یەکێتی دوای کۆنگرەو پارتی گەرمەی ململانێ

سەرتپ جەوهەر
- بەشێك لە نەوەی كۆنی یەكێتیی بەرژەوەندی شەخسیی و تەنانەت خێزانیش شەكەتی كردبوون
- نەوەی كۆن ئەولەویات و تێگەیشتنیان بۆ سیاسەتی حزبەكەیان لە پاراستن و دابینكردنی بەرژەوەندی كوڕو كچ و خزموكەسەكانیان سەرچاوەی دەگرت
- لەهەشت ساڵی رابردوو، سەركردایەتی یەكێتی، هەڵەی كوشندەی كردووە
- سەركردایەتی پێشوو، نە ئەجێندایان هەبوو، نە رێگەیان لەئەجێندای خراپی حزبی دیكە دەگرت
- لەدوای كۆنگرە میكانزمی بڕیاردان روونەو بڕیاردانی یەكێتی زۆر خیرابووە
- لەدوای كۆنگرە دەستەگەری نەماوەو ئێستا یەكێتی هەڵوێستی روونە


(بەشی یەكەم – یەكێتی دوای كۆنگرە)

كۆنگرەی یەكێتی وەرچەرخانێكی نوێ‌ بوو لەمێژووی یەكێتی، هەنگاوی یەكەم بوو بەرەو سارێژبوونی بەشیك لەگرفتەكانی ناوخۆی یەكێتی، جێهێشتن و كۆتاییهێنان بوو بەقۆناغی فەراغی بڕیاردانی یەكێتی و ناڕۆشنی سیاسەتی ئەو حزبە. 
مامجەلال سەركردەیەكی بەئەزمون و خودان كاریزما بوو، نەك ئەندام لایەنگرانی یەكێتی، بەڵكو بەشێك لەسەركردایەتی حزبەكانی دیكە بە پارتیشەوە پێیانوابوو مامجەلال سەمامی ئاشتی و ئارامیی كوردستان و عیراقە. پیاوێك بوو دەیتوانی لەیەككاتدا دۆست و دوژمن لە ماڵێكدا كۆبكاتەوە لەگەڵ هەریەكەیان بەزمانی خۆی بدوێت. 
من بۆخۆم پێموایە بەدرێژایی مێژووی كوردستان تا ئێستا، هیچ كەسێك وەك مامجەلال خوێندەوارو تێگەیشتوو قاڵبۆوەی سیاسەت نەبووەو نییە. پیاوێك بوو لەپەنجاكانی رابردووەوە لەیەككاتدا خەباتی قەومیی و خەباتی كۆمەڵایەتیی بەیەكەوە گرێدابوو. لەیەككاتدا لەپێناوی گەلەكەی و ماف و ئازادییەكان تێیدەكۆشا. لەپێناو میللەتەكەی پێی نەنگی نەبوو هەرشتێك بكات، ئەولەویەت لای ئەو سەرفرازیی میللەتەكەی بوو بۆیە شەمسەدین موفتی دەڵێت (1) "ئێوە مامجەلال باش ناناسن، مامجەلال بۆكورد هەموو شتێك دەكات، لەكوێ‌ ماركسیەت بەكەڵكی كورد بێت دەبێتە ماركسیەكی توند، ئەگەر ماویی بەكەڵكی كورد بێت ئەوا ماویە، ئەگەر عیراقچێتی بەكەڵكی كورد بێت عیراقییە".
ئەو سەركردەیە مێژوییەی كورد لە پڕ لە 2012 بەهۆی نەخۆشییەوە دابڕا لەسیاسەت و بڕیاردانی یەكێتی و كوردستان و عیراق. لەدوای مامجەلال لە كۆتایی 2012 وە تا سەرەتای 2020 واتە هەشت ساڵ، یەكێتی بەقۆناغێكی فرە سەختدا تێپەڕیی، ئەو سەركردایەتییەی لەجێی مامجەلال بڕیاری دەدا، هەڵەی زۆر گەورەی كرد، بەكورتی نە خۆیان ئەجێندایان هەبوو بۆ خەڵكی كوردستان نە رێگەشیان لەئەجێندای خراپی حزبی دیكە دەگرت، ئەو ماوەیە یەكێتی بووە بارێكی گران بەسەر حوكمڕانیی، دەتوانین بڵێین هەستدەكرا یەكێتی بووەتە پاشكۆی سیاسەتی پارتی، لەهەندێ حالەتدا تەواوكەری سیاسەتەكەی بوون هەر ئەمە وایكرد پارتی ببێتە بڕیاردەرو حاكمی حكومەت.
درێژكردنەوەی تەمەنی بارزانیی لە 30 حوزەیرانی 2013 هەڵەیەكی كوشندە بوو! كوشندە بۆ سەروەریی قانون و دەستاودەستكردنی دەسەڵات! بێگومان لەلایەن كەمینەیەكی سەركردایەتی بڕیاری لێدرا. داخستنی پەرلەمان لە 2015 و بێدەنگ بوون لەئاست پەكخستنی دامەزراوەی یاسادانان هەڵەیەكی دیكەی زۆر گەورەبوو، لەوانە خراپتر لە 2017 كەمینەیەكی بڕیار بەدەستی یەكێتی بوونە بەشێك لەئەجێندای پارتی بۆ ریفراندۆم، كە هەڵەیەكی كوشندە بوو لەمێژووی كوردستان، چونكە كوردستانی بۆ دەیان ساڵ گێڕایەوە دواوەو پرسی نەتەوەیی كوردی بردە تۆنێلێكی رەش. ئەوانە سەرەوە باسمكردن، هەر هەمووی خزمەت بوو بەسیاسەت و ئەجێندای پارتی، ئەمانە هەموو ئەو سەركردایەتییە لێی بەرپرسن كە لەدوای نەخۆشكەوتنی مامجەلال یەكێتیان بەڕێوەدەبرد! دەركەوت ئەوانە لەئاست بەڕێوەبردنی یەكێتی و خواستی قۆناغەكە نەبوون.
لەماوەی هەشت ساڵی رابردوو ئیدی زۆربەی هەرەزۆری جومگەكانی حكومڕانی كەوتە دەست پارتی، هەروەك بڕیاردان لەحكومەت و حوكمڕانیی بەتەواوی كەوتە دەست یەك حزب و پەیوەندییەكانی هەرێم یەك رەنگی وەرگرت. لەوماوەیەدا هەركاتێك پەیوەندی نێوان پارتی و حكومەتی ناوەند ناخۆش بوبێت ئەوا پەیوەندی نێوان هەرێم و ناوەند ناخۆش بووە. هەموو رۆژێك سنورەكانی هەرێم لەلایەن فرۆكەكانی ئەردۆغان بۆمباران دەكرێت و جوتیاری كورد شەهید دەبێت و گوندی كوردان وێران دەكرێت، ئەم حكومەتە نققەی نایەت، هەركاتێكیش ئێران جموجۆڵێكی سەربازیی یان لێدوانێكی دژی هەرێم دابێت، ئیدی بەیاننامەكانی هەرێم ئاگر دەكەنەوە! خراپتر ئەوەیە وەتەنیەتیش بەخەڵكی كوردستان و حزبەكانی دیكە دەفرۆشنەوە.




