مەلاکان باوەڕی ئایینی دەکەن بەئامڕازی هێرشکردنە سەر ژنان (وەڵامێک بۆ مەلا مەزهەر)

هاوژین زیبا



مەزهەر خۆراسانی کەسێکی شەعبیە و بە ناو مەلایە و تەعبیر لە عەقڵە ئیسلامییە شەعبییە خێڵەکییە کۆنەکە دەکات؛ ساڵانێکە لە ڕێگەی مینبەر و شاشەی تیڤیەکانەوە ژەهری نەزانی و بێڕێزی بە ناوی وتار و پێکەنینەوە دەڕژێنێت و هێرشی ناڕەوا دەکاتە سەر بەشێکی گرنگی کۆمەڵگا کە ژنانن. لە دوایین قسەیدا کە لە بارەی ژنانەوە کردویەتی و بڵاوە؛ دەڵێت "هەر خاوەن موڵکێک خانووی دابێتە ڕێکخراوەکانی ژنان بە کرێ؛ پارەکەی وەکو گۆشتی سەگ حەرامە"!

ئەم هێرش‌کردنانەی مەلا مەزهەر زۆر سادە نین کە تەنها لە لایەن مەلایەکی شەعبییەوە بۆسەر کۆمەڵگا و ژنان ئەنجام بدرێت: ئەو لە هەولێر دەژی لەژێر سایەی حیزبی دەسەڵاتداردا. بە ئاسانی کەناڵی تایبەت بە خۆی بۆ دروست دەکرێت. ئاستی گوتار و دووانیشی نزمە و بە شێوەی ئاخاوتنی خەڵکێکی سادە و ناڕۆشنبیر دەدوێت، و هەندێک جار نوکتەچی و چیرۆکبێژە و لە دانیشتن و ڤیدیۆکانیدا کە بڵاوکراونەتەوە گاڵتە بە سرودە دینییەکانیش دەکات. لە هەمان کاتیشدا سۆزە ئایینیەکەی ڕایدەکێشێت بۆ وەسف و ستایشی هەموو هێز و لایەن و دەسەڵاتێکی ئیسلامی: بە ئاشکرا وەسف و سەرسامیی خۆی بە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و بەتایبەتتر سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە دەردەبرێت، کە لە دونیادا ئەردۆ‌‌‌غان بە تێرۆریست و هاوکاری تێرۆریستان ناسراوە و دژی نەژاد و مافی ڕەوای گەلەکەمانه بە درێژایی مێژووەکەی هەوڵی ئاوارەکردن وکۆمەڵکوژیی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینە جیاوازەکانی کۆمەڵگای کوردستانی و دەوروبەری داوە. بە ناوی دینەوە و لەژێر ناوی سورەتی "فەتح"ـدا هێرش بۆسەر گەلانی باکوور و ڕۆژهەلاتی سوریا دەکات و دژی ئەو ڕێکخستنەیە کە بە ڕۆح و جەوهەری ژن دامەزرێندراوە.

لە باشووری کوردستان ـ بە داخەوە ـ هەرچەندە حیزبی چەپ و سێکیولاریشی تێدایە کە خاوەنی مێژوون؛ بەڵام بە هۆی خوێندنەوەیەکی کلاسیکی و دوور لە ڕاستییان بۆ کۆمەڵگا جەماوەری خەڵکیان تەسلیم بە وتاری ئایینی کردووە، هەر ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی ببێتە کۆمەڵگایەکی ئایینی و، تەنانەت پارلەمانیش زۆر جار یاسایەک دەردەکات کە ئایین دەکات بە بنەما. جا لە بارودۆخێکی ئاوادا هەموو هەڵسووکەوتێکی ژنان بە پێوەری شەرعی ئیسلام هەڵدەسەنگێندرێت و، زۆر جار بە بیانووی ئایینی بەربەست لەبەردەم چالاکیی ژناندا درووست دەکرێت. هەرچەندە کەم نین ئەو ژنانەی کە چالاکن بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان. ڕێکخستنەکانی ژنان لە باشووری کوردستان لە لایەن ژنان خۆشیانەوە ڕەخنەیان لەسەرە و خۆشیان دەڵێن کە بەو شێوەیە کە پێویست بووە کاریان نەکردووە و، تاکوو ئێستاش توندوتیژیەکان و تاوانەکانی ژن کوشتن بەردەوامن و، یاساکان کە بۆ بەرژەوەندیی ژنان دەرکراون کاریان پێ ناکرێت و، ژنانی ناهۆشیار بە ماف و بە تواناکانی خۆیان لە کۆمەڵگای هەرێمی کوردستاندا ژمارەیان کەم نییە.

