كۆرۆنا و نیولیبراڵیزم

هیوا عومەر

مامەڵەكردن لەگەڵ ڤایرۆسی كۆرۆنا، تەنیا بابەتێك نییە، پەیوەندی داربێت بە زانستی پزیشكی و تاقیگەپزیشییەكان. ئەگەر پرسەكە لە ئاستی توێژینەوەی زانستی پزیشكی لەسەر ڤایرۆسەكە، چۆنیەتی درستبون و ژینگەی گەشەكردن و چۆنیەتی خۆپارێزی وەلا بنێین، بۆ توێژەرانی ئەم بوارە، ئەوە بە دیوە سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتییەكەی، خوێندنەوە و توێژینەوەی زۆر هەڵدەگرێت.

 

تادێت چڕتر مۆدێلی سیستەمی سەرمایەداری تازە، هەنگاو بە هەنگاو بەسەر كۆمەڵگای مرۆڤایەتی بەگشتی و رۆژهەڵاتی ناوەرست بە تایبەتی فەرزدەكرێت . بەتایبەتیكردنی كەرتی تەندورستی و نەهێشتنی وەك موڵكی گشتی و هەراجكردن و فرۆشتنی بە مافیاكانی بزنس لە چوارچێوەی سیاسەتی بەتایبەیتكردن و بە تاكیكردنی هەمووشتێك، بەشێكی سەرەكی پاكێجە فراوانەكەیە، لە چوارچێوەی رەچەتەی نیولیبرالیزمدا.

 

لە سایەی ئەم سیستەمەدا هەمووشتێك لە چوارچێوەی قازانج و كۆكردنەوەی پارە بۆ كەمینەیەك دیزاین دەكرێت ، لە وەها دۆخێكدا نەخۆشكەوتنی زیاتری مرۆڤ یەكسان دەبێت بە قازانجی زیاتری ئەوان، بۆیە سیاساتی تەندروستی لەمرۆدا بۆ نەخۆشە نەك بۆ مرۆڤێكی ساغ ، واتە مامڵەكردن لەگەڵ دەرئەنجام نەك هۆكارەكەی.

 

لە ئاستی جیهان و ناوەخۆدا بەرزبونەوەی رێژەی نەخۆشییە جەستەیی و دەرونی و درێژخانەكان ، سەرەنجام دابەزینی ئاستی ناوەندی تەمەن هتد ... دابڕاونییە لە لێكەوتەی ئەم سیستەمە. لە كاتێكا رۆژ لە دوای رۆژ حكومەتەكان واز لە ئەرك و بەرپرسیارەتییە جڤاتییەكانیان دەهێنن و پاشگەزدەبنەوە لە بیمە تەندروستی و كۆمەڵایەتییەكان لە ژێر رۆشنایی رەچەتەكانی سیستەمدا. هەر ئەم بەهای قازانج پەرستیەیە لە بڕی رووبەروو بونەوە، كار بۆ بەكارهێنان و ئیستغلاڵكردنی دەكات بۆ بەرژەوەندی كۆمپانیا و شەڕی زلهێزەكانی جیهان لە ئاستی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، ئەمەش هۆكاری گەورەكردنیەتی.

 

لە ئاستی ناوەخۆی هەرێمی كوردستان تا نوسینی ئەم وتارە دەزگا فەرمییەكان هیچ حالەتێكیان رانەگەیاندوە، بەڵام پرسیارێك رووبەروومان دەبێتەوە، رەنگە زۆربەشمان لە خۆشمان كردبێت . لە حالەتی بڵاوبونەوەی لە هەرێمی كوردستان سیستەمی تەندروستی ئێمە تاچەند بەرگەی رووبەروو بونەوەی پەتایەكی وەها دەگرێت؟ لە كاتێكا ماوەی چەندساڵێكە كەوتونەتە هەراج كردن و فرۆشتنی كەرتی تەندروستی گشتی، بۆ كەرتی تایبەت.

 

- لە چوارچێوەی سیاسەتی نیولیبرالیزم شتێكمان ماوە بەناوی سیاساتی تەندورستی نیشمانی و پاراستنی تەندروستیمان ؟

 

- ئەمرۆ سیاساتی تەندروستیش نەدراوەتە دەست بزنسوانان و كۆمپانیا حزبییەكان ؟

 

- نەبوونی بیمەی تەندروستی و تەرخانكردنی تەنها لە %5 بودجەی هەرێم بۆ كەرتی تەندروستی دەتوانێت چی پێ‌ بكرێت ؟

 

- ئەی كەرتی تایبەت چ رۆلێكی هەیە، تەنیا وەك بازرگانێك دەرفەتەكە دەقۆزێتەوە وەك لە ئێستاوە دەستیان پێكردوە، ماسكێك واتە دەمامك بە بڕی 15هەزار دیناری بەخەڵكی دەفرۆشنەوە، كە خۆی هەزاردیناری تێناچێت ؟

 

- رۆڵی میدیا چییە؟ ئەوەیە كە ئێستا دەیبنین ! لە بڕی بەرزكردنەوەی گیانی بەرگری ، دەبێتە ماشێنی بڵاوكردنەوەی ترس و تۆقاندن و بەشێك لە هیرۆشی پەتاكە .

 

- ئیستغلالكردنی ئەم پەتایە لە لایەن كۆنەپارێزەكان و بەشێك لە پیاوانی ئاینی لە بڵاو كردنەوەی جەهل و نەزانینی و هێرشەكانیان بۆسەر عقل چی بەرهەم دەهێنێت ؟ ئەی ئێستا چی دەڵێن، ئەوە وڵاتانی ئیسلامیشی گرتەوە.

 

بینینی دیالیكتیكی نەك میكانیكی هاوكێشەكە، لە چوارچێوەی هەلومەرجی ئەمرۆمان، گرنگە، جگە لە گەڕانەوەش بۆ زانست و هێز و ئیرادەی خۆمان، شتێكی تر، نامان پارێزێت. بەهێزكردنی روحی بەرگری ، رووبەرووبونەوەی ئەو ماشێنە لە جەهل و نەزانینی، لە میدیا و سۆشیالمیدا و ناوەندە كۆنەپارێزەكان، دەبێت ئەولەویەت بێت ،بۆ بینینی كێشەكە لە قەبارەی خۆیدا .


25/02/2020



وتارەکانی تری نوسەر