لەوە زیاتر ئابوری هەرێم بەتەواوی كەوتە دەست پارتیی. گوایە ئابوریی هەرێم سەربەخۆ دەكرێت و لەدەست بەغدا رزگارمان دەبێت، كەچی كرایە ئابورییەكی رەیعی و پشت بەیەك سامانی سروشتیی و بەیەك رێگا (بۆریی) و بۆ یەك وڵات هەناردە كرا! هەر هەمووی كەوتە دەست پارتی و كۆنتراكت و گرێبەستەكەش لەنێوان پارتی و ئەردۆغان كرا. 
ئەمانەی سەرەوە كورتكراوەی ئەنجامی غیابی یەكێتی بوو لەبڕیاردانی و نەخشەڕێژی سیاسەتی حكومەت و حكومڕانی كوردستان لاسەنگییەكی ئێجگار گەورەی دروستكردو تائێستا بەردەوامە.
غیابی یەكێتی لەبڕیارو كاریگەرییەكانی حكومڕانیی وایكرد دەنگدەرێكی زۆری یەكێتی و غەیرە یەكێتی توشی سەرلێشوانێكی گەورەبن. سەرەتا پێیانوابوو بزوتنەوەی گۆڕان بەدیلی یەكێتییەو دەتوانێت ئەو لاسەنگییە راستبكاتەوە، بەڵام دەركەوت باڵۆنێكی پفدراوی بەتاڵا بوو، بۆیە لەهەڵبژاردنی 2018 گۆڕان نیوەی دەنگەكانی لەدەستدا. 
لەدوای كۆنگرەی یەكێتی قۆناغێكی نوێ‌ لەژیانی سیاسی یەكێتی و كوردستان دەستی پێكردووە. ئەنجامی ئەو قۆناغە نوێیە لەماوەیەكی نزیكدا روونتر دەبێتەوە، ئەویش لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی چارەنوسسازدایە یان لەبەردەم گرەوێكن، سەركەوتنیان بەندە بەهاوسەنگكردنەوەی هێزو بڕیار لەكوردستان و گێڕانەوەی یەكێتی بۆ سەردەمی پێش شكست.
دیارترین سیماكانی دوای كۆنگرە نەمانی دەستەگەرییە. میكانزمی بڕیاردان لەناو یەكێتی گۆڕانی زۆری بەسەرداهاتووە. كۆبونەوەكانی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی لەگەڵ مەكتەبی سیاسی و خێڕا بڕیاردان و یەكلاییكردنەوەی هەر پرسێك هاتبێتە پێش، بەڵگەی قۆناغێكی نوێیە لەژیانی حزبایەتیی یەكێتیی. دزەكردنی زانیاریی كۆبونەوەكانی مەكتەبی سیاسی و لێدوانی موخالیفی بڕیارەكانی یەكێتی بەتەواوی بنبووە، ئەمەش مانای گەڕانەوەی مەركەزییەتە بۆناوخۆی حزب.
هەڵوێستی یەكێتی لەمەڕ هەموو ئەو پرسانەی لەچەند مانگی رابردوو هاتۆتەپێش روون بووەو بەخێرایی بڕیاری لێدراوە، ئەمەش بەڵگەی سەرەتای شیفابوون و هەستانەوەی جەستەی ئەو حزبەیە. لەپرسی پێكهێنانی حكومەتی عیراق و راسپاردنی هەردوو كاندید زورفی و كازمیی، پێش لایەنە سیاسییەكان ئاشكراكراوە، چاوەڕێی هیچ لایەنێك نەكراوە، ئەمە لەلایەك بەڵگەی خێرا بڕیاردانەو لەلایەكی دیكە چیدیكە یەكێتی چاوەڕێی هەڵوێستی پارتی ناكات بۆ بڕیاردان، ئەگەرچی دەشێت لەگەڵ ئەو حزبەو حزبەكانی دیكەش لەپرسە چارەنوسسازو وابەستەكان بە عیراقەوە هاوڕاو یەك هەڵوێست بن.
