٢٥ی نۆڤەمبەر وپێویستی بەخۆداچوونەوە

پەرێز سابیر

لە دوای ڕاپەڕینەوە توێژی ژنان ومێینە بە گشتی لە کۆمەڵگای کوردستانیدا لە پاڵ هەوڵدان بۆ بە دەستهێنانی مافەکانیاندا، بە شێوازی جۆربەجۆریش بەرەنگاری توندوتیژی  بوونەتەوە، لەگەڵ ئەوەی لەسەرەتادا تەنها پیاوە  ڕۆشنبیر و ڕوناكبیرەكان پشتیوانی مافەکانی ژنان بوون وبەئاشکرا بەرگریان لێ دەکردن، کەچی خەباتەکە بەردەوامی هەبوو و بەشێوەیەکی باشیش تەشەنەی کرد.

 

بەڵام جێگەی داخە دوای ٢٩ ساڵ كار گەیشتۆتە ئەوەی خەریکە لە سایەی پەرلەماندا توندوتیژی بەرانبەر ژنان پەردەپۆش بکرێت ئەویش لە ژێر كاریگەری كۆمەڵێكی كۆنە خوازدا كە خەریکە دەبنە ڕێگر لەوەی سزای ئەو پیاوانە بدرێت كە پێشێلکاری وتاوان بەرامبەر بە ژنان دەكەن .

لەم ماوەیەی دوای (25ی نۆڤەمبەر) کە دوهەفتەی بەگژاجونەوەی توندوتیژی دژبە ژنانە لەهەرێمی کوردستان ، دەكرێت بپرسین: ئایا لەم ماوەیەدا كێن ئەوانەی دەستی خۆیان بۆ ئەم بە گژا چوونەوەیە بەرزدەكەنەوە؟ ئەی لە چاو (٢٩) ساڵی ڕابردوودا ژمارەی داكۆكیكاران لە مافی یەكسانی چ گۆڕانێكی بەسەردا هاتووە؟ ئایا ڕێژەكە زیادی کردووە بەجۆرێك کە بگاتە ڕادەیەك جێی دڵخۆشی یەکسانیخوازان بێت ومایەی ئەوەبێت ژنان ئومێدی لەسەر هەڵچنن؟

 

بەڕاشکاوی لەبواری یاساییەوە ئەوەی ژنان دەیانەوێت ئەوەیە كە ژن ومێیینە لەلایەن پیاوانەوە نەچەوسێنرێنەوە و هەركەسێك دەستی چووە خوێنی ژنێكەوە مامەڵەی بكوژی لەگەڵدا بكرێت وژن بە مرۆڤی پلە دو تەناشا نەکرێت وخوێنەکەی شاستەی سازش نەبێت، هەرەها زەمینەی سووكایەتیكردن بە ژنان بۆ هیچ كەس و لایەنێك نەڕەخسێنرێت و وەك کاڵایەک ژنان وئازارەکانیان لە سوڵح و ڕێکەوتنە عەشایەریەکاندا نەبنە قوربانی ویاری بە ژیان و کەرامەتیانەوە نەکرێت، هەروەها هێزەکانی جێبەجێکاری یاسا کە بریتین لە ئاسایش و پۆلیس و پێشمەرگە و هێزەچەکدارەکانی تری هەرێمی کوردستان چاو پۆشی نەكەن لە گرتن و دەستبەسەرکردنی ئەو تاوانبارانەی دەستیان بە خوێنی ژنان سوورە و کەمتەرخەمی نەکەن لە جێبەجێکردنی فەرمانی گرتنیان کە لەلایەن دادگاکانەوە دەرچوون.

 

لەڕوی عورفی یاساییەوە پێویستە هەركەسێك داڵدەی یەكێك لە ژنکوژانیدا بە بەشدارێكی تاوانەکە دابنرێت و بە هەمان شێوە بدرێتە دادگا و سزای خۆی وەربگرێت، وە نابێت چاوپۆشی لەو كەسانە بكرێت كە تاوان بەرانبەر بەژنان دەکەن وخۆیان خاوەن پێگەی  بەرپرسیارێتی ڕەسمی یان كۆمەڵایەتین، وە تەنها گرتن وسزادان وەك تۆڕی ماسی تەنها ماسییە بچووكەكان نەگرێتەوە و تاوانبارە گەورە و دەست ڕۆشتڕۆیشتووەكانیش بسكەی سمێڵیان بێت و کەس لێیان نەپرسێتەوە، كە بەداخەوە هەموومان ئەمە بە چاوی خۆمان دەبینین و بووە بە دیاردەیەكی ترسناك وخەمهێنەر لە كۆمەڵگەی ئێمەدا.

