پرۆژەی ژن یان مێینە!

هاوژین زیبا
گەرچی تەنھا رۆژێکیش بێت شەقامەکانی سلێمانی جیاواز بوو بە جلوبەرگی ژنانەوە دیمەنێکی سەرنج ڕاکێش دەبیندرا سەرەتا کە بینیم  شتێک کە ھات بە بیری مندا ئەوە بوو بەڕاستی ژن وەک ئەو جلانە رەنگاورەنگن بەڵام بەداخەوە لە ھەر شوێنێک ئەو رەنگینییە ھەڵواسراوە بەڵام رۆحی ژن، ئیرادەی، ناوی جیاکراوەتەوە لە خۆی.
 
لەبەرئەوەی لەگەڵ ئەو دیمەنەدا نووسینێک نەبوو سەرەتای بینین بۆ مرۆڤ روون نەبوو. بەڵام دوای تێگەیشتم کە ئەم رەنگینییەی کراسی ژنان ئەنجامی چالاکییەکە، کە رێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت CDO بۆ توندوتیژی ژنان چالاکییەکی بەم شێوەیەیان ئەنجام داوە. دەستیان خۆشبێت ھیوادارم کە چالاکی لەم شێوەیە لە کۆمەڵگای ئێمەدا زیاتر بێت.

بەداخەوە لە ناو ئەو شارەی ئێمە پێی دەڵێین شاری رۆشنبیری ئەو دەنگ و رەنگەی ژن لەلایەن پیاوسالارانەوە سوتێندرا لە راستیدا کراس نەسوتێندرا بەڵکو ئەوەی سوتێندرا خودی ژن بۆ خۆی بوو. لێرە لە ئاستی ھەرە بەرز تا نزمترین ئاست ژنان رووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە توندوتیژی جەستەیی زۆرترین ئەو توندوتیژییەیە کە رووبەڕووی ژن دەبێتەوە بە چالاکییەکەی رێکخراوی CDO ئەوە دووپاتکرایەوە ئەو رێکخراوە دەڵێت لە ماوەی تەنھا سێ مانگدا نۆ ھەزار ماڵ گەڕاون و لە ناو ئەو ماڵانەشدا بە ھەزاران ژن کە توندوتیژیان بینیوە تۆمارکراون بێگومان دڵ دەخوازێت کە لە شوێنی ئەو جلانە ئەو ژنانە خۆیان بھاتنایەتە سەر شەقامەکان ئەوکات دەنگ و رەنگی ژنان باشتر دەبیندرا. ھیوادارم کە رێکخراوی لەم شێوەیە چالاکییەکانیان ھەندێک زیاتر پێشبخەن و ژنان خۆیان بڕژێنە سەر شەقامەکان.

لەم چالاکییەدا شتێک کە زۆر سەرنجی منی راکێشا ناوی چالاکییەکە بوو "پڕۆژەی مێینە" ئەم ناوە بۆچی و چۆن دەستنیشان کراوە؟ بێگومان ئەمە بەتەنھا خۆی بابەتی وتارێکی جیاوازە. وەک دەردەکەوێت کە چۆن ژن لە ترسی بنەماڵەکەی ناوێرێت بێتە مەیدان بەڵکو جلوبەرگی خۆی دەنێرێت، رێکخراوی CDO لە لایەنی ناولێنانی پڕۆژەکەدا ھێندەی ئەو ژنانە ترساوە! بۆچی مێینە؟ بۆچی ناڵێن ژن؟ ژن ژنە پێویست ناکات ناوێکیکەی لێبنێیت ھەرچەندە لە ناو سیستمی دەوڵەتدا ناولێنانی ژن وەک کچ، ئافرەت، ژن کەوتووەتە ئاستی چینایەتی گەر تۆ مافی ژن دەپارێزی دەبێت بوێر و روون بیت. وەک دەزاندرێت لە کۆمەڵگای ئێمەدا گەر بڵێی ژن دەڵێن یەکێتییە، گەر بڵێی کچ واتا بێ سەرە (بێ مێرد)، گەر بڵێی ئافرەت دەڵێن پارتییە. پێم وایە کە رێکخراوی CDO بۆ ئەوەی لایەنگر نەبێت ناوێکی وایان ھەڵبژاردووە بەڵام ھەڵەی کردووە من رەخنە لەم ناولێنانە دەگرم. ھێندەی من دەزانم دابەشکردنی نێر و مێ لەسەر حەیوان دەکرێت.  ھیوادارم کە ئەم رەخنەیە لە لایەنی ئەرێنیدا وەربگرن و چالاکی زیاتر و باشتر پێشبخەن. جارێکی دیکە دەڵێم دەستان خۆشبێت.

28/10/2020



وتارەکانی تری نوسەر