ئەگەر نەخۆشی كۆرۆناو ئەو سەكنینە نەبوایە لەهاتن و چوون، بەدڵنیاییەوە هەنگاوەكانی ئەجێندای دوای كۆنگرە خێراتر دەبوو، بەتایبەت ساخكردنەوەی پرسە یەكلانەبۆوەكان لەحوكمڕانیی كوردستان و رێكخستنەوەی پەیوەندی لەگەڵ هەموو حزبە كوردستانییەكان لەسەرووی هەمویانەوە پەیوەندی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان.
بەدڵنیاییەوە بەشێك لەسەركردایەتی پارتی بەو سەركردایەتییە نوێیەی یەكێتی خۆشحاڵ نین، بەشێكی پەیوەندی بەگرژییەكانی رۆژانی ریفراندۆمەوە هەیە و بارێكی دەرونی زاڵە بەسەر تێگەیشتنی بەشێك لەسەركردایەتی پارتی، بەشەكەی دیكەشی پەیوەندی بەو راستیەوە هەیە كە ئیدی نفوزی یەكێتی هێدی هێدی دەگەڕێتەوە، بۆیە گرژییەك هەستی پێدەكرێت.
سەرباری ئەو گرژییانە بەڵام لەناوخۆی یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان هەوڵ و تێگەیشتنێك هەیە كە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان پرسی شەراكەت لەجومگەكانی حكومڕانیی و بڕیاردان یەكلایی بكرێتەوە، هەروەك پرسی شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكان بەدەسەڵاتی دارایی و دابەشكردنی داهاتەوە بەتەواوی رونبكرێتەوەو یەكلایی بكرێتەوە، كە لەوانەیە پارتی ئەو نیازەی یەكێتیان بەلاوە هاسان نەبێت.
بەكورتی دەتوانین بڵێن قۆناغی دوای كۆنگرەی یەكێتی قۆناغێكی دیكەیە. نەوەیەكی نوێ‌ هاتۆتەپێش، ئەو نەوەیە جیاواز لە نەوەی پێش خۆی بیردەكاتەوە كە زادەی قۆناغێكی دیكە بوون و بەشێكیان تەمەن و بەرژەوەندی شەخسیی و تەنانەت خێزانیش شەكەتی كردبوون. ئەولەویاتی كاركردن و تێگەیشتنیان بۆ سیاسەتی حزبەكەیان لە پاراستن و دابینكردنی بەرژەوەندی كوڕو كچ و خزموكەسەكانیان سەرچاوەی دەگرت. لایەنگرانی یەكێتی هیوادارن ئەو ئەزموونە دوبارە نەبێتەوە.
خراپی بڕیاردانی یەكێتیی لەرابردوو یەكێك بوو بەردەوام دوبارە دەبوویەوە، هەندێجار بەتوانجەوە لەلایەن پارتیشەوە لەیەكێتیی دەدرا، رەنگە هاسان بڕیاردانی یەكێتی بۆ پارتیش ئیجابی بێت چونكە لەمەودوا ئەگەر بڕیاربێت دانیشن و گفتوگۆ بكەن و رێككەوتن بكەن، ئەوا جێبەجێكردنی زەحمەت نابێت.
سەرباری ئەو گۆڕانانەی ناوخۆی یەكێتی، بەڵام هێشتا گرێ و گار ماون، هێشتا كەمینەیەك لەناوخۆی یەكێتیی كە پێدەچێت لەكۆنگرە دەربازیان بوبێت بیانەوێ‌ پڕكێشی گەڕانەوە بۆ (عەسری قەدیم) بكەن، ئەوانە ئەوكەسانەن كە لەناو یەكێتی بە رەنگ زەردەكان ناسراون. لە مەسەلەی بردنی هێز بۆ زینی وەرتێ دەركەوت، كە چەند كەسێك بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ بڕیاری یەكێتی جوڵەیان بەهێز كرد، بەڵام بڕواناكەم رێگە بەدوبارەبونەوە بدرێت.

