زایەندپەرستی شێرپەنجەی کۆمەڵگایە

هاوژین زیبا

لەگەڵ نزیکبوونەوەی رۆژی ٨ی مارس و بینینی چالاکییەکانی رێکخراوەکانی ژنان، یان رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، وسەرجەمی ئەوچالاکیانە سەبارەت بە بەرزڕاگرتنی ئەو ڕۆژە ونیشاندانی جۆرەها هاوسۆزی و هاوپشتی بۆ نەهێشتنی جیاکاری زایەندی؛ بەڵام- بەداخەوە- گۆرانکارییەکی ئەوتۆ یان بنەرەتی لە دۆخی ژنان و ژیاندا بەدی ناکرێت بەبڕوای من ئەوەش دەگەرێتەوە بۆ خولانەوە لەناو هەمان سیستەمی جیهانی پیاوسالارانەی کە تیایدا دەژیین زایەندپەرستی بەرهەم دێنینەوە.

لەم  سیستەمە جیهانیەدا مرۆڤ چۆن گەورە دەبێت یان چۆن کەسایەتی دروست دەبێت؟ ژن چی رۆڵێک دەبینێت و کاریگەریەکانی زایەندپەرستی چیین؟

سیستەمی کۆمڵگا بیری کۆمەڵگایە، واتا هەرشتێکی وەک چاند، هونەر، داهێنان یاخود بەرهەم کاتێک دروست دەبێت ئیتر دەبێت بە بەشێک لە بیری کۆمەڵایەتی، بەمشێوەیە دەتوانین بڵێین هەموو چالاکییەکی کۆمەڵگا لە ژێر کاریگەری ئەو بیرەدایە. خۆشەویستی، کار، جنێو، گەشەکردن؛ هەرچی هەبێت لە ناو ژیاندا لەناو بیری کۆمەڵگادا کۆدبێتەوە. مرۆڤیش لە منداڵییەوە تا گەورەبوونی لەو بیرە کۆمەڵایەتییەدا فۆرم وەردەگرێت.

سیستەمی کۆمەڵایەتی  بە دوو شێواز رێک دەخرێت کە بریتین لە: سیستەمی کۆمەڵایەتیی سروشتی و سیستەمی کۆمەڵگای دەوڵەتی. 

سیستەمی کۆمەڵگای سروشتی زیندوبوون وهاوسەنگی سروشت بەببنەمادەگرێت لێرە ژن وەک خاک داهێنەرە بە دروستکردنی منداڵ وەک بەردەوامی و فراوانکردنی کۆمەڵگاو ژیان قبوڵدەکرێت.  کاتێک وەک وشە بە ئیتمۆلۆژیش سەیربکەین  خوا- خودێ- خودا و دایک ئەو راستییە نیشان دەدەن خو-دا(خۆدەدا)  دایکش وەک مرۆڤ خۆی دەدات بە ژیان چۆن خاک خواردن دەدات بە مرۆڤ، ژنیش بە دووگیان بوونی مرۆڤ دەبەخشێت. ژیانیش بە هاتنی مرۆڤ دەستپێدەکات لەبەر ئەوە خودا و دایک لە ژیاندا هەمان رۆڵ دەگێرن ئەگەر دایک نەبێت مرۆڤیش نابێت. لێرە گرنگر بڵێین دایک بەتەنها مرۆڤ دروست ناکات لە هەمانکاتدا ئەو مرۆڤ گەورەدەکات بۆیە لە کۆمەڵگای سروشتیدا ژن ئەوەندە گرنگە یان هێندە پیرۆزە کۆمەڵگا بەرامبەر بەو گرنگییەی ژن رۆڵی بەرێوەبردنی ژیان و کۆمەڵگای داوەتێ بۆیە لێرە ژن سەنتەرە.

سیستەمی دەوڵەت سیستەمێکی پیاوسالارانەیە. هەزاران ساڵە بە ئەقڵی پیاوسالاری کۆمەڵگا شێوەی گرتووە رەنگی ژیان سەنتەربوونی پیاوە. بۆیە لە هەر جێیەکی ژیان و دەزگایەکدا ژن هەبێت، لەبەر ئەو راستییە، ژن ناتوانێت بە ناسنامەی ژنبوونی خۆی بوونی هەبێت. ژن بە وتەی سمۆن دی بۆڤوار لە ئاستی مرۆڤبووندا لە دوای پیاوەوەدێت. سیمۆندۆ بۆڤوار لە کتێبی (رەگەزی دووەم)دا ئەم رەوشە بەوشێوەیە پێناسە دەکات "هیچ خوێندنەوەیەکی زانستی و، تیگەشتنێکی بیۆلۆژی و شیکاریەکی پسیکۆلۆژیمان نیە کە لە ڕێگای ئارگیومۆنت و تیزە زانستیەکانیانەوە پێمان بڵێن کە ژن لەبەر لاوازی و کەم هۆشییە سروشتیەکەی، دەبێت وەک رەگەزی دووەمی ژێرەوە تەماشا بکرێت، بەڵکە مێژویەکی بەربەریمان هەیە کە بە وردی ئیشی کردووە لەسەر بە کەم زانین و چاوپۆشی کردن لەسەر توانا عەقڵی و جەسەدیەکانی ژن، لە سەرو هەمویانەوە مێژویی شارستانیەتەکان کە بە تۆخی ئیشی لەسەر دەستەمۆکردن و زەلیل کردنی ژن کردووە. لە لایەکی دیکەوە ژیانی ژن کە لە هەمان کاتدا لەو ئاراستە کلتوری و مێژوییەوە دێتە دەرەوە دەبێتە ئەو جێگایەی کە دەبێت ژن بەم شێوەیە بێت"  لەناو ئەم سیستەمە جیهانییەدا ژن وەک کۆیلە، رۆبۆت، غەنیمە یاخود وەک ئۆبژەیەکی بازار دەژی.

بە تێروانینێکی گشتی هەر چالاکییەکی مەزنکردنی زایەندێک بەسەر ئەویدیکەدا زایەندپەرستیە. زایەند پەرستی ئایدۆلۆژیایە  و لەژیاندا بەشێوەیەکی زۆر لەسەر پیاو پێشدەکەوێت، لە منداڵییەوە دەستپێدەکات.

پیاوبوون لە منداڵییەوە دەستپێدەکات:

پێنج ساڵی تەمەنی کوڕان لە خێزانەکاندا قۆناغی دروستکردنی پیاوەتی و پیاهەڵدانە بە ئەندامی نێرینەیدا و دڵخۆشیی خێزان و دەوروبەر بە بینیی ئەو بەشەی لەشی کوڕەکەیان. لێرە بەدواوە هەنگاوەکانی بەرەو پیاوبوون دەستپێدەکات و بەردەوام دەبێت. پاشان قۆناغی هەستیاری هەرزەکاریی مرۆڤ دوو جار بۆ کوڕان سەخت دەبێت، چونکە ئەو پرسیارانەی رووبەرووی دەکرێنەوە لەبارەی ژنەوەن، لەکاتێکدا ئەو قۆناغە پێویستی بە وەڵامە نەک پرسیار؛ بۆ نموونە دەپرسن خۆشەویستت هەیە، لەگەڵ چەند کچدایت، حەزت لە کێیە... پێی دەڵێن هەتا لەگەڵ ژنێک نەخەویت نابیت بە پیاو. کاتێک گەنجەکان لە نێوان خۆیاندا یاری دەکەن کەسێک بێتاقەت بێت یان لاواز بێت پێی دەڵێن تۆ لە ژن دەچی یان وەک ژنیت. منداڵ و گەنج لە کۆڵاندا لە ژێر سێبەری جنێودا گەورەدەبن، لە کۆمەڵگەدا جنێو لە سەدا نەوەت و هەشتی لەسەر بچوککردنەوە و پیسکردنی کەسایەتی و جەستەی ژن دروست بووە، بۆیە هەمیشە لە مێشک و خەیاڵی کوڕێکی گەنجدا ژن  پیس و بچوکە.

لە کۆمەڵگای سروشتیدا خوێندنگە لەسەر کۆمەڵگاو ژیان کاریگەری هەیە، لە سیسەمی کۆمەڵگای دەوڵەتیدا چاندی کۆڵان کاریگەری لەسەر خوێندنگە دەکات لەبەر ئەوە ژن بۆ گەنج لە کۆڵان چۆنبێت لە خوێندنگەش بەهەمان شێوەیە. لەدوای خوێندن ئەو کورە گەنجە لە هەر پیشەیەکدا بێت لەوێ ژن بەو شێوەیە بەکار دەهێنێت. ئەمرۆش سینەما، میدیا، هونەر، سیاسەت و خێزان بەوشیوەیە دروستدەبن. بۆئەوەی باشتر تێبگەین، لە خوارەوە چەند نمونەیەک وەردەگرین.

لە سیستەمی پەروەردەدا ژن چۆن  دروست دەکرێت؟

خوێندنگا بۆ ئامادەکردنی منداڵ و گەنجە بۆ ژیان،  چونکە ئەو ئامادەکارییەی کۆمەڵگا دروستی دەکات فراوانی دەکات.  منداڵان و گەنجان میراتی دارستانێکی رابردوون. کۆمەڵگا هەوڵدەدات ئەو دارستانە بگوازێتەوە بۆ داهاتوو. لە سیستمی کۆمەڵگای سروشتدا خوێندنگا، بنەما راستی و ئەخلاقە؛ چونکە راستی درۆ دەکوژێت، ئەخلاقیش جنێو ناهێڵێت. باڵام –بەداخەوە- لە سەردەمی پیاوسالاریدا بەوشێوەیە نییە، بەڵکو لە راستیدا سنوردارکردن و کۆنترۆڵکردنی ژنە؛ بۆ نموونە  پیاو هەر کات لەدەرەوەیە ژنیش لەمالەوەیە، بەڵام پیاو وەک گەورەی ماڵ  و خاوەن بڕیار قبوڵکراوە. ماڵ یان خانوو بۆ ژن دەبێت بە قەفەز، لەناو ئەم قەفەزەدا رێساکانی ژن، خواردندروستکردن و ئاگاداربوونی منداڵە. ئەو راستییە لە قوتابخانەی ئیلاهیات و قوتابخانەی کۆماریشدا هەمان شتە. ئەم جۆرە لە تێگەیشتن و زیهنیەت لە وانەکانی خوێندنگادا دەخوێندرێن.  پیاو هێزە و ژن لاوازە، بۆیە کاتێک هێز پێویست بێت دەبێت ژن چاوەڕوانی دەستی پیاو بێت. ژن بە گوێرەی ئەو زیهنیەتە خۆی ئامادە دەکات. خێزان وەک دەزگایەکی سیستەم بە پاڵپشتیی قوتابخانە منداڵ دروستدەکات. لە قوتابخانەی ئلاهیاتدا؛ ژن نیوە مرۆڤە کاتێک میرات دابەشدەکرێت ئەو راستیە زۆر باش دەردەکەوێت.  کاتێک ژن لە ماڵ دەچێتە دەرەوە دەبێت رەزامەندی باوک، برا یان مێرد وەربگرێت لەکاتێکدا پیاو پێویستی بە رەزامەندیی ژن نییە بۆ چوونە دەرەوە. .لەبەرامبەر رەخنەی باوی کۆمەڵگا بۆ دایکان و ژنان کە پەروەردەکاری منداڵانن  دەڵێن بۆچی ژنان جیاوازی لە نێوان کوران و کچاندەکەن لە پەروەردەکردنیاندا و دووبارە سیستەم بەرهەمدەهێننەوە سیