حزب و بڕوانامەی ساختە

د. رەوف عوسمان


دەمێكە لەنێو حزبە كوردیەكاندا دیاردە یەكیی نامۆ و دور لە پرنسیپە زانستـی  و  پیشەیی و شارستانێكان پیادە دەكرێت .  كۆمەڵێك خەڵك لە كاتی دابەشكردنی پۆستە حكومییەكان بەسەر  حزبەكاندا سیڤی قەبە و گران پردەكەنەوە و  چەندەها دۆكیومێنت و بروا نامەی تێدە هاون بە تایبەت شەهادەی  دكتورا , گوایە لە دەرەوەی وڵات بەدەستیان هێناوە  و خۆیانی پێدەبەنە  پێشێ لای  حزبەكانیان بۆ پۆستە باڵاكان  , ئیتر ئەم حزبانەش بێ    بەڵابن !  ناپرسنەوە ئەم بڕوانامایە چۆن بەدەست هاتوە و تاچەند ڕەنگی داوەتەوە لە  ژیان و پیشە و هەڵسوكەوتی ئەم كەسایەتیەدا , دیارە لێرە دا  تەكەتول  و  چەمانەوە  و مەحسوبیەت  و  زمان  لە خەڵك  دان و ... هتد ڕۆڵی كارا دەبینێت لە كاندید كردنیاندا , ئیتر لێرەوە كارەساتەكە دەست پێدەكات , باشتر وایە  لیژنە و بڕیاردەری ئەو كەیسە پرسی ڕاو بەدواداچون  بكەن  لەم بڕوانامانە , بە تایبەت هی وڵاتانی ئەوروپای خۆرهەڵات و ڕوسیای  سەروبەندی برۆستوریكا , كە لە دەمێكەوە لە ژێر پرسیاری جددی خەمخۆرەكانی زانستدایە  . لەسەرو بەندی روخانی ڕژێمی سۆڤـێتیدا  هەژاری و برسێتی و نەداریی بە جۆرێك لە و  وڵاتە پەرەی سەند بوو , ئینسان دەفرۆشرا  چ جای بڕوانامە , هەر بڕوانامەیەك لە و سەردەمانەدا  بە دەست هێنرابێت  لە ژێر پرسیاردایە  و جێگای متمانە نیە  , تەنانەت زۆرێك لە زاناكانی سۆڤـێت لە تاو هەژاری برسێتی ڕویان لە وڵاتان كردو زانستەكەیان  هەرزان فرۆش كرد . ئەوەی جێگای خەم و كارەساتە  ئەوانەی دەبێت بەدوادا چون بكەن بۆ بڕوانامەكان , خۆیان هەڵگری بڕوانامەی باڵا نین و نا حاڵین بە كەیسەكە و گرێی خۆبەكەم زانین (عقدە النقص) یان هەیە بەرامبەر  بڕوانامەی باڵا , واتە    ( فاقد الشیئ لا یعگی ) . دەبێت لەم بوارەدا بپرسرێت  لە كوێ  و  كەی  بڕوانامەی ئامادەیی و كۆلێژت بەدەست هێناوە  و لە كام قوتابخانە و زانكۆ ؟!  كوا بڕوانامەی  ماستەرەكەت و لە كوێ و لە چ ساڵێكدا وەرت گرتوە ؟! كێ سەرپەرشتیارت بوە ؟ تێزەكەت  كامەیە  ؟  چونكە زۆرێك لەم بەڕێزانە بازیان داوە بەسەر ماستەردا و یەكسەر لە قۆناغی دكتورادا وەرگیراون !! 
دەبێت ئەوەش بزانرێت كە ئایا پەیوەندی  هەیە لە نێوان تایبەت مەندێتی بابەتی  قۆناغی كۆلێژو دكتۆ را دا ؟ چونكە هەن لە  كۆلێژی  كشتوكاڵی  یان  زانستی  فیزیا  و  كیمیا دا  دەرچوون , بەڵام  دكتوراكە  یان باسی  سیاسەت و  مێژوو و یاسا و كۆمەڵناسی دەكات !! 
واتە لەم حاڵەتەدا پرۆفیشناڵی بەدەست نایەت و زانیارێكان پەرت دەبن  , كە واتە وەك دەڵێن حوشتر و قاپ قاپ , ئەوە لفكە ئەوە لیرە !! ئەم لادان لە هێڵە لە زانكۆكانی كوردستان  و عێراقدا رەفزە . خۆ ئەگەر داوا لەم بەڕێزانە بكەیت تێزەكەت وەرگێڕە سەر زمانی كوردی  یان  عەرەبی  بۆ ئەوەی دەرگای  توێژینەوە و  هەڵسەنگاندن بكرێتەوە لە بەردەم پسپۆرەكاندا و متمانە دروست بێت , دیارە ئامادەی  ئەم  كارە نین  و ئەمەت بمرێ ناوی ئەوە مەبە, چونكە خۆیان  دەزانن  چیان كردوە !! زۆرێك لە خاوەنی ئەم  بڕوانامە  گوماناوی و ساختانە دوای خەڵەتاندنی حزبەكانیان و وەرگرتنی پۆستی باڵا خشتێكیان نەخستۆتە سەر خشتێك و بونەتە بار بەسەر  ئەو فەرمانگەو شوێنەوە كە كاریان تیاكردوە .
هەربۆیە گەرەكە چ حزب چ حكومەت پێداگری لەوەشدا بكەن , كە دەبێت  تێزی  بڕوانامەی  كاندید كراو , بگونجێت لەگەڵا ئەو شوێن و پۆستەی كەبۆی دەست نیشان دەكرێت و كاری بۆ دەكات , چونكە دوریی و نەگونجانی تێزی بڕوانامەكە  لەگەڵ  ئەو پۆستەی كە بۆی  دیاری  دەكرێت  گەورەترین  زیان دەگەیەنێت بەو فەرمانگەیە , خاوەن پۆستیش نەك  دەبێتە بارگرانی  , بەڵكو دەبێتە گاڵتەجاریش .
ئەم دیاردە نازانستی و ناپیشەییەی كە حزبەكان پەیڕەوی دەكەن هۆیەكی كاریگەرترە بۆ دواخستنی ئاستی فەرمانگە و وەزارەتەكانی كوردستان و نەچونە پێشەوەی تاقیكردنەوەی ئێستامان . ئەگەر حیزبەكان ئەركی بەدواداچون و لێپرسینەوەیان لەم بڕوانامانە لەبەر هەر هۆیەك  ئەنجام  نەدابێت , گەرەكە ئەنجومەنی  وەزیران و وەزارەتی خوێندنی باڵا و پەروەردە  و  فەرمانگەكانیان زۆر بەوردی و جدیانە بەدواداچون بكەن  بۆ بڕوانامەی هەربەڕێزێك كەلەو فەرمانگەیە دەست بەكار دەبێت , بۆ گەڕانەوەی شكۆ بۆ پێوەرە زانستیەكان و بڕوانامە ڕەسەنەكان , نەك هەرئەمە بەتەنیا بەڵكو بۆ ڕێگا بڕینەوە لەهەركەسێك  كە شكۆ و  قودسیەتی  بڕوانامە لەباربەرێ و بە حسابی خۆی  حزبەكەی و حكومەتی هەرێم و خەڵكەكەی بگەوجێنێت .
بۆگەیشتن بە حەقیقەت و متمانە و دڵنیایی ,دەبێت بەر لە نامەی دكتورا ئەم بڕوانامانە هەبن  و خوێندكار بەم قۆناغانەدا تێپەڕی بێت .
1-بڕوانامەی شەشی ئامادەیی , هەرچەندە بڕوانامەی (دار المعلمین) یەكسانە بەشەشی ئامادەیی
2-بەكالوریوس
3-ماجستێر
4-دكتورا
هەر بڕوانامەیەكی  دكتورا بەپێی  یاسا و ڕێنمایی  عیراقی  و كوردستانی بەم پلە بەندیانەدا  نەڕوات , واتا بازدانی  تێدابێت  لە ئامادەییەوە  یان  بەكالۆریۆسەوە  یەكسەر  بۆ دكتۆرا , جێگای گومان  و  ساختەیە و لەدەرەوەی یاسایە , ئەم بەدواداچون  و لێپێچینەوەیە  جگە لەوەی ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتمانی و پیشەییە , رێگا  لەهەموو ئەوانە دەگرێت كە پۆستی شیاو  بۆ خاوەن  شەهادەی  ساختە دابین دەكەن  و  وەزارەت  و فەرمانگەكانی كوردستانی پێ كاول  و ڕەنج بەخەسار دەدەن , گەرەكە  ئەركی كابینەی نوێ  بەر لەهەرشت بەدواداچون  بێت  بۆ بڕوانامەی خاوەن پۆستە نوێكان , چونكە سەركەوتنی ئەم كابینەیە بەندە بە جیاكردنەوەی بڕوانامەی  یاسایی و راست و رەوان لە ساختە و گومانەوە , ئەوەی كە پاڵی پێوەنام بۆ نوسینەوەی ئەم بابەتە سكاڵای كۆمەڵێك خاوەن بڕوانامەی فەرمی باڵای كوردستان و عیراقن كە تا ئێستا جێگای  شیاو و  دامەزراندنیان دەست  نەكەوتوە و لەوەدەچێت هەست بەو زوڵمەبكەن  كە  بڕوانامەی گوماناوی و ساختەی دەرەوەی وڵات جێگای پێ لێژكردبن و شەهادە ساختەكان چانسی دامەزراندن و بەرەو پێش چونیان  لەمان زۆرتر بێت , واتە وەك ادم سمپ گەورە ئابوری ناسی  ئەمریكا دەڵێت                                  (العملە الردئیە تگرد العملە الجیدە) .
لای من شیاوترە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەم بوارەدا چاوكراوەتر بێت و بەیەك مەسافە بوەستێت و باڵانس ڕاگرێت بەرامبەر هەردوو گروپەكە , بە مەرجی پابەندبون بە پرنسیپە زانستی و ئەكا دیمێكان و نەبەزاندنی  ڕێنماییەكان و پێویستی بابەتی تێزەكە بۆ فەرمانگەكان .

26/11/2019



وتارەکانی تری نوسەر