(1) كاك عەدنان موفتی ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەژرەوەندییەكانی یەكێتی بۆی گێڕامەوە وتی لەسەرەتای ئۆکتۆبەری 1975 دەچوومە سوریا بۆ رێكخستن، لە شەمسەدین موفتی مامی كە كەسایەتیەكی دیاری كوردستانە، پرسیاری كەسایەتی و فكری مامجەلالم كرد كە ئاخۆ دەكرێت یەكێتی حزبێكی نەتەوەییەو مامجەلالیش ماركسییە؟ بەلایی تۆ كامەیان بەسەر فكری مامجەلالدا زاڵە، فكری نەتەوەیی یان ماركسیی؟
لەوڵامدا شەمسەدین موفتی مامی دەڵێت "ئێوە مامجەلال باش ناناسن، مامجەلال بۆكورد هەموو شتێك دەكات، لەكوێ‌ ماركسیەت بەكەڵكی كورد بێت دەبێتە ماركسیەكی توند، ئەگەر ماویی بەكەڵكی كورد بێت ئەوا ماویە، ئەگەر عیراقچێتی بەكەڵكی كورد بێت عیراقییە".


ململانێكانی ناو پارتی، چانسی مەسرورو سیاسەتی نێچیرڤان بارزانی

- لەسەر دەستپێشخەری نێچیرڤان بارزانیی و پەیوەندیكردنی بە لاهور شێخ جەنگی، دوو رۆژە هەڵمەتی راگەیاندنی یەكێتی و پارتی وەستاوە
- نێچیرڤان بارزانی كاریگەری بەمامجەلال بۆیە سەركەوتووتر بووە لەسیاسەتكردنی لەم ماوەیە
- نێچیرڤان هەماهەنگە لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی و پرس و را ئالوگۆڕ دەكەن، بەڵام مەسرور بەپێچەوانەوە
- ئەو تیمەی وەك رێبەری یەكێتیی هەڵبژێردران، بەتایبەت لاهور شێخ جەنگی ئێستا خاوەنی نفوزێكی گەورەیە لەسەركردایەتی و ناو جەماوەری یەكێتیی. لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان و گروپ و لایەنە جیاوازەكانی بەغداو تەنانەت ئەمریكاو بریتانیا و ئەوروپا پەیوەندییەكی باشی هەیە.
- نیچیرڤان پەیوەندی باشی لەگەڵ رۆژئاوا هەیە، پشتیوانی لە دەستپێشخەریەكەی مەزلوم كرد، بەڵام باڵەكەی دیكەی پارتی دژ بوو
- ئەو 45 كورسیەی پارتی بووە بارێكی گران بەسەر پارتی
- مەسرور پەیوەندی لەگەڵ یەكێتی و حزبەكانی دیكەو رۆژئاوای كوردستان و پەكەكە خراپە
- دادگاو داواكاری گشتیی بەكاردەهێنرێت بۆ بێدەنگكردنی دەنگی ناڕەزایی

بەشی دووەم (پارتی دیموكراتی كوردستان)


