پەکەکە شەڕی ناوێت بۆچی شەڕ بەردەوامە؟

هاوژین زیبا
بۆ ئازادی کوردستان گەلێک رێکخستن دروستبوون، یەکێک لەوان رێکخستنی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە. پەکەکە لە تێکۆشانی  خۆیدا ٤٢ ساڵی تێپەڕکرد لەناو ئەو ٤٢ ساڵەدا لە بە ناوی ناتۆوە وڵاتانی ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، پشتگیری تورکیایان کرد بۆ لەناو بردنی پەکەکە، وڵاتانی وەک عێراق و ئێران ھەوڵیاندا پەکەکە لەناو بەرن، بەڵام بەرامبەر بەو ھەوڵانە پەکەکە لەناو نەچوو، تاھات گەورەتربوو لە مێژووی میللەتیەکەماندا ئەمە جیاوازو پڕبەھایە.

تا ئێستا بەناوی ئازادی کوردستانەوە ھیچ رێکخستنێک ھێندە بوێرو تێکۆشەر نەبووە، بۆچی وادەڵێم؟ چونکە پەکەکە جیاواز لە رێکخستنەکانی دیکە لە ھیچ دەوڵەتێک ھاوکاری وەرنەگرت، سیاسەتی خۆی نەسپارد بە ھێزی دەوڵەتێکیکە. ھەرەوھا بە دروستکردنی ھێزی چەکداری ژنانی کورد لە مێژووی گەلەکەماندا قۆناغێکی نوێی لە خەبات بۆ ئازادی دەستپێکرد و ھەموو دەوڵەتان و میللەتانی جیھان  سەرسامن بە ھێزی چەکداریی ژنانی کورد، منیش وەک ژنێکی کورد لە ساڵەوەگەڕی دامەزراندی پەکەکە دا پیرۆزبایی لە گەل و لە ژنانی کورد دەکەم.

پەکەکە لە رۆژھەڵاتی ناوەراست و ئەوروپا وەک ھێزێکی چەکداری و خاوەن فکر گرنگ و بەھێزە. کاتێک لە رابردووی پر ئازار و ھێز و کۆڵنەدانی پەکەکە دەڕوانم  باوەڕ بەوە دەکەم کە تا پەنجا ساڵی دیکەش دەتوانێت بەردەوامبێت لە شەرکردن ھەرکەس بڵێت پەکەکە چیترناتوانێت بەردەوامبێت ئەو نایەوێت راستییەکان بزانێت و رابردووی ببینێت.
 
پەکەکە ھەمیشە دەڵێت ئێمە شەری چەکدارییمان ناوێت بەڵکو دەمانەوێت  بە سیاسەت ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان بەدەستبێنین ئەو بانگەوازەی پەکەکە لەلایەن دەوڵەتانەوە تائێستا نەبیندراوە، چونکە پەکەکە وەک رێکخستنێکی سۆسیالیستی دەبیندرێت. راستە رێکخستنێکی سۆسیالیستە بەڵام بەچاوێکی رەش و سپیش لە دنیا ناڕوانێت و دژ بە دەوڵەت و وڵاتان تێناکۆشێت، لەبەر ئەوەی ئەوان ئایدۆلۆژیای پەکەکە بە مەترسی بۆخۆیان دەیبینن نایانەوێت گوێ لە پەکەکە بگرن. 

لە دوواین ھەواڵ دەربارەی خەباتی پەکەکە لە ئاژانسی The Jerusalem post ریپۆرتاژێک لەگەڵ ئەندامی کۆمیتەی بەرێوبەری پەکەکە و فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل (ھەپەگە) بەرێز موراد قەرەیلان ئەنجامدراوە، دووبارە دەڵێت ئێمە نامانەوێت شەری چەکداری بەردەوامبێت، بەڵام ھێزی داگیرکار ناچارماندەکات بەشەری چەکداری خەباتمان بەردەوام بکەین بەتایبەتیش لەو چاوپێکەوتنەدا پەیامی بۆ دەوڵەتی ئەمریکا ناردووە، وەک دەزاندرێت لەدوای ھەڵبژاردنەکانی ئەمریکا سەرۆکی ئەو وڵاتە گۆڕدرا، بەرێوبردنێکی نوێ بە سەرۆکایەتی جۆبایدن دروستدەبێت ئەو گۆڕانکارییە بۆ چارەنووسی کورد سیاسەتێکی نوێ دەبێت یان نا تائێستا نازاندرێت، بەڵام ئەوەندەی من لە وتەکانی بەرێز قەرەیلان تێگەیشتم، بۆئەوەی ئەمریکا فشار لەسەر تورکیا دروست بکات و تورکیا ناچار بە چارەسەری ساسی بکات پەیام بۆ ئەمریکا دەنێرێت و دەڵێت ئێمە چارەسەری سیاسیمان دەوێت، بێگومان دیارنییە ئەمریکا چۆن وەڵامی ئەو داوایە یان ئەوپەیامەی بەرێز قەرەیلان دەداتەوە، بەڵام پارتی  دەبێت ئەو پەیامە باش تێبگات و وەڵامی بداتەوە چونکە پارتی دەڵێت پەکەکە چارەسەری ناوێت و شەر دەخوازێت پەیامی فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل (ھەپەگە) ئەوە راستدەکاتەوە کە چیاندەوێت و ئامانجیان چیە، بۆیە ئەگەر پارتی شەری ناوێت پێویستە رۆڵی خۆی بگێرێت.

پێویستە پارتی چاوەروانی ئەمریکا نەبێت پێش ئەوەی بەشداری ئۆپەراسیۆنی تورکیا ببێت دەبێت فشار لەسەر تورکیا دروستبکات و ھاوکاری نەکات دژی پەکەکە و دووبارە شەری کورد و کورد بۆ مەبەستەکانی دەوڵەتی تورکیا دروست نەبێت لەکودستان. ئەگەر پارتی ئەمرۆ رۆڵی خۆی نەبینێت و سبەی لەژێر کاریگەری بڕیارەکانی سیاسەتی ئەمریکادا بڕیاربدات ئەوکات نرخێکی ئەوتۆی نابێت بۆ ئێمە. چونکە بڕیاری گرنگ بۆ ئێستا پێویستە.

28/11/2020



وتارەکانی تری نوسەر