کوان و لە کوێن مەلا مەنەورەکان؟

جیهاد موحەمەد
 کوان و لە کوێن نەوەو قوتابیانی مەلا مەنەورەکان؟ 
کوان و لە کوێن کۆمەڵگەی مەدەنی و سێکۆلار و عەقڵانی؟

مەلا مەزهەر خۆراسانی و مەلا هەڵۆ و هەموو مەلا کۆنەپەرستەکان، ئەگەر دەسەڵاتی حوکمڕانانی کوردستان لە پشتیان نەبن، ناتوانن نە کۆمەڵگە بشێوێنن، نە بڕیار لەسەر بەدڕەوشتی خەڵکی مەدەنی و هونەرمەندان بدەن.

ئەگەر مەلا منەوەرەکان و قوتابیانی مەلا منەوەرەکان بێنەدەنگ و نەیەڵن مەلا کۆنەپەرستەکان بە ناوی دینەوە شەڕێکی نەبڕاوە هەڵبگیرسێنن، ئەوە مەلا کۆنەپەرستەکانیش ناتوانن ئەو هەموو سوکایەتیە بە خەڵک بکەن. 

دەسەڵاتە بە ناو مەدەنی و سێکۆلارەکەی کوردستان، جگە لە برەودان بە نادادپەرورەیی و نایەکسانی، جگە لەو هەموو قەیرانە ئابووریی و داراییەی دروستیان کردووە، جگە لەوەی بێکارییەکی ترسناکیان دروسستکردووە، پشتیوانی مەلا کۆنەپەرستەکانیش دەکەن. دیارە ئەم پشتیوانیکردنە ناڕاستەوخۆیە، بە مەبەستی ئەوەیە، شەڕ و پێکدادان لە نێوان خەڵکی کوردستاندا بە ناوی ئاینداری و بێ ئاینیەوە دروست بکەن بۆ ئەوەی کەس نەپەرژێتە سەر ئەوەی ڕەخنە لە دەسەڵات بگرێت.

هیچ وڵات و دەوڵەتێکی ئیسلامیی لە ناوچەکەدە هێندەی کوردستان مەلای کۆنەپەرستی تیا نییە. ئەوەتا لە تونسدا چونکە دەسەڵاتە حوکمڕانەکەی بەرەو عەقڵانیەت دەڕۆات، بەردەوام حیوار لە نێوان بەرەی سێکۆلار و حیزبە ئیسلامیەکاندا هەیە. ئەم حیوار و دیبەتانە هێندە بەربڵاوە گەیشتووەتە ئەوەی کە کۆمەڵێک مەلا و پیاوی ئاینی لە تونسدا قسە لەسەر ئەوە دەکەن، کە مەی حەرام نییە. کەس هەیە لە کوردستاندا، هیچ مەلایەکی منەوەر هەیە لە کوردستاندا بتوانێت قسەیەکی وا بخاتە ناو ئایندارەکانەوە بۆ گفتوگۆ؟. مامۆستا فاتیح شارستێنی بەڕێز کە هەندێک بە نەرم قسە دەکات لەسەر دین و زۆر جار لەسەر کێشە کۆمەڵایەتیەکان هەڵدەداتێ و دێتە دەنگ، ئەوەتا مەلا کۆنەپەرستەکان بە ئاشکرا بە"دەجال" ناوی دەزڕێنن. مامۆستا سامان چونەک لایەنی حەق دەگرێت، چونکە دەیەوێت دین نەبێت بە پاساو بۆ شەڕ و پێکدادان، چونکە بە عەقڵانی قسە لەسەر دین دەکات ئەوەتا لە لایەن دەیان مەلای کۆنەپەرستەوە دەیبوغزێنن و بە زەندیق و کافری دایدەنێن. مەلا محەمەدی مەلا فایەقی شارەزووری چونکە مەلایەکی باشە و لە خۆیەوە کەس بە کافر دانانێت و دینی نەکردووە بە مەسەلەیەکی پۆپۆلیستی بۆ خزمەت و بە ناوبانگی خۆی، هیچ کات لە تیڤەکانەوە بانگ ناکرێت بۆ ڕوونکردنەوە و دەسەڵاتیش ئەوەندە گرنگی پێ نادات. 