ئەگەر ناوخۆی یەكێتی لەدوای كۆنگرە هەست بەجۆرێك لەگۆڕان بكرێت و ئەوا لەدوای دانانی مەسرور بارزانی كوڕە گەورەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بەسەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، پێشبینی وەرچەرخانێكی گەورە لەناوخۆی پارتی دەكرێت، ئەویش هەوڵدانی سەرۆكی پارتی(مەسعود بارزانیی)یە بۆ دروستكردنی زەمینەی رادەستكردنی سەرۆكایەتی پارتی بەتەواوی دەسەڵاتەكانییەوە بە كوڕە گەورەكەی (مەسرور بارزانیی) كە ئێستا سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانە. 
بەپێی لێكدانەوەو ئەو پێشبینیانەی دەكرێن، هێنانی مەسرور بارزانی بۆ سەرۆكایەتی حكومەت بۆ دوو هۆكار بوو. یەكەم فێربونی زیاتری دەسەڵات و راهاتن لەسەر ئیدارەدانی حكومڕانیی، دوومیش كۆنترۆڵكرنی جومگەكانی هێزو ئابوریی كوردستان و سازبوون بۆ وەرگرتنی سەرۆكایەتی پارتیی لەقۆناغی داهاتوودا.
دەتوانین بڵێین ئەو گۆڕانە نوێیەی ناوخۆی پارتی، ململانێكانی ناوخۆی پارتی زیاتر زەقدەكاتەوە، بەتایبەت نێچیرڤان بارزانی كە خاوەنی نفوزو ئیمكانیاتێكی زۆرەو ئاراستەیەكی تایبەت بەخۆی هەیە لەسیاسەتكردن و پەیوەندی تایبەت هەیە لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەكان و پارچەكانی دیكەی كوردستان، خۆی بەشایستەترو موستەحەقتر دەزانێت بۆ وەرگرتنی سەرۆكایەتی پارتی، بۆیە توندبونی ململانێكان ئەگەرێكی بەهێزو چاوەڕوانكراوە لەناوخۆی پارتیی. هەروەك لە ریتم و شێوەی روماڵكردنی هەواڵ و پرس و بابەتە سیاسییەكانی هەردو كەناڵی روداو كەی 24 بەروونی دەردەكەوێت. 
بەپێی ئاماژەو زانیارییەكانی بەردەستن مەسرور بارزانی لەدوای هاتنی بۆ ئەنجومەنی وەزیران، بەبەرنامە خەریكی دەستبەسەرداگرتنی تەواوی جومگەكانی حكومڕانیی و نەهێشتنی نفوزی نێچیرڤان بارزانییە لەناوخۆی حكومەت و حزب و تەنانەت لەهێزی پێشمەرگەی پارتی لەسنورە جیاوازەكان. هاوكات لەناو حكومەتیش سەرباری رێككەوتنی لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان بۆ پێكهێنانی حكومەت، بەڵام دەسەڵاتی بۆ هیچ كەس و لایەنێك نەهێشتۆتەوەو حكومەتێكی بچوككراوەی سێبەری لەناو ئەنجومەنی وەزیران دروستكردووەو ستافێكی لەدامەزراوەی ئەنجومەنی ئاسایش (پاراستن) هێناوە لەئەنجومەنی وەزیران دەوام دەكەن. سەرەنجام ئەو هەوڵە بۆ كەمكردنەوەی قەبارەو نفوزی یەكێتی و گۆڕان و مۆنۆپۆلكردنی دەسەڵاتە نەك لەحكومەت بەڵكو لەهەموو جومگەكانی دیكەی حكومڕانیی وەك دامەزراوەی دادوەریی.
لەپاڵ ئەو جموجۆڵە لەناوخۆی پارتی و حكومەت، هاوكات هەوڵی كپكردن و كەمكردنەوەی دەنگە ناڕازییەكانی ناوخۆی پارتی و حزب و لایەنە سیاسییەكان و شەقامی داوە، ئەمەش لەدوو رێگە یەكەمیان؛ راسپاردنی تیمێك لەحكومەت و پەرلەمان بۆ وڵامدانەوەو پەلاماردانی نەیارانی حكومەت و حكومڕانیی. دووەم؛ لەڕێی دادگاو داواكاری گشتیی كە ئێستا بووە بەداردەستی ئەم دەسەڵاتەو بەكاریاندێنێت بۆ بۆ تۆماركردنی سكاڵاو كردنەوەی دۆسیە بۆ رۆژنامەنوس و پەرلەمانتاران و هەركەسێك قسەیەك لەسەر حكومەت بكات.




بەهێزبوونی مەسرور بارزانی لەحكومەت و حزب پەیوەندی بە پشتیوانیی باوكییەوە هەیە كە خاوەنی نفوزێكی گەورەیە لەناوخۆی پارتی. بێگومان هەوڵدەدات كوڕەكەی لەئیشوكارەكانی سەربخات و لەكۆتاییدا ئەو ئەنجامەی دەستكەوێت كە خۆی دەیەوێت، ئەویش گەیاندنیەتی بەسەرۆكایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان.
لەگەڵ ئەوەی مەسرور بارزانیی ئیمكانیاتێكی گەورەی دارایی و نفوزێكی گەورەی بەردەستە، بەڵام ئەو رێگەیەی ئەویش گوڵڕێژ نییەو ئاستەنگی جددی لەو رێگە هەیە كە دیار نییە دەتوانێت بەسەریدا زاڵ بێت یان نا، بەتایبەت ململانێكانی ناوخۆی پارتی وەك دەردەكەوێت لەسەختتربوونەو هێدی هێدی لەهەڵسوكەو ت و راگەیاندن و زاری بەشێك لەكادرانیان دەردەكەوێت. هەر بۆیە دەتوانین بڵێن پرسی سەركەوتنی مەسرور بارزانیی لە داهاتوودا چ لەهەوڵدان بۆ گەیشتن بەسەرۆكایەتی پارتی، یان لەحكومەتدا ئاسان نییەو ركابەرەكەی زۆر بەهێزەترە لەوەی پێشبینی دەكرێت.


