دوا بزماری ترمپ لە رۆژئاوای كوردستان

سەرتپ جەوهەر
ئەو گومانەی دەكرا سەبارەت بەهەوڵی دۆناڵد ترەمپ بۆ جێبەجێكردنی بەشێك لە پلانەكانی توركیا لە ناوچەكە بەر لەرۆیشتنی، خەریكە ببێتە راستیی. لەدوای دەرچوونی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا دەنگۆیەك بڵاوبویەوە كە بەرێككەوتن لەگەڵ روسیا، ترەمپ بێدەنگی دەكات لەگرتنی چەند ناوچەیەكی دیكە لەرۆژئاوای كوردستان لەلایەن توركیاوە، بەتایبەت شارۆچكەی عێن عیساو دەوروبەری.

ماوەی چەند رۆژێكە هێرش و پەلامارەكانی توركیا لەڕێی گروپە توندرەوەكانەوە بۆسەر عێن عیسا زیادی كردووەو ئەمریكاو روسیاش خۆیان لێ‌ بێدەنگ كردووە. ئەگەر ئەو شارۆچكەیە داگیربكرێت، ئیدی شاری كۆبانی كە ئێستا دەوردراوەو تەنها دەریچەیەك لێی هەناسەبدات لەڕێی عێن عیساوەیە، دەكەوێت و روبەرووی كارەسات دەبێتەوە. نەخاسمە ئەو شارە زۆرینەی رەهای كوردن و لەماوەی 10 ساڵی رابردوو لەژیانێكی پڕ كولەمەرگی ژیانیان بەسەربردووە.

هەرچەندە تائێستا هیوایەك هەیە كە ئەم مەترسییە نەبێتە راستیی، بەڵام داگیركردنی عێن عیساو دواتر كۆبانی، بارودۆخێكی نوێ‌ لەرۆژئاوای كوردستان دەهێنێتە پێش. لەلایەك لەوانەیە 100 هەزار كورد كە خەڵكی كۆبانیی باكوری رەققەو و دەوروبەرین، ئاوارەی ناوچەكانی دیكەی رۆژئاوای كوردستان بن و باری ژیانی رۆژئاوای كوردستان زۆر گرانتر بێت، بەتایبەت بەهۆی داگیركاریی سەرێكانی تا گرێ سپی نزیكەی 250 هەزار ئاوارە روویان لەناوچەكانی دیكەی رۆژئاوای كوردستان كردووەو گرفتی نیشتەجێبوون و ژیانیان زۆر گرانتر كرووە. ئەگەر ژمارەیەكی دیكەی ئاوارە روو لە ناوچەكانی دیكە بكات ئەوا باری ژیان هێژ گرانتر دەبێت، خۆ ئەگەر تەماشای خراپتربوونی باری ئابوریی سوریاو دابەزینی نرخی لیرەش بكەین ئەوا كاریگەرییەكانی ئەو داگیركارییە زۆرتر دەبێت.

بەدیوێكی دیكە ئەگەر كۆبانیی بكەوێت، كە شوێنێكی ستراتیژییە بۆ رۆژئاوای كوردستان و دەریچەو راڕەوی پەڕینەوەیە بەرەو رۆژئاوای فوریات لەپردی قەرەقۆزاخ، بەرەو ناوچە كوردستانییەكانی دیكەی وەك عەزازو عەفرین و باكوری حەلەب. ئەگەر ئەم كردە سەربازییەی توركیا بەهاوكاری روس و بێدەنگی ئەمریكا سەربگرێت، خەونی دوبارە ئازادكردنەوەی ناوچە كوردستانییەكانی رۆژئاوای فورات ئەوەندەی دیكە دووردەكەوێتەوە. چونكە كۆبانیی و دەوروبەری جیاواز لەناوچەكانی دیكەی بەمدواییە داگیركران، زۆرینەی رەهای دانیشتوانەكەی كوردن، بەداگیركردنی ناوچەیەكی دیكەی كوردستانی دەكەوێتە بەر شاڵاوی بەعەرەبكردن و بەتورككردن و زیانێكی گەورەی دیموگرافی بەرۆژئاوای كوردستان دەگات.

دیوێكی دیكەی رووداوەكە بریتیە ئاستەنگ دروستكردن لەبەردەم هەوڵی ئەمریكا بۆ گەڕانەوە بۆسەر هێڵی ستراتیژیی رابردووی خۆی لەسوریا لەدوای رۆیشتنی ئیدارەی ترەمپ كە تەنها مانگێكی ماوە. ئەوەی گومانی لێدەكرێت ئەوەیە كە ترەمپ بیەوێت لەماوەی ئەو مانگەی داهاتوو گرفت بۆ ئەو هەوڵەی جۆ بایدن لەناوچەكە دروستبكات وەك لەمیدیاكان باسكراوە. چونكە هەموو ئاماژەو لێدوانەكانی بایدەن و هاوكارانی بەئاراستەی گێڕانەوەی هەژموون و هێزی ئەمریكایە لەسوریا لەدوای دەستبەكاربونیان، بۆیە لەوانەیە ترەمپ ئەو ئاڵۆزییە دروستبكات، نەخاسمە ئەمریكا خواستی هەیە هێزو هەژموونی خۆی لەسوریا بگەڕێنێتەوە پێش داگیركارییەكانی سەرێكانی و گرێ سپی، بەڵام پێدەچێت ترەمپ ئاڵۆزی بكات.

20/12/2020



وتارەکانی تری نوسەر