕەندەی وەکو داعش کە بینیمان لە کەوتنی شەنگال چی کرد. گەر چارەنووسی هەوڵێریش وابووبا ئەوا بە دڵنیاییەوە کەمتری لە ئێزیدیان بە هەولێریان نەدەکرد! لە کاتێکدا کە داعش گەشتبووە دامێنی هەولێر، تەنها هەژار و بێ پێیەکانی تێدا مابووەوە و پێدار و پایەدارەکانی حزب و خواپێداوان شاریان چۆڵ کردبوو بۆ داعش. وە لە بەر ئەوەی کە داعش لە یەک کاتدا دوژمنی کورد و ئەمریکا و عێراق و ئێرانیش بوو جگە لە تورکیا نەبێت. ئەمە وای کردبوو کە هەر لە سەرەتای دامەزراندنێوە ئەمریکا و ئێرانی ناحەز بە یەکتریشی لە یەک بەرە کۆکردبووەوە. هەرچەندە ئەم هاوسەرگیریێەیان لە هاوسەرگیرییەکی کورتی بەرژەوەندیخوازی وەک ئەوەی سیغە ئەچوو. بۆیە بە تەنها تا نەمانی داعش و کوشتنی ئاغای سولیمانی شان بە شانی یەک شەڕی داعشیان کرد و بەردەوام بوو. وە کەسیشیان لەو ماوەیەدا شەرمیان لە هاوکاری ئەوی دی نەدەکرد. ئەو دەم هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ژوورێکدا لە گەڵ سەربازی عێراقی پلانی دادەڕشت و ئێرانیش لە ژوورەکەی ئەودیو لە گەڵ حەشدی شەعبی دادەنیشت. هەردوو هاوکاربوون دژ بە داعش. نە کەس ئەمەی بە نەنگی ئەزانی و هەر خۆشیان چاویان لە ئاستی یەکدی دادەخست. ئیدی لۆژیکی دوژمنی هاوەبەش بۆ ساڵانێک کۆی کردبوونەوە. ئەدی بۆچی ئێستا بە کورتە فیلمێکی چەند خولەکی وا سەغڵەت بووی، لە کاتێکدا فیلمی ساڵانێک لە هاوکاری سیخوڕی و سەربازی دوژمنێکی دیکە دژ بە بەشێک لە خۆت دەبێتە مایەی شانازی و سەردێڕی هەواڵ لە کەناڵەکانت؟


 نەمانی داعش چەند سوودی بۆ ئێران بووبێ، دە هێندە سوودی بۆ کورد بووە، بەڵام هەمیشە زیانی گەورە بەر تورکیای هاوپەیمانت کەوتووە. لەم گۆڕەپانی بەرژەوەنییە هاوبەشانەدا تاکە لایەن تورک بوو کە تەنها و تەریک مابوویەوە. ئیتر چ نەنگییەک لەوەدایە گەر ئاغای سولیمانی هاتبێتە هەولێر لە سەر داوای خۆت بۆ هاوکاری؟ بەڵام کاتێک ئەم فیلمە حیکایەتی تانە و تەشەر و شەڕی ڕاگەیاندنت بەرانبەر ئەوانی دیکە پووچەڵ ئەکاتەوە! ئەوا ئەو شوێنەت ئەیێشێنێت کە ساڵانێکە بانگەشە و شەڕی جاش سیغە وجاش شیعە و جاش ئێرانت بەوانی دیکە پێ ئەفرۆشت لە شەقامی گەوجاندندا. بۆیە دەڵێم گەر شەرمێک هەبێت لە هاوکاری دوژمنان لەم دۆخەی شەڕی دژ بە داعش نیە، بەڵکو...


دیمەنی دووەم:-


نە پەکەکە تیرۆریستە و نە کوردی قارەمانی ڕۆژئاواش. نە پەکەکە بووە بە هۆی نائارامی شاری هەولێر و نە پیلانی خستنیشی گێڕاوە. نە یەپەگەشە هاتۆتە سەر شەنگال و کچانی سەبی کردووە و پیاوانی ئێزیدیشی بە دارا بە ناهەق هەڵواسیوە. کەچی هاوکاری تورکیا دژ بە هێزێکی کوردی وەک پەکەکە و بوون بەمەقاشی میت و جەندرمە و هاوکاری تورکیا لە پیلانگێڕیی  دژ بە کوردانی ڕۆژئاوا دەبنە شانازی لە لات! کردنەوەی دەیان بنکەی سەربازی و سیخوڕی بۆ جەندرمە و میت، دژ بە هێزگەلێک کە ئێزیدییە بەجێماوەکانیان رزگارکرد لە مەرگ و دەست درێژی دەبنە سەروەری بۆت!! دژ بە هێزگەلێک کە لە مەخموور و لە کەرکووکدا شەڕی داعشیان شان بە شانی پێشمەرگە کرد و خۆت دەستت گووشین، شەرم ناتگرێت!! ئا ئەمانەت نەک لێ بووە بە شانازی، بگرە بەئاشکرا دانیشتنتان لە گەڵ سەرانی سەربازی و سیخوڕی تورک دەبن بە سەر دێڕی هەوڵەکان و سنگ دەرپەڕاندن. 


ئەوەی ئەشێ لە کۆتاییشدا بیڵێم پەتی درۆ و بانگەشەی حزب و دەسەڵاتی کوردییە کە هێندە کورتە بە دەردی رزگاربوونیان لە چەواشەکاری ناخوات، بەڵکو تەنها بەشی خۆهەڵواسینی سیاسی و کۆمەڵاتییانی پێوە ماوە.

26/01/2021



وتارەکانی تری نوسەر