ئاڵای کوردستان بۆچی دەسوتێندرێت؟

هاوژین زیبا

لەسەردەمی رژێمی بەعسدا، تاسەمان ئەوە بوو کە ئێمە وڵات و سیستم و قوتابخانە و بازاڕمان ھەبێت. تاسەمان ئەوە بوو کە بە ڕەنگ و دەنگی خۆمان بە زمانی خۆمان بدوێین، بۆ نووسینەوەی مێژووی خۆمان ئازار و مەینەتی زۆرمان چەشت. باشە لە کۆتاییدا بەعس ڕۆیشت و سیستمەکەمان دروست کرد ئێستا فیدرالیشبێت بە فەرمی وڵاتێکمان ھەیە و شانازی بە وڵاتەکەمانەوە دەکەین شانازی بە مێژوو و ڕەنگ و دەنگی خۆمانەوە دەکەین.

وڵاتێکی دەوڵەمەند بە کشتوکاڵ و نەوتمان ھەیە، بەڵام مرۆڤ بیردەکاتەوە دەپرسێت بۆچی  ھێشتا ھەژارین؟ بۆچی ئێمە ھەموو کات شەڕ دەکەین؟ بۆچی کۆتایی بە کێشەکانی ناو وڵاتەکەمان ناھێنین؟ حکومەت تا چەند ھۆکاری بەردەوامی کێشەکانە؟ کاری سیاسەت و دەوڵەت ئەوەیە کە وەڵامی کێشەکە بداتەوە و چارەسەری بکات، بەڵام لێرە حکومەت و سیاسەتەکەی ئەو کارە دەکەن؟

بەڕاستی ناتوانین بڵێین سیاسەتمەدارەکانمان نەزانن و نازانن سیاسەت بکەن ھەموو باش دەزانن سیاسەت چییە و چی نییە، بۆ نموونە مرۆڤ دەتوانێت وەک سیاسەتمەدارێک باسی ھۆشیار زێباری بکات. ھۆشیار زێباری پیاوێکی نەزان نییە لە ئوردن و ئینگلتەرا زانکۆی خوێندووە لە ساڵانی نەوەدەکاندا لە ئینگلتەرا و ئەمریکا فێری سیاسەت بووە، بەڵام ئەمڕۆ ھۆکاری کێشەیەکی گەورەیە لە وڵاتی ئێمەدا. ھۆشیار زێباری بە زمانی خۆی شمشێرەکەی حەشدی شەعبی لە ھەناوی ئێمە دەدات. بەھۆی سیاسەتی ئەوەوەیە ئاڵای کوردستان دەسووتێندرێت ئەقڵی سیاسی ئێمە جارێکی تر بەرەو شەڕی ناوخۆ ئاراستە دەبێت. 

 

لێرەدا پرسیارێک دروست دەبێت ئایا ئەمەی ھۆشیار زێباری دەیکات نەزانی سیاسەتە یان جێبەجێکردنی سیاسەتی ئەمریکا و ئینگلیزە؟ وەک لەسەرەوە باسمکرد ھۆشیار زێباری کەسێکی نەزان نییە، لە شوێنە سەرنجڕاکێشەکاندا پەروەردەی سیاسەتی خوێندووە ئەو باش ئەم سیاسەتە دەزانێت. حەشدی شەعبی ھەرچەندە حزبێکی عیراقیش بێت لە ژێر کۆنترۆڵی ئێراندایە و دەزانین کە ئەمەریکا و ئینگلتەرا ئەم ھێزە سەربازییەیان لە عێراقدا ناوێت .

ئەمریکا و ئینگلتەرا سیاسەتی خۆیان لە رێگەی ئەندام و حزبە کوردییەکانەوە پێشدەخەن. من وەک ڕۆژنامەنوس، نووسەر یان ھاوڵاتیەک، دەمەوێت ئەمە بپرسم؛ ئایا پارتی دیموکراتی کوردستان چی دەوێت و چی قازانجێک دەکات؟ ئایا پارتی بەم سیاسەتەی، دەیەوێت ھێزی حەشدی شەعبی لە شەنگال دەرکات؟ شەنگال پارچەیەکی کوردستانە مرۆڤ کاتێک بە نەتەوەپەرستی بیر دەکاتەوە دەڵێت ئەمە باشە، بەڵام دەزانین نە نەتەوەپەرستی چارەسەرە و نە حەشدی شەعبیش لە شنگال دەچێتەدەرەوە. بۆیە نابێت ئێمە خۆمان فریوبدەین ئەم سیاسەتەی پارتی حیزبییە و سودێکی بۆ کورد نییە. کێشەی ئابووری چارەسەر ناکات، دەسکەوتی گەلەکەمان دەخاتە مەترسییەوە.

 

دوای ھێرشەکانی داعش، گەلەکەمان توانای نییە بچێتە ناو شەڕێکی نوێوە دەبێت لایەنگرانی ئەم ئاژاوەیە باش بزانن کە بەم سیاسەتەی پارتی گەل و دەستکەوتەکانمان پارێزراو نابن. دەبێت حکومەت و دەوڵەتەکەمان سیاسەت بکەن بۆ سەرکەوتن، با لەبری ئەوەی قەیران و تەنگژە دروست بکەن  کێشەی ئابووری وڵاتەکەمان چارەسەر بکەن.


18/10/2020



وتارەکانی تری نوسەر