گوێیان لی مەگرن

سمکۆ ئەسعەد ئەدهەم


پێویستە ، گوێ‌ لەو كەسانەی دژی ئەم یاسا نوێیەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق لێدوان ئەدەن ، نەگرین .

 

ئەم یاسا نوێیە ، لیستی حزب و هەڵلای ڕەنگ و هەڵمەتی بەرچاوتاریككردنی دەنگدەران ناهێڵێت .

 

ئەم یاسایە دەرفەت بۆ هەر تاكە كەسێك ، لەسەر ئاستی بازنەیەك ئەڕەخسێنێت ، تا دەنگی دانیشتوانی بازنەی ژیان وهەڵكەوتن و دەركەوتنی خودی ئەو كەسە كۆ بكاتەوە ، كەس بە ناوی لیستەوە لێی نەسەنێت .

 

بەم یاسایە ، دنگدەرانی هەر بازنەیەك ، دڵنیا ئەبن لە پێگە و مەودای دەنگەكانیان ، كەس ناتوانێت دەنگەكانیان (ئاودیوی) بازنەیەكی تر بكات وكەسێكی نامۆ بكات بە نوێنەریان .

 

بەم یاسایە ، ڕێژەی بەشداری دەنگدەران لەپرۆسەی هەڵبژاردنەكاندا دەچێتەوە سەرو هەفتاوپێنج لەسەدا ، نەك چل و پێنج.

 

بەم یاسایە، ناسنامەی هاوڵاتیبون زاڵترو كاریگەرتر دەبێت بەسەر ناسنامەی حزبیدا ، بەم یاسایە ، نوێنەرە دەرچوەكانی بازنە جوگرافیەكان ، ناتوانن سازشكارییەكانی پێشتر دووبارەبكەنەوە ، ناتوانن كڕین وفرۆش بە هەڵوێستە چارەنوسسازەكانەوە بكەن ، ناوێرن بەردەوامیبدەن بەو بابەتانەی چواردە ساڵە دەگوزەرێت .

 

پێویستە هاوڵاتیانی كوردستان گوێ‌ لەو دەنگانە نەگرن كە ئەیانەوەێت بیانترسێنن بەو یاسایە ، ئەو دەنگانەی دەڵێن ( .. ئەم یاسایە بۆ بەرژەوەندی حزبە گەورەكانە) مەبەستیانە هاوڵاتیان (دەنگدەران) نا ئومێد بكەن لە ڕووكردنە سندوقەكانی دەنگدان ، تا سەر لە نوێ‌ كارەكانی پێشوتری پێش دەرچوونیئەم یاسایە ، دوبارە بكەنەوە .


 

26/12/2019



وتارەکانی تری نوسەر