ژنبوون و پەرلەمان

هاوژین زیبا
لە رووداوی کوشتنی دوو خوشکەکەی چەمچەماڵ کە بەدەستی باوکیان کوژران جارێکیکە راستی ژنبوونیان ھێنایەوە بەرچاو و زیھنی ھەمووان ژن ھەرچەندە باوک و برای خۆی ھەبێت دەوڵەت و پەرلەمانی ھەبێت، لە راستیدا ئەو ژنە لە راستی ژنبوونیدا خاوەنی ھیچ ناسنامەیەک نیە و تەنھایە.

لە مێژوودا ژن ھەمیشە لە ناو سنوردا ژیاوە، ئەو سنورەش لەلایەن پیاوانی دەسەڵاتدار لەسەر ناو و ناسنامەی ژن دروستکراوە، ژن ھیچکات نەیتوانیوە ئەو سنورە بشکێنێت، کاتێک ژن ئەو سنورە بشکێنێت ھەموو رێگاکان بە روویدا گیراون .  ئەگەر ژن بیەوێت بە ئیرادەی خۆی بە ناسنامەی ژنبوون ژیان بکات لە ژێر ناوی یاسایی ماڵ، یاسای دەوڵەت، یاسایی کۆمەڵگا بە بیانووی ناموس و ئەخلاق روبەروی دەسەڵاتی پیاوسالاری دەبێتەوە.

لە راستیدا کێشەی ناسنامەی ژن زۆر پارچە پارچە بووە ھەروەھا ئەم کێشەیە لەناو کۆمەڵگەدا باش وێنا ناکرێت کاتێک ژنێک روبەروی ھێرش دەبێتەوە یان دەکوژرێت نابێتە بابەتێکی ناسنامەی ژن، بەڵکو دەبێتە ناسنامەی ناموس، ناسنامەی دابونەریت یان دەبێت بە بابەتی خۆکوژی، یاخود ھەرگیز نابێت بە بابەت، چونکە ژن نییە ئایا بابەت چۆن دەبێت؟ لەسەر کەسێک کە نەبوو بێت بابەت چۆن دروست دەبێت؟

وشەی (ناموس) لە ئیتمۆلۆژیدا واتا و رەگوریشەی خۆی لە نۆمۆس(NOMOS)  وەردەگرێت نۆموسیش بە واتای یاسایی  کۆمەڵایەتی ھاتووە ئەو یاسایە ئیرادەی ژن و سروشتی ژن قبوڵ ناکات، وەک موڵک و کەرەستەیەک وەک یاسا و پەیمانێک لە پیاوسالاری لەسەر ژن چێندراوە.

راستی ئەم یاسایە لە ژێر ناوی خۆشویستن، دڵسۆزی، خاوەنداری، شەرەف و ئەڤینداریدا دەشاردرێتەوە. کاتێک پیاو دەڵێت ئەمە کچی منە، ژنی منە، خوشکی منە دەبێت لەبەرامبەر ئەو ژنە رێزدار بێت، ئیرادەی ئەو ژنە قبوڵبکات ئەو مافەی بۆ خۆی رەوایە پێویستە ئەو مافە بۆ ژنیش ھەمان رەوایەتی ھەبێت گەر خۆشیدەوێت دەبێت ئەو مافە بۆ ژنیش قبوڵ بکات، ژن بە ھێندەی پیاو ئەقڵی ھەیە  وەک پیاو دەزانێت چی ھەڵە و چی راستە بۆیە مافی پیاو نیە کە لە ژێر ناوی ناموسدا ژن، خوشک، ھاوسەر یان خۆشەویستی خۆی بکوژێت یان بیخاتە ناو قەفەس، چونکە ئەمە لە زیندانیکردنی ژن زیاتر شتێکی دیکە نیە. بۆیە پێویستە پیاو خۆی نەخەڵەتێنێت گەر دەرفەت بۆ ژن وەکو پیاوان ھەبێت ئەویش بە ھێندەی پیاوان ئاقڵ و بەھێزە.