گەر بەشێوەیەكی بابەتیانە ئەو باسە شەن و كەو بكەین، گرفتەكانی بەردەم مەسرور بارزانیی بۆ گەیشتن بەسەرۆكایەتی پارتیی خۆی چەند هۆكارێكی سەرەكی دەبینێتەوە:
1- سیاسەتی دروستكردنی قەیران:
ئەو 45 كورسییەی كرایە ماڵ بەسەر پارتی دیموكراتی كوردستان لەهەڵبژاردنی رابردوو (بەموبارەكەی چەند كەسێك لەناو یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان) كە دیارە چۆن بەدەستهات و دەنگی راستەقینەی خۆی نەبوو، بووە بارێكی گران بەسەر پارتی. ئەو ژمارە زۆرە كە دەنگی راستەقینەی ئەو حزبەی نەبوو، سیاسەتێكی بێمنەتانەو بەركەناركردنی بەشێك لەلایەنە سیاسییەكانی وەكو (یەكگرتوو، كۆمەڵ)ی لێكەوتەوەو ناچار هەردوولایەن لەبری بەشداریكردن لەحكومەت ئۆپۆزسیۆن بونیان هەڵبژارد.
لەدوای دەستبەكاربوونی حكومەت، تائێستا ئەم كابینەیە سەقامگیر نەبووە. بەردەوام قەیرانی سیاسی و كاردانەوەی بەدوادا هاتووە. دەسەڵاتەكانی حكومەتی سێبەر دۆخێكی شپرزەی لەناو حكومەتدا دروستكردووە كە نەك تەنها یەكێتی، بەڵكو بەشێك لە وەزیرەكانی پارتیش گرفتیان بۆ دروستبووە، چونكە لەبنەڕەتدا دروستكردنی حكومەتی سێبەرو كەم كردنەوەی دەسەڵاتی وەزیرو كاربەدەستانی حكومەت بەریەككەوتنی قانونی و ئیداریی دروست دەكات. بەشێك لەبڕیارو هەڵسوكەوت و جموجۆڵی ئەم حكومەتە، لەهیچ قانون و بڕگەو ماددەیەكی قانونییدا جێگەی نابێتەوە.
لەماوەی ساڵی رابردوو، جگە لەقەیرانی دارایی و ئیداریی، ئەم حكومەتە جەبهەی لەگەڵ هەموولایەكدا كردۆتەوە. لەلایەك لەگەڵ یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان، رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەت جێبەجێنەكراوە، لەبری دابەشكردنی دەسەڵات و شەراكەت لە بڕیار، سیاسەتی پەراوێزخستن و سنگ دەرپەڕاندنی حكومەتی سێبەر پەیرەو كراوە، بۆیە دەبینین هەر چەند رۆژێك جارێك رێبەر ئەحمەد وەك جێگری سەرۆك وەزیران یان سەرۆك وەزیرانی (مكرر) دەردەكەوێت و بوار بۆ هیچ وەزیرو دەسەڵاتێك ناهیلێتەوەو لەباتی وەزارەتی پێشمەرگەو تەندروستیی و پەروەردەو تەنانەت یەكەكانی 70 و 80 لێدوان دەدات!! 
لەلایەكی دیكە لەگەڵ لایەنە سیاسیەكانی دیكەی ناو پەرلەمان بەردەوام لەگرژیی و سەختیی دابووە. هاوكات ستافی ئەم حكومەتە بەتایبەت ستافی (سێبەر) بەرەیەكی زۆر گرژی لەگەڵ رۆژنامەو ئازادنوسانی كوردستان دروستكردووەو لەبری گفتوگۆ، هەوڵی كردنەوەی زیندانەكانی داوە بەڕووی رۆژنامەنوسان و دەنگی ئازاد! لەڕێی دادگاو داواكاری گشتیی، دۆسیە بۆ رۆژنامەنوسان دروست دەكەن و هەوڵی دەمبەستن و كەمكردنەوەی ناڕەزایەتیەكان دەدەن لەبەرامبەر خراپی بژێوی و ژیانی خەڵك كە بەشێكی بەهۆی نا كەم توانایی ئەو تیمەی حكومەت لەبەڕێوەبردن دروستبووە. 
هەروەك هەر ئەم تیمەی حكومەتی سێبەر بۆتە هۆكاری خراپی پەیوەندییەكانی حكومەتی هەولێر لەگەڵ گروپ و لایەنە سیاسییەكانی پارچەكانی دیكەو بگرە گرژی بەدواداهاتووە، بۆنمونە لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان.
دەكرێت بڵێین تەنها لایەنێك لەناو ئەم حكومەتە تەباو ناكۆك نەبووە لەگەڵ سەرۆكی حكومەت، ئەو سەركردایەتیی و تیمەی گۆڕانە لەحكومەت، كە پێدەچێت هۆكارەكەی جۆرێك لە سەرلێشوانی ئەو سەركردایەتییەی ئێستای گۆڕان بێت لەنێوان بەرژەوەندی شەخسی و حزبیی لەلایەك و بەرژەوەندی گشتیی و دەنگدەرانیان لەلایەكی دیكە. ئەوەی لەماوەی ساڵی رابردوو خوێندنەوەی بۆ دەكرێت، ئەگەر گۆڕان ئەم چوار ساڵە بەردەوام بن بەم ریتمە، وەك داری وشك بوو دەنگدەریان پێوە نامێنیت، چونكە لەبری جێبەجێكردنی بەڵێنەكانیان، ئێستا بوونەتە باش كاتبی پارتی و پینە بۆ كەموكوڕییەكانی ئەم حكومەتە دەكەن، ئەمەش پێچەوانەی هەڵوێست و ویستی دەنگدەرانیانە.

2- نێچیرڤان بارزانیی وەك ركابەرێكی بەهێز:
جێگری سەرۆكی پارتی و كەسایەتییەكی بەهێزی ناوخۆی ئەو حزبەیە خاوەنی نفوزێكی زۆرە لەناو حزب لەدوای سەرۆكی پارتی. خاوەنی توانایەكی ئابوریی زۆر گەورەیەو پەیوەندییەكی تایبەتی هەیە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی توركیا (كە ئێستا خاوەنی نفوزێكی گەروەیە لەزۆنی زەرد). هەژمونی نێچیرڤان بەسەر كەرتی نەوت و گلدانەوەی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەجۆرێك لەجۆرەكان گرەنتی بەهێزبوونی لەرووی ئابورییەوە بۆ دەكات، هەر بۆیە ئەوە حكومەت ساڵێكە دەستبەكاربووە كەچی نەتوانراوە وەزیری سامانە سروشتییەكان دابنرێت و نەشتوانراوە ئاشتی هەورامیی لە حكومەت دوربخرێتەوە، چونكە كلیل و پاسوۆردی بەشێك لە دەرگای ژورە نهێنییەكان لەدەستی نێچیرڤان بارزانییەو ئاسان نییە دەست بۆ بردنی.
بەدیوێكی دیكە، سیاسەتی نێچیرڤان بارزانیی لەماوەی دوای دەستبەكاربوونی وەك سەرۆكی هەرێم سیاسەتێكی تەواو جیاواز بووە لەگەڵ ئامۆزاكەی. لەدوای كۆتایی هاتنی كۆنگرەی چوارەم و هەڵبژاردنی سەرۆك و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی، پیرۆزبایی سەرۆك و سەركردایەتی نوێی یەكێتی كردو وەك سەردەمێكی نوێ‌ لەژیانی سیاسی یەكێتی پەیوەندییەكانی رێكخست، بەڵام بەپێچەوە نە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و نە (مەسرور بارزانی) كوڕی وەك سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران پیرۆزباییان نەكرد، ئەمەش نیشانەی پرسیار بوو لای یەكێتی، بۆیە هیچ پەیوەندییەكیان لەگەڵیان دروست نەكردووەو ئەو هەڵوێستەی سەرۆكی پارتی و كوڕەكەی، وەك پەرچە كرداربوو بەرامبەر ترسی گۆڕان لەناوخۆی یەكێتی و ئەو تیمەی وەك رێبەری یەكێتی هەڵبژێردران، بەتایبەت لاهور شێخ جەنگی كە ئێستا خاوەنی نفوزێكی گەورەیە لەسەركردایەتی و ناو جەماوەری یەكێتیی. لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان و گروپ و لایەنە جیاوازەكانی بەغداو تەنانەت ئەمریكاو بریتانیا و ئەوروپا پەیوەندییەكی باشی هەیە.
لەلایەكی دیكە لەو ماوەیەدا كە گرژی و ناخۆشی لەنێوان یەكێتیی و پارتی هەبووە، نێچیرڤان بارزانیی كاریگەر نەبووەو بەگرژییەكان، بەڵكو پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ سەرۆكایەتی یەكێتیی هەبووەو پرس و راوێژی بە لاهور شێخ جەنگی وەك سەرۆكی یەكێتی كردووەو یەكێتیش ئەویان وەك سەرۆكی هەرێم سەرپشك كردووە بەناوی یەكێتی و پارتی و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لەپرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق وڵامی بەغدا بداتەوە. هەروەك لەو گرژیانەی چەند رۆژەی رابردووی زینی وەرتێ‌ و بۆردومانەكانی توركیا، دوبارە پەیوەندی كردووە بە لاهور شێخ جەنگیی و دەستپێشخەری ئاساییكردنەوەی دۆخەكەی كردووەو دوو رۆژێكە هەڵمەتی راگەیاندن لەدژی یەكتر وەستاوە.
هەڵسوكەوتی نێچیرڤان لەگەڵ یەكێتی، لەسەربنەمای تێكەڵنەكردنی سەرۆكایەتی هەرێم بووە لەململانێی سیاسی و خۆنەكردنە تەرەف بووە لەودۆخە، كە ئەمە سیاسەتێكی ژیرانەیەو هیچ لایەك لەخۆی ناكاتە نەیار. لەبەیاننامەو لێدوان و شەڕی راگەیاندنیش تائێستا نێچیرڤان بارزانی ناوی نایەت وەك بەشێك لەململانێ یان وەك جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان.
هاوكات نێچیرڤان بارزانی تاكەكەسە لەناو پارتی دیموكراتی كوردستان پەیوەندی سەقامگیری لەگەڵ یەكێتی هەیەو سەرۆكایەتی یەكێتیش تەنها لەڕێی ئەوەوە مامەڵەیان لەگەڵ پارتی كردووە نەك لەگەڵ (باڵ) یان ئاراستەكەی دیكەی ناو پارتی، بەو پێیەی نێچیرڤان تێگەیشتنی بۆ سیاسەت و ئیدارەدان و بەرژەوەندی هەردولا باشترە. زۆرجاریش دەگوترێت نێچیرڤان بارزانی كاریگەرە بەتێگەیشتنی سەرۆك مامجەلال لەسیاسەتكردن و ئیدارەدان و حكومڕانیی، هەروەك لەرابردووش پەیوەندییەكی بەتینی لەگەڵ تاڵەبانیدا هەبووە، بۆیە لەجموجۆڵە سیاسییەكانی بەشێك لەهەڵسوكەوتەكانی مامجەلال دوبارە دەكاتەوە.