من باش دەزانم، مەلا و پیاوی زۆر عەقڵانی لە کوردستاندا هەیە، بەڵام بە داخەوە دەسەڵات پشتیوانیان ناکەن. 

ئەم هەموو ناو زڕاندن و سوکایەتیکردنە بە خەڵکی مەدەنی، بەوانەی ڕایان وایە کە حکومی سێکۆلار بۆ ئەمڕۆی کوردستان باشترین حوکمە، ئەو هەموو سوکایەتیکردن و جنێودانە بە هونەرمەندان، بە نووسەران، بە رۆژنامەنووسان، لە لای مەلا کۆنەپەرستەکانەوە، بە هیچ جۆرێک دادوەرەکان ناجوڵێنێت، ئەمە زۆر سەیەرە و لە هیچ جێگەیەکی دنیادا شتی وا نییە. 

ئەگەر خەڵکی مەدەنی و سیکۆلار، ئەگەر کەس و ڕێکخراوە عەقڵانیەکان نەیەنە دەنگ بەرامبەر بەم مەلایانەی کە لە پەنای دینەوە و بە ناوی خواوە دەیان و سەدان قسەی نابەجێ و ئابڕوبەر بەرامبەر بە خەڵکی دەکەن، ترسناکە، ترسناکیەکی گەورەیە و کۆمەڵگەی کوردستان بەرەو شەڕێکی نەبڕاوە دەبات.

لەسەر دەسەڵات و حکومڕانەکانی کوردستان پێویستە بە زووترین کات ئەم جۆرە مەلا جنیوفرۆش و بوختانکەرانە بێدەنگ بکەن. 
ئەم جۆرە لێدوان و قسە و قسەلۆک و جنێودان و هەڕشەرکردنە بە ناوی خواوە، ئەم جۆرە تەکفیرکردنانەی خەڵک، ئەم جۆرە خۆسەپاندن و بە زۆر کۆمەڵگە کردنە بە کۆمەڵگەیەکی یەک دەنگ بۆهێنانە ئارای تاریکستانییەوە یەجگار ترسناکە. 

کەس بۆی نەبێت، گۆران بچڕیت، کەس بۆی نەبێت موسیقا بژەنێت و گوێ لە مۆسیقا بگرێت، کەس بۆی نەبێت بە دەنگی قاقا پێبکەنێت، کەس بۆی نەبێت جل و بەرگی سفور لەبەربکات، کەس بۆی نەبێت سەمابکات و هەڵپەڕێت، کەس بۆی نەبێت بچێ بۆ سیەری شانۆگەریەکان، کەس بۆی نەبێت بچێت بۆ سینەمان، کەس بۆی نەبێت ئارایشت بکات و خۆی بڕازێنێتەوە، کەس بۆی نەبێت بچێت بۆ سەیران و چێژ لە جوانی سروشت و بەهار ببینێت، سەرەڕای ئەمەش مەلا مەزهر خۆراسانی بەڕیز ژنی کورد بە داینەسۆر بچوێنێت، لە کاتێکدا کە ژنی کورد سەلماندیان چەند ئاز و بە توانان، شان بە شانی پیاو تفەنگی مەردایەتیان کردووتە شان، لە لایەک مندڵ کە جوانترین و گەورەترین بەرهەمە بەخێو دەکەن و لە لایەکی تر شان بە شانی پیاوەکان لە خەبات و تێکۆشاندا بوون، چ عەقڵ و لۆژیکێک ئەم قسەیەی بەڕیز مەلا مەزهەر قبووڵ دەکات؟ ئەنجامی ئەمە یەجگار ترسناکە و کۆمەڵگەی کوردستان بەرەو تاریکستانی و دواکەوتوویەکی تەواو دەبات ئەگەر ڕێگەی پێنەگیرێت. بە بڕوای من ئەم مەلایانە چەند زیان لە بەرەی کۆمەڵگەی مەدەنیەت و دیموکراتیەت دەدەن، زۆر لەوەش زیاتر زیان لە دین دەدەن. 

١٥/٠٨/٢٠١٩


16/08/2019



وتارەکانی تری نوسەر