خەباتی چەکداری ژنانی کورد لە رۆژهەڵاتی کودستان

هاوژین زیبا

لە سەردەمی پێش کۆڵۆنیالیزم، وا هەست دەکرێت بارودۆخی ژنانی کورد بە بەراورد بە ژنانی گەلانی دراوسێ باشتر بووە. لە زاری گەڕیدە و ڕۆژهەڵاتناسەکانەوە کە لە نوسینەکانیاندا باسیان لێوە کردووە و لە ئێستادا بۆ ئێمە دەبنە بەڵگەی ڕاستی و سروشتی ژیانی میللەتی کورد و توانا و لێهاتوویی، ژنی کورد وەکو مرۆڤێکی خاوەن کەسایەتی و بەتوانا لە ژیاندا باس دەکەن.

 

بۆ نمونە (پیێر پۆنافیدین) Pierre Ponafidine لە کێبەکەیدا سەبارەت بە ژنانی کورد نوسیوییەتی: "خێڵە کوردە جۆراوجۆرەکان زۆربەی کات شەڕدەکەن، کە زۆرتر هۆکاری شەڕەکانیان لەسەر ژنەکانە. کوردەکان سەربەخۆن، میوان دۆستن، ئازادیی خۆیان خۆش‌دەوێت و بڕوای تەواویان بە 'نان و نمەک' هەیە. سەربەستیی ژن لەلای ئەوان لە هەر تیرەیەکی دیکەی مسوڵمان زیاترە، و ڕوخساری خۆیان تەنانەت لەلای میوان و غەریبەش داناپۆشن. ئەوان قورستر لە وڵاتانی مسوڵمانی تر کاردەکەن. بە گشتی زۆر سیفەتی بەرچاویان هەیە کە فەزڵیان بەسەر عەرەبدا دەدات"(١).

 

یەکێکی تر لەو بەڵگانە؛ نوسینەکانی (ڕیچ)ـە کە گەڕیدەیەکی بریتانیایی بووە، لە کتێبەکەیدا سەبارەت بە ژنانی کورد ئاوا دەنوسێت: "پاشان دووبارە دەهۆڵ و زوڕنا، ئاوازی چۆپیەکەیان لێ‌دایەوە و پۆلێ لە ژنان، کە ژمارەیان سی ژن دەبوون، هاتنە حەوشەکەوە و دەستیان گرت و لەسەرخۆ و ڕێک‌وپێک هەڵ‌دەپەرین. ئەم ژنانە بەبێ ڕووبەند و بە گێزە و گوڵینکە و خشڵ و کراسی ئاوریشمی ئاڵ و واڵاوە، لەو پەری خۆگۆڕیندا بوون، لە ڕاستییشدا دیمەنێکی زۆر ڕەنگین بوو. بەڵکوو بەلای منەوە شتێکی تازە بوو، چونکە هێشتا لە خۆرهەڵاتدا ژنم نەدیوە - بەتایبەتی خانمەکانیان - بەو سەربەستییەوە بەبێ ڕووبەند، تێکەڵ بە پیاوان ببن، تەنانەت ژنانی عەرەبیش ئەوەندەی ئەمان، لەم مەیدانەدا سەربەست نین، چونکە ئەوان زۆرتر خۆیان دەپێچنەوە"(٢).

 

تەنانەت لەناو خانەوادەی بەگزادەی کورددا نمونەی فەرمان‌ڕەوای ژنی کورد هەبوون، بۆ نموونە: " عادیلە خانم، كچی عەبدولقادر بەگی كوڕی حەمید بەگی كوڕی مەحمود بەگی كوڕی ئەحمەد بەگی ساحێبقڕانە. عادیلە خانم، كە بە بیر و فكری خۆی دەورێكی باڵای هەبووە لە ڕاپەڕاندنی كارەكانی ناوچەكە و بە هۆی لێهاتووییشەوە توانیویەتی ناوبانگێكی باش بۆ خۆی دەستەبەر بكات و پەیوەندییەكی باش لە گەڵ عەشیرەتەكانی دیكەدا دروست بكات، كە لە سەردەمی وەسمان پاشا و دوای مردنیشی توانیویەتی لە ڕووی سیاسی، ئابوری، كۆمەڵایەتی و ئابووری خۆی خاوەن بڕیار و پێگە بێت، و تەنانەت لای ئینگلیزەكان بە شاژنی بێ‌تاجی شارەزوور ناوبراوە، بە هۆی ئەوەی دوای مردنی وەسمان پاشا هەموو دەسەڵاتەكانی ئەوی هەبووە"(٣).

 

ئەو بەشداریانەی ژنان لە ژیان لە ڕابردوودا، کە باسیان لێوە کرا، و ئەو ئاستی هۆشیاریەی لەو ڕۆژگارانەدا هەبووە ئاماژە بۆ ئازادی و سەربەستیی ژنانی کورد دەکات؛ ئەمانە بۆمان دەسەلمێنن کە کولتوور و ژیانی کورد کولتوورێکی دژە ژن و بە کەم بینینی هێز و لێهاتووییەکانی ژنان نەبووە، بەڵکو و گۆڕانکارییە سیاسی و جیۆگرافیاییەکان و داگیرکاریەکان لە لایەن وڵاتانی دراوسێوە کاریگەرییان دروست‌کردووە و بوونە هۆی ئەو خراپ‌بوونەی ڕۆڵ و پێگەی ژنان لە ژیاندا کە ڕووی‌دا.

 

لە سەدەی بیستدا و دوای دابەش‌بوونی کوردستان بەسەر وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەرک و بەرپرسیاریی ژنانی کورد گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، و زیهنیەتی داگیرکاری و دواکەوتوویی گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەر دۆخی ژنانی کوردستاندا هێناوە لە سەرجەم بوارە جیاوازەکانی یاندا. ئەمەش وای کردووە لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕش و ڕاپەرین و خەبات لە پێناو ئازادی و سەربەستیی مرۆڤ و نیشتمان؛ ژنانیش بەشدارێکی کارای ئەم گۆڕانکارییانە و خەبات بوون لە بەشەکانی کوردستاندا، لەگەڵ خەمی گشتی بۆ سەربەخۆیی و ڕەتکردنەوەی داگیرکاری و بەرهەڵستیی دوژمنانی کوردستان، ژنان لە پێناو ئازادی و سەربەخۆییان وەکو ڕەگەز و یەکسانی لە هەوڵ و تێکۆشانی بەردەوامدا بوون دژ بە داب‌ونەریتی باوی پیاوسالاری و بە کەم بینینی توانا و لێهاتووییەکانی ژنان بەردەوام و بە شێوازی جیاواز-جیاواز لە خەبات و تێکۆشاندا بوون.

 

یەکێک لەو ڕێگایانەی ژنان بۆ ڕوبەرووبونەوەی دوژمنان و داگیرکەران گرتیانە بەر خەباتی چەکدار بووە، ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووبونەوە لە سەنگەرەکاندا لە خەباتدا بوون.

 

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکەمین دەرکەوتنی ژنان لە جوڵانەوەی سیاسیدا "ساڵانی (١٩٤٦-١٩٤٧) بووە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دامەزراندنی کۆماری مهاباد، ژنانی کورد لەو دەمەدا کە دواکەوتووترین توێژی ستەمدیدەی کۆمەڵگای کودستان بوون. بۆ یەکەم جار لە مێژووی خۆیاندا بوونە خاوەن ڕێکخراوێکی تایبەت بە خۆیان کە لە بەرواری (١٥ی ئازاری ١٩٤٦)دا لە ژێر ناوی "یەکێتیی ژنانی کوردستان" یان "یەکێتی یابانی کوردستان" بە ڕێبەرایەتی‌ی (مینا خانم) هاوسەری پێشەوا قازی محەمەد دامەزرا. لە ئەندامە ناسراوەکانی یەکێتیی یایانی کوردستان، بێجگە لە مینا خانم؛ بریتی بوون لە (عائیشە خان، کولثووم خان، زیبا خان، عیسمەتی کچی پێشەوا). یەکەمین ئامانجی ئەم یەکێتیە کۆکردنەوەی هێزی ژنان بوو بۆ پشتگیری کردن لە کۆمار و میللەت"(٤).

 

ژنانی کورد بەبێ جاوازیی ئاستی خوێندەواری و شار و گوندەکان بەشدارییان لە تێکۆشانی نەتەوەیی و خەباتی یەکسانیی ڕەگەزدا کردووە. نموونەیەکی دیکە لە خەباتی چەکداری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەباتی چەکداریی حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران کە بە "کۆمەڵە" ناسراوە، سەرەتای دامەزراندنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٦١.

 

لە ناو خەباتی کۆمەڵەدا بۆ یەکەم جار ژنانی کورد چەکیان هەڵگرت و مەشق چەکدارییان پێ دەکرا وشان بەشانی پێشمەرگەی پیاو بوون بە پێشمەرگە و بەشداری ڕووبەووبونەوەکانیان دەرد. لەم بارەیەوە ئامنە کاکە باوە کە لە ساڵی ١٩٨٦ بووە بە پێشمەرگەی کۆمەڵە دەڵێت:" ژیانی ئێمە وەک کچ یان ژن لە ژێر چاوێری داب و نەریت کۆنترۆڵ دەکرا. ئەمەش وایکرد کە خودی خۆمان نەبین. دەسەڵاتمان بەسەر جەستەو ژیانی خۆماندا نەبێت و سنو داربین. بۆ ڕووبە ڕوو بنەوەی ئەم تێروانینەش ڕوومان کردە خەبات و چەکمان هەڵگرت"(٤).

 

لە دوای شۆرشی گەلان ١٩٧٩، ئەگەرچی پێکهاتەی دەسەڵاتی پاشایەتی لەبەر یەک هەڵوەشایەوە، بەڵام پرۆسەی ستەمی نەتەوی و پەراوێزخستنی نەتەوە بندستەکانی دیکە لەسەر بنەمای ئوستورەی ئێرانی باستان و ئایدۆلۆژیای مەزهەبی شیعە و زمانی فارس،شێوازێکی نوێی بەخۆوە گرت. سیاسەتی سەرکوت‌کردنی کورد لە سەردەمی دەسەڵاتی خومەینیدا گەیشتە لوتکە. بە هیچ جۆرێک ئامادە نەبوو داواکارییەکانی کورد قبوڵ بکات، کە بریتی بوون لە دیمۆکراسی بۆ ئێران، خودموختاری بۆ کوردستان. دوا جار چەندین شەڕ و ماڵ وێرانی بۆ کورد دروست بوون، لەوانە ( نەورۆزی خوێناویی سنە، ڕووداوی نەغەدە، شەری سێ مانگە... هتد).

 

لە پاش تێکچوونی کۆمار یەکەم مانگرتنی گشتی بۆ پشتیوانی لە چەند کەسایەتی سیاسی ئەوکات کە زیندانی کرابوون، مانگرتنێک لە پێش تێلگرافخانەی مەهاباد دێتە ئاراوە کە ژنان ئۆرگانیزەیان کردبوو.

 

بێ گومان لە هەر یەک لەو ڕووداوانەدا ژنانی کورد بەتایبەت ئەو ژنانەی لە نێو ڕیزەکانی حزبی دیمۆکرات یان کۆمەڵەدا بوون بەشدارییان کردووە و شوێن دەستیان دیار بووە. خواردن و پۆشاک و داودەرمانیان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بردووە. جگە لەوەش پاش جێهێشتنی شارەکان چەکیان هەڵگرتووە و لەگەڵ پیاوان خەباتیان کردووە. لەم ڕێگەیەدا ژنان گیروگرفتی زۆریان بۆ هاتووەتە پێش، چ لە لایەن خانەوادەکانیانەوە بووبێت یان کۆمەڵگا. تەنانەت زۆر جار لە لایەن ئەو پیاوانەی کە هاوخەبات و هاوسەنگەریان بوونە بە چاوی کەمترەوە تەماشا کراون، ئەمەش وای کردووە ژنان لە توانای خۆیان زۆر زیاتر کار بکەن و قوربانی بدەن لە پێناو سەلماندنی توانا و لێهاتوویاندا. خەبات‌کردن لە ناو کۆمەڵەدا بۆ ژنانی کورد لە ژێر کاریگەریی تەوژمی چەپی ئێراندا بووە، ئەم تێکۆشانە لە ئازادیی پەیوەندیەکانی نێوان ژنان و پیاوان لە دیاری‌کردنی هاوسەر و دروستکردنی پەیوەندیی زایەندیدا بووە. ئەمەش لە لای بەشێک لە ڕێکخراوەکانی ژنانەوە ڕەخنەی لێ گیراوە، کە ژنانی ناو کۆمەڵە و "دێموکرات" نەیان توانیوە لە ژێر سیستەمی پیاوسالاری و بە موڵک زانینی ژناندا ـ وەک ئەوەی پێویستبێت ـ خۆیان ڕزگار بکەن، بەڵگەش بۆ ئەم ڕەخنەیەیان ئەوەیە وەک دەبینرێت تاکوو ئێستا هیچ ژنێک لە ناو خەباتی کۆمەڵە یان دێموکراتدا نەیانتوانیوە ببن بە سکرتێری حزب یان جێگری سکرتێر یاخود پلە باڵاکان لە ناو حزب و ڕێکخستنەکاندا وەربگرن.

 

سەرچاوەکان:

 

1. Pierre Ponafidine, Life in the Muslim East, translated  from the Russian by: Emma Cochran Ponafidine, DODD,MEAD AND COMPANY  New York 1911

 

٢.کلودیوس جێمس ڕیچ، گەشتی ڕیچ بۆ کوردستان ١٨٢٠، وەرگیرانی لە عەرەبییەوە: محەمەد حەمە باقی، دەزگای ئاراس، هەولێر، ٢٠٠٢  

 

٣.خوسرەو جاف، مێژووی هۆزی جاف، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی بەدرخان، کوردستان، ٢٠١٣

 

٤.سنەوبەر سەردار، ڕۆڵی ژن لە خەباتی سیاسیی و چەکداری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان (١٩٨٨-١٩٧٩)، گۆڤاری زانکۆی گەرمیان(JUG) ٦(٣)، ٢٠١٩
(ئەم وتارە، بەشی یەکەمە لە زنجیر وتارێکی سەربەخۆ، سەبارەت بە خەباتی چەکداری ژنانی کورد لە هەموو پارچەکانی  کوردستان)


27/07/2020



وتارەکانی تری نوسەر