 

گرنگە ساڵانە پێداچوونەوەمان هەبێت وبزانین هۆی دیاریكردنی ئەم ماوەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی چیە و لە تەواوی جیهانیشدا بۆ چی ڕۆژێك دانراوە بۆ ئەو مەبەستە؟ گرنگە لە نەهامەتیەکانی ژنان و داواکاریەکانیان وردببینەوە و لەو هۆكارانەیش بكۆڵینەوە كە دەبنە مایەی سەرهەڵدانی توندوتیژی وبەرقەراربوونی جیاوازیی ڕەگەزی و مایەی ئازار و پێشێلکاری بەرانبەر بەژنان و توندوتیژی بەرانبەریان لە ڕووی جەستەیی یان دەروونی یان ناچار كردنیان بەکاری دزێو یانیش زەوتكردنی ئازادیەکانیان.

 

ڕوون و ئاشکرایە بەردەوام لە میدیاکانەوە دەیزانین کە چەندین ژن بە هۆكاری جۆراوجۆر دەبنە قوربانی توندوتیژیەکان، بەڵام ئاخۆ هەرگیز بەشێوەی جدی ئەو پرسیارە وروژێنراوە کە: ئایا ئەم بوونە قوربانیە لە بنچینەدا كێ‌ لێی بەرپرسیارە؟ کەمتەرخەمیەکان لە کوێن وبۆچی تاوانەکان دوبارە دەبنەوە و ڕوو لە زیادبوونن؟ ناهەقمان نیە گومان بکەین لەوەی كە دەزگا پەیوەندیدارەکانیش بەشێك بن لەو عەقلیەتەی کە دۆزی ژنانیان لا گرنگ نیە و بە بایەخەوە کاری لەسەر ناکەن، یاخود حەقیقەتەكە ئەوەیە كە ژنان هەر دەبێت قوربانی بن و شیاوی ئەوە نەبن مافەکانیان بۆ وەربگیرێتەوە و ئازارەکانیان شیاوی بەزەییش نین! بەهۆی زاڵبوونی هزری پیاوسالاری بەسەر ئەو دامودەزگایانەدا..!!

 

بەشێکی کەمتەرخەمیەکان لە ئەستۆی ژنان خۆیشیاندایە، کە بۆچی خودی ژنانیش بەشێوەیەکی یەکگرتوو خەباتێکی هاوئاهەنگ و پێکەوەیی ناکەن و بزوتنەوەیەکی ڕادیكاڵی لەسەر بنەمای یەکسانی جێندەری ڕاناگەیەنن؟ ئاخۆ ڕێكخراوەكانی ژنان تاچەند توانیویانە داکۆکیکاری ڕاستەقینەی ژنان بن لە بەر ڕۆشنایی ئامار و داتاکانی تایبەت بە ژنان و توندوتیژی بەرامبەر ژنان لە ماوەی نزیکەی سێ دەیەی ڕابردودا؟ بێگۆمان زۆر ئاسان دەتوانین بڵێین ڕێكخراوەكانی ژنان و ئافرەتان بە گشت ئاراستە وجیاوازیەکانیانەوە نەیانتوانیوە قەوارەیەكی مەعنەوی و لانەیەکی ئارام بۆ ژنان دروست بكەن و ببنە هێزێكی گوشار و پێگەیەكی سەربەخۆ لە كۆمەڵگەدا دابكوتن وخۆیان سەنتەری داوخواستەکانی ژنان بن، بەڵکو هەمیشە چاوەڕێی بە خششی ڕەگەزی بەرامبەر بوون کە شتکیان پێ ببەخشێت!

 

بۆیە حەقی خۆیەتی لەم بۆنەیەدا کە بە ٢٥ی نۆڤەمبەر ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دەستپێدەکات و بە ١٠ی دیسەمبەر ڕۆژی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ کۆتایی دێت، تەواوی ڕێكخراوانی ژنان و ئافرەتان و خانمان بەخۆیاندا بچنەوە و بە سودوەرگرتن لە هەڵە و کەموکورتیەكانی ڕابوردوو سیاسەتی نوێی خۆیان دابڕێژن لەسەر بنەمای سەربەخۆبوون و قبوڵنەکردنی پاشكۆیەتی، بەڵکو پاڵپشت بە ئیرادە و ویستی خۆیان سیاسەتی ژنانەی خۆیان بكەنە بنەمایەی بەدەستهێنانی ئازادی و مافەكانی ژنان و بێجگە لە خواست و مافە یاسایی و جێندەریەکانی ژنان هیچ ئامانجێکی تری لاوەکی نەکەنە بنەمای کاریان، ئەگەر نا بەردەوام لە بازنەیەکی خولاودا دەسوڕێنەوە و ڕۆژانەیش تاوانەکانی بەرانبەر ژنان بە بەرچاویانەوە ڕودەدەن و زیاد دەکەن و ئەمانیش وەك ئێستا دەستەوەستان دەبن و بێجگە لە بەیان نامە و ئیدانەکردن هیچی تریان پێ ناکرێت.


28/11/2020



وتارەکانی تری نوسەر