نێچیرڤان بارزانی لەدوای دەستبەكاربوونی وەك سەرۆكی هەرێم، پەیوەندییەكانی لەگەڵ رۆژئاوای كوردستان باشترە، پەیوەندی تایبەتی لەگەڵ مەزلوم عەبدێ‌ هەیە. لەماوەی رابردوو مەزڵوم دەستپێشخەری كرد بۆ ئاشتبونەوەی پەیەدەو گروپی ئەنەكەسە، نێچیرڤان بارزانیی پشتیوانیی لێكرد بەڵام باڵەكەی دیكەی پارتی، پشتیوانیان لێنەكردو لەبەرامبەر ئەو دەستپێشخەرییە گروپی ئەنەكەسەیان رەوانەی ئەنقەرە كردو هەوڵەكە لەبارچوو. لەماوەی چەند رۆژی رابردووش، نێچیرڤان بارزانی تایبەت بۆخۆی تیمێكی پزیشكانی هەرێمی كوردستانی رەوانەی رۆژئاواكرد بۆ هاوكاریكردنیان لە پرسی ڤایرۆسی كۆرۆرنا، ئەمەش لەزاری لێپرسراوانی رۆژئاوا باسكرا.
نێچیرڤان بارزانی تاكە كەس بوو لە كاربەدەستانی پارتی ناڕاستەوخۆ دژی ریفراندۆمی ئەیلولی 2017 بوو، دژبونی نێچیرڤان وەرچەرخانێكی گەورەبوو لە جیاوازیی ئەو لەگەڵ ئاراستەو باڵەكەی دیكەی ناو پارتی و لەشێوازی سیاسەتكرن. لە كەمپینەكانی ریفراندۆم دەرنەدەكەوت و لەدوای پەلامارەكانی حەشدی شەعبی و هێزە عیراقییەكان بۆسەر خاكی كوردستان، لەگەڵ قوباد تاڵەبانی رۆڵێكی گرنگیان گێڕا لەهێوركردنەوەی بارودۆخ و پەیوەندی لەگەڵ بەغدا.


لەكۆی ئەو شیكردنەوەی سەرەوە لەوە تێدەگەین كە ئەم حكومڕانییەی ئێستای هەرێم پێویستی بەپێداچونەوەی ریشەیی هەیە لەسەربنەمای رێككەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەكان بەتایبەت پارتی و یەكێتیی. ئەو سیاسەتەی ئێستای حكومەت، لەباتی دەربازكردنی هەرێم لەو قەیرانە چاوەڕوانكراوەی ئابوریی كە بەرۆكی هەموو دونیای گرتووە، گرژی سیاسی بەدوایخۆیدا دێنێت، نەخاسمە ئەو گۆڕانە نوێیەی ناوخۆی یەكێتی، دەرفەتی بەردەوامبونی هەژموونی تاك حزبیی و تاك رەنگیی بەسەر حوكمڕانیدا تەسكدەكاتەوەو پرسی هاوسەنگكردنی دەسەڵات لەكوردستان دەبێتە پرسێكی جددی و بەبێ‌ هاوسەنگبونەوەو دابەشكردنی دەسەڵات و شەراكەتی راستەقینە لەبڕیاردان، كوردستان سەقامگیریی بەخۆیەوە نابینێت.

20/04/2020



وتارەکانی تری نوسەر