ژنان هەوڵ دەدەن لە ناو کولتورێکی ـ بە گشتی ـ پیاوانەدا دەنگێک و بڵندگۆیەک بۆ خۆیان بدۆزنەوە. بەتەمان لە پەروەردەوە بگرە هەتاکوو ڕاگەیاندن و ناوەندەکانی دروستکردنی بڕیار دەنگیان هەبێت و، ببن بە پردێک لە نێوان ناڕەزایەتییە تاکە کەسیەکان و کۆمەڵگادا لە رێگەی دروستکردنی ڕێکخراوی جۆراوجۆر.
دیاردە سەرەکییەکە ئەوەیە کە ژنان هێشتا بەتەمای هێنانەئارای گۆڕانکاری لە بنەما کۆمەڵایەتیەکاندا نین (کە ئەمە لە خۆیدا دەرەنجامی پرۆسەیەکی درێژخایەنە)، تەنها داوای هەڵسووکەوتێکی باشتر دەکەن، تێڕوانینێک بۆ ژن وەکوو بەشێکی ستەم‌لێکراوی کۆمەڵگا کە پێویستیی بە ئاوڕلێدانەوەیە، لەسەر بنەمای هەستکردن بە چەوسانەوەی ژن، و جاری وا هەیە بە میکانیزمی ورووژاندنی بەزەیی پیاوان و دەسەڵاتەکان کاری بۆ دەکەن.

ڕەنگە ئەمە یەکێک بێت لە هۆکارەکانی ئەوەی مەلا مەزهەر و هاوشێوەکانی بەردەوامن لەسەر هێرش بۆ سەر ژنان و بیکەنە کاری خۆیان، دووریش نییە لە داهاتوودا تەنها لە هاندانی خەڵکدا ـ بۆ پێنەدانی شوێن بە ڕێکخراوەکانی ژنان ـ نەوەستێت، بەڵکو دەبێت چاوەڕوانی ئەوەش بین ئەو ئەقڵیەتە بە ناوی دینەوە ڕەوایی بە لەناوبردنی فیزیکی و مەعنەویی هەر ژنێکی چالاک و هۆشیار بدات کە ڕووبەڕووی ئەو گوتارە ئایینیە دێماگۆگیکیه ببێتەوە. چونکە گوتاری ئەم مەلایانە پشت‌ئەستوورە بە ژێرخانێکی کولتووریی ڕەگ‌داکوتاو لە کۆمەڵگای کوردیدا کە ئەم وتاربێژ و بکەرە کۆمەڵایەتیانە لەسەری هەڵدەسووڕێن، هەر بۆیە لەسەر ئاستی تێگەیشتن و دووانی خەڵکی ناهۆشیار دەدوێن و وتار دەدەن، و وەرگرەکان بەئاسانی لێیان وەردەگرن و "بەڵێ!"ـیان بۆ دەڵێن. هێشتا ئەم ژێرخانە لە بنەرەتەوە هەڵنەتەکێنراوە و نۆژەن نەکراوەتەوە. بۆیە لە ئەنجامدا دەگەڕێینەوە بۆ پێشمەرجی هێنانەئارای گۆڕانکاری لە بنەما کۆمەڵایەتیەکاندا، کە گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی و کولتووری مەرجی کۆمەڵگای تەندروستە کە باڵانسی رەگەزی ڕابگرێت، بۆ ئەوەی ئەو کولتوورە کۆنە لەسەر زمانی مەلا مەزهەر و هاوشێوەکانیەوە درێژە نەدات بە پەراوێزخستن و ون‌کردنی ژن و گۆڕینی بۆ بوونەوەرێکی بێ‌دەنگ و بێ‌ماف و پاشکۆ.

 

22/12/2019



وتارەکانی تری نوسەر