موچە نییە بیدەنە خەڵك بەڵام..

سەرتپ جەوهەر
حكومەت لە دەیان ملیۆن دۆلاری باجی كۆمپانیای (كار) خۆشدەبێت


تەماتە بووە ناونیشانێكی زەق لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، هێرشێكی زۆر كرایە سەر وەزیری پەیوەندیدار، لەلایەكی دیكە پارێزگاری هەولێر رایگەیاند گەورە سەرمایەدارێك بۆ هاوكاری جوتیاران بەرهەمەكانیان دەكڕێتەوە!
من قسەم لەسەر وەزارەتی كشتوكاڵ و لێدوانەكانی وەزیر نییە، كە لەبنەڕەتدا وەك هەموو جومگەكانی حوكمڕانیی (التی لاحول لها ولا قوە) دۆشداماوەو هیچ شتێكی لەدەسەڵاتدا نییە، چونكە رێگاكانی دەوری هەولێر داخراون و رێگە بەهەناردەی بەرهەمەكان نادرێت، بەڵكو قسەم لەسەر كابرای كۆمپانیای (كار)ە گوایە هاوكاریی جوتیاران دەكات و وەك موزایەدەش بەخەڵك دەیفرۆشنەوە.
ئەمە لەكاتێكدایە خەڵك بەشێك لەراستییەكانی ئەم حوكمڕانییە نازانێت كە ئەو پارەیەی گوایە هاوكاری خەڵكی پێدەكەن وەك ئەوەی پارەی خۆیان بێت! بەڵكو كورد وتەنی (دۆنی گایە لەگای دەدەنەوە) و سامانی ئەم وڵاتەیە شاباشی دەكەن.
كۆمپانیای كار، ساڵانە 720 ملیۆن دۆلار بەكاش لەم حكومەتە وەردەگرێت كە لەبنەڕەتدا سامان و پارەی ئەم میللەتەیە دەدرێتە ئەو كومپانیایە. خراپتر لە 38% بۆ %40 نەوتی كوردستان لەلایەن ئەو كۆمپانیایە دەردەهێنرێت! لەوەشدا پارەیەكی مفت وەردەگرن! بێگومان هەموو ئەو گرێبەستانەی دراوەتە ئەو كۆمپانیایە لەلایەن سەرۆكی پێشووی حكومەتەوە بووەو كۆمپانیاكەش كورد وتەنی (خۆمانەیە!) ئەمە جگە لە پاڵاوگەی كەورگۆسك (كەلەك) كە رۆژانە دەیان هەزار بەرمیل نەوت دەپاڵێوێت.
لەوە سەیرتر، كۆمپانیای كار لەپاڵاوگەی كەورگۆسك لەدەستبەكاربوونیەوە ( زیاتر لە 10 ساڵە) تا ساڵی 2019 هیچ باجێكی نەداوەتە حكومەت، كە نازانرێت چەندەو مەزندە دەكرێت دەیان ملیۆن دۆلار! لە سەرەتای 2019 بەبڕیارێكی حكومەتە چاكسازەكەمان پرۆژەكەیان كردە پرۆژەیەكی وەبەرهێنان. كۆمپانیاكە نەك باجی حكومەتی نەدا كە ساڵانە ملیۆنان دۆلارە، بەڵكو 10 ساڵیش لەباجی دەرامەت لێی خۆش دەبن!
من لێرەدا وەك هاوڵاتییەكی ئەم وڵاتە كاولبووە لە وەزیری دارایی و لایەنی پەیوەندیدار دەپرسم، كۆمپانیای كار چەندی باج لەسەر بووە؟ بەچ قانونێك لەباجی سەر ئەو كۆمپانیایە خۆشبوون و كێ‌ ئەو بڕیارەی داوە؟
ئەم كارەی حكومەت و لایەنی پەیوەندیدار لەكاتێكدایە كە شەش مانگە تەنها موچەی دوو موچەی فەرمانبەران دراوە، كەچی لە ملیۆنان دۆلار باجی سەر كۆمپانیاكانی خۆیان خۆش دەبن.
بێگومان ئەوەی باسی دەكەم تەنها كۆمپانیای كار نییە، فەرموون لایەنە پەیوەندیدارەكان لێگەڕان و پشكنین بۆ دۆسیەی پرۆژەكان (باجدەرە گەورەكان) بكەن بزانن دەیان و سەدان پرۆژە دوای چەندین ساڵ لەپێناو نەدانی باج كە پارەو سامانی خەڵكە، نەكراوەتە پرۆژەی وەبەرهێنان و 10 ساڵ لەباج نەبوراون؟ ئەوەیان بۆ حكومەت لایەنی پەیوەندیدار جێدەهێلم كە بڕیارە موچەی داهاتوو زیاتر لە 40% موچەی فەرمانبەران و موچەخۆران ببڕێت.
بڕیاربوو ئەم كابینەیە كابینەی چاكسازیی بێت، ئەوەیە چاكسازییەكەتان؟


• پرۆژەی پاڵاوگەی (كەلەك و بازیان) لەدوای 2007 لەلایەن حكومەتی عیراقەوە دەستكرا بەدروستكردنی بەرلەتەواوبوونی رادەستی حكومەتی هەرێم كرا، لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە دراوە بەدوو كۆمپانیای (كار) لەهەولێرو (قەیوان) لەسلێمانی. ساڵانە مەزندە دەكرێت سەدان ملیۆن دۆلار داهاتیان بێت.

09/07/2020



وتارەکانی تری نوسەر