بەردەوامی تێكۆشانی جەماوەری و موژدەی هەڵبژاردنی پێش وەختە لە عێراقدا

هیوا عومەر

ماوەیەكی زۆری نەبرد لە دوای گۆرانكارییەكانی ساڵی 2003 لە عێراقدا، بزووتنەوەی ناڕەزایەتی كۆمەڵایەتی بەشێوەیەكی بەربڵاو و سەرتاسەری جارێكی تر سەری هەڵدایەوە. ئەم بزووتنەوە كۆمەڵایەتییە لەهەر دەرفەتێكدا كەم تا زۆر هەوڵی بەشداری سیاسی تازە دەدا و لە چەندین لایەنیشەوە توانی كاریگەری دروست بكات لەسەر گۆرەپانی سیاسی عێراق . 

هەرلەدوای گۆرانكارییەكانی ساڵی  2013  نارەزایەتی كۆمەڵایەتی، بەشێوەی جۆراو جۆر دژ بە "داگیركاری عێراق لە لایەن ئەمریكاوە" لە كوچەو كۆڵانەكان دەستیپێكرد، لە نێوان باوڕی تێكۆشانی مەدەنی و چەكداریش.

 ئەو بزووتنەوەیە لەگەڵ گۆرانكارییەكان، گۆڕانی بەسەردا هات، ساڵی 2011 لەگەڵ دەستپێكی راپەرینەكانی بەهاری عەرەبی لە بەغداو شارەكانی تریش خۆپیشاندانی بزووتنەوە كۆمەڵایەتییەكان دەستیپێكرد كە ناوەرۆكەكەی رەتكردنەوەی  سیستەمی سیاسی ئابوری تازەی  عێراق بوو. 

لەگەڵ بەردەوامی ئەو مۆدێلە لە حكومرانی و نەهاتنەدی گۆرانكاری بنەڕەتی، خۆپیشاندان و چالاكی سیاسی بزووتنەوە كۆمەڵایەتییەكان بەردەوام بوو لە ساڵانی 2011 تاوەكو 2012-  2015- دواجار لە  ئۆكتۆبەری 2019  عێراق گەورەترین كەژاوەی ڕاپەرینی لە زۆربەی شارەكانی عێراق بەخۆییەوە بینی، ڕاپەریەنێك لە زۆر لاینەوە هەڵكشانی بزووتنەوە كۆمەڵایەتییەكان لەلایەك و فەشەلی سیستەمی سیاسی ئابوری عێراقی لە لاكەی تردا ڕاگەیاند .  

بەسود وەرگرتن لە كەلێنەكانی بزووتنەوە كۆمەڵایەتییەكان لە ئاستی چەندایەتی و نەبوونی حزبی پێشڕەوو ئامادە لە ناوییاندا، بە هەندێك گۆرانكاری وەك گۆرینی سەرۆكوەزیران  و هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژادنەكان و كەمكردنەوەی ئیمتیازاتی پلە تایبەتییەكان و رەتكردنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان هاوكات لەگەڵ هاتنی پەتای كرۆنا خرۆشانی  بزووتنەوە كۆمەڵایەتییەكان خامۆش بوویەوە . 

 

لەگەڵ ڕاهاتن لەگەڵ رێكارەكانی پەتای كرۆنا و لە ساڵیادی راپەرین و خۆپیشاندانەكاندا  ئەمرۆ جارێكی تر سەرەرای فەرزكردنی رێكارە ئەمنییەكان، خۆپیشاندان و خرۆشانی جەماوەری شارەكانی عێراق دەگرێتەوە، گرتن و كوشتن وبرینداركردن ولێدان و رفاندنی هەزاران خۆپیشاندەر نەی توانی بەر بە توڕەیی و تێكۆشانی جەماوەری تاسەر بگرێت . 

جەماوەری پەراوێزخراو تێگەیشن گۆرانكارییەكان تەنیا گۆڕانی شكلین، بە پێچەوانەوە هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژادن و گۆرانكاری لە پۆستی سەرۆكوەزیران و ڕاگەیاندنی "كاغەزە سپییەكەشی " بەشێك بوون لە رەچەتەی سیاسەتی سیستەمی لیبرالیزمی تازە.

سیاسەتی داپڵۆسینی خەڵك لە بڕی وەڵامدانەوەی داخوازییەكانیان لەسەردەمی كازمیش كە وەك بەرهەمی خۆپیشاندەران خۆی نمایش دەكات بەردەوامە، لەم چەند رۆژەی رابردوو لەگەڵ بەردەوامی خۆپیشاندانەكانی عێراق، كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ ئاماری دوو رۆژی رابردووی خۆپیشاندانەكانی بڵاوكردەوە، بەپێی ئامارەكە ١٠ كەس كوژراون و ١٥٠ كەسیش بریندار بوون و زیاتر لە ٨٠ كەسیش دەستگیركراون .

 هەموو پێوەرو ئاماژەكان ئینهیاری سیستەمی سیاسی ئابوری عێراق پیشان دەدن، ئامارە فەرمییەكان باسی هەڵكشانی رێژەی بێكاری بۆ زیاتر  %40 و رێژەی هەژاری بۆ %30 دانیشتوانی عێراق دەكەن، سەرەرای نەمانی سەقامگیری و زیاد بوونی دەستوەردانی دەرەكی. 

ئەم دۆخە  هاوكاتە بە گەرمكردنی دەهۆڵی مژدەی  چارە سەرییەكان لە "ئەنجامدانی  هەڵبژاردنێكی پێشوەختە"، كە بریار وایە لە رێكەوتی 10/10ی ئەمساڵ بەرێوەبچێت. بەپێی خوێندەوە بۆ یاسای تازەی هەڵبژادن بێت،  جارێكی تر لە ئەگەری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە هێزە دەسەڵاتدارو مەزهەبی و خێڵەكییەكانی ئەمرۆ دەست بەسەر  زۆرینەی زۆری كورسیەكانی ئەنجومەنی نوێنەراندا دەگرن، لەگەڵ خۆشیدا هێزە چەپ و ئازادیخوازەكان دەخرێنە دەرەوەی پەرلەمانی عێراق . 
 لەمڕۆدا سەڕەرای مانەوەی قەیرانی بنویەوی لە دەوڵەتی عێراقدا و كێشەكانی تر... عقلیەتی تقدیس كردنی دەوڵەت و مانەوەی ناوەندێتی بۆ مسۆگەركردنی هەژموون وەك بەشێك لە دەرهاوێشتەی شۆڤینیەتی نەتەوەی سەردەست لایەنێكی  تری تابلۆی قەیرانەكە پێك دەهێنێت. نووری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق (2006-2014)، لە بەیاننامەیەكدا، رای گەیاندووە، كە ئەوەی لە پارێزگای زیقار دەگوزەرێ سەرەتایەكە بۆ ڕاگەیاندنی هەرێمێك، كە سەنتەرەكەی شاری ناسریەیە. مالیكی ئەوەشی ڕا گەیاندووە كە دامەزراندنی هەرێمێك لە زیقار لەلایەن ”لایەنی دەرەكییەوە“ پلانی بۆ داڕێژراوە ؟ . 

شێوەی دەوڵەت و سنوری دەسەڵاتەكانی لە جیهانی ئێستادا گۆڕانكاری زۆری بەسەردا هاتووە، جیا لە تایبەتمەندییەكانی ئیشكالیەتی دەوڵەوت لەم ناوچەیە وەك لە عێراق دەیبینین، ئەمرۆ لەگەڵ سیستەمی سەرمایەداری تازە شێوەی كۆمپانیایەكی ئیحتیكاری وەرگرتووە و هیچ پەیوەندییەكی بەژیانی جڤاكی و بەرپرسیارەتییەكانی نەماوە، بۆیە ناتوانین هیچ خەونێك لەسەر هەڵبژاردنەكانی داهاتوو و گۆرینی كابینەكانی هەڵبچنین جگە لە ئەگەری بەهێزبوون و خۆرێكخستن و هەڵكشانی بزووتنەوە كۆمەڵایەتییەكان لە ئاستی چەندایەتی و چۆنیایەتیدا .


03/03/2021



وتارەکانی تری نوسەر