لە جیھاندا وەک لە زۆر دەوڵەتاندا و لە وڵاتی ئێمەشدا لە کارگەیەکی بچوک ھەتا پەرلەمان ژن کاردەکەن، ھەندێک لە پیاوان دەڵێن ژن ھەموو شتێکی ھەیە سەیارە، ماڵ، کار ئایا ژن چیتریان دەوێت؟ بەداخەوە لێرەدا پیاو خۆی دەخەڵەتێنێت.

ئایا بەراستی ھەرشتێک بۆ ژن ھەیە؟ مرۆڤ دەتوانێت خۆی بخەڵەتێنێت، بەڵام دەبێت بزانێت ھەموو کەسێک ناخەڵەتێت. بۆ ئەوەی بتوانین بڵێیین ژن ھەموو شتێکی ھەیە دەبێت قبوڵی بێت ژن ھێندەی پیاوان بە ناسنامەی ژنبوون بژی.

ژن دەبێت بە ھەرشت بەڵام نابێت بە ژن
لە رۆژی ئەمرۆدا چۆن لە زۆر وڵاتان و ھەتا دوێێش لە بەرامبەر رژێمی بەعس کورد دەبوون بە ھەموو شتێک، بەڵام نەیاندەتوانی ببن بە کورد ئەمرۆش ھەموو ژن کوردە. ھەموو شتێک ناسنامەی خۆی ھەیە  بە ناسنامە قبوڵ دەکرێت، بەڵام ئایا ژن وەک مرۆڤێکی خاوەن ئیرادە ناسنامەی ھەیە؟  ئەگەر ناسنامە نەبێت ژنیش نابێت.  ئێستا کەس دەتوانێت بڵێت ژن ناسنامەی خۆی ھەیە و بە ھێندەی پیاوان ئازادە؟ ئەگەر نەتوانین بڵێن بەڵێ ئەوکات ئێمە ناتوانین بڵێین ژن ھەموو شتێکی ھەیە و ژن ناسنامەی ھەیە و ژن دەبێت بە ھەموو شت، چونکە ژن نیە گەر ژن نەبێت چۆن دەبێت بە ھەموو شت؟

شتێکی نەبوو ژێر خۆڵکران
لە چەمچەماڵ دوو ژن کوژران بەو شێوەیەی گوڵستان محەمەد، لە پەرلەمانی کوردستان باسی لێوە کرد کوژرانی دوو خوشک (بە ھۆکاری کێشەی کۆمەڵایەتی) لەلایەن باوکیانە  و پاشان دیار نەمانی باوکیان لە سنوی قەزاکەدا و داڵدەدانی بکوژانی ژن لەلایەن دەسەڵاتداران و بەرپرسانی حزبییەوە لە کوردستاندا، ئەمە چی بە ئێمە دەڵێت؟

دوو ژن لەلایەن پیاوێکەوە بەبیانووی پاراستنی (شەرەف و ناموس)  کوژران، ئەو پیاوە کێیە زۆر گرنگ نییە دەبێت باوک بێت یان برابێت جیاوازی نییە پیاو پیاوە و ژنیش ژنە، بەناوی باوک و برا ژن کوشتن رەوا نیە ئەوە مافی کەس نییە ژیان لە کەسێک وەربگرێتەوە.
 پەرلەمانی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی خەڵک و کۆمەڵگا دروستبووە ئەگەر پەرلەمان بەدوای کێشەیەکی وادا نەچێ و چارەسەری نەکات ئەو پەرلەمانە چۆن دەبێت بە نوێنەر و خزمەتکاری خەڵک؟ ئێمە دەزانین پەرلەمان لە نوێنەری سەرجەم حزبەکان پێکھاتووە و دەڵێن ئێمە نوێنەری گەلین، ھەر لەبەر ئەوەشە دەبێت پەرلەمان ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات، چونکە ئەو پەرلەمانە پەرلەمانی ئەو دوو خوشکەش بوو پێویست بوو مافی ئەو دوو خوشکەی بپاراستایە بەر لەکوژرانیان و دوای کوژرانیشیان لیژنەیەکی تایبەت بۆ بەدواداچون و لێکۆڵینەوە لەو تاوانە دروست بکرایە، بەڵام بەداخەوە پەرلەمان ئەو ئەرکەی خۆی جێبەجێنەکرد ھۆکاری جێبەجێنەکردنەکەشی ھەمان بەھانەی ناموس بوو، چونکە ئەو کچانە وەک ژن وەک موڵکێکی ئەو باوکە دەبینران. ئەو شتەی کە منی زۆر ئازاردا ھەڵوێستی سەرۆکی پەرلەمان بوو کاتێک لە دانیشتنی پەرلەمان بە گوڵستان محەمەدی وت ئەم باسە باسی ناو پەرلەمان نییە! دەبێت دەنگمان بەرینە کوێ و بۆ لای کێ برۆین؟ لەوێ سەرۆکی پەرلەمان وەک ژنێک بەناسنامەی ژنەوە سەرۆکایەتی دەکات ژنێک کە پێویست بوو پێش ھەر کارێک مافی ژنی بپاراستایە تاکو چیتر ژن لە ژێر ناوی شەرەف و ناموس یان کێشەی کۆمەڵایەتیدا نەکوژرێت دەبوو مافی ئەوانی بپاراستایە، لێرە وتنێکی بنڤیربوتو بەبیرم دێنێتەوە زۆر کەس  بنڤیربوتو دەناسێت بە جیاوازی نەڵێین ئەو وەک ژنێک زۆر کاری جیاوازی ئەنجام دا ھەتا بوو بە سەرۆک وەزیرانی پاکستان، بەڵام دواجار بنڤیربوتو دەڵێت من بووم بە ھەر شتێک بووم بە سەرۆکوەزیرانیش بەڵام نەبووم بە ژن.

ئایا سەرۆکی پەرلەمانی ئێمەش  وا دەڵێت؟ بۆ من زۆر مەراقە کاتێک لەسەر ئەو کورسییە دادەنیشێت ناسنامەی ژنبوونیش لەگەڵ خۆی دەبات یان بەرلەوەی بچێتە سەر کوردی پەرلەمان ناسنامەی ژنبوونی دەخاتە ناو جانتاکەی و لە چەکمەجی ژێر قاچەکانیدا دادەنێت؟ ئێمە دەزانین کە ھەر پیاوێکی سەرۆک کاتێک دەچنە سەر کورسی دەسەڵات ناسنامەی پیاوسالاریش لەگەڵ خۆیان دەبەن. لەبەر ئەوە یەکسانی ژن و پیاو لە وتن و کرداری ئەواندا نییە ئەوەش زۆر ئاشکرایە ئەگەر سەرۆک پەرلەمانی ئێمەش  بەناسنامەی ژن لە سەر کورسی دەسەڵات بێت ئەرێنی بێت یان نەرێنی ئێمە دەتوانین بڵێین کە یەکسانی ژن و پیاو لەو ئاستەدا پێک دێت ئەوکات دەتوانین بڵێین بەگوێرەی ئەقڵی سەرۆکی ئێمە ژن و پیاو یەکسانن جیاوازی لەنێوانیاندا نییە بە وتنێکیکە (ھەموو مرۆڤین)، بەڵام ئەگەر سەرۆکی ئێمە ئەو ناسنامەی ژنبوونە پێش چوونە سەر کورسی پەرلەمان بخاتە ناو جانتای خۆی و ھەڵیبگرێت ئەوکات ئێمە ناتوانین بڵێین سەرۆک پەرلەمانەکەمان ژنە.

11/10/2020



وتارەکانی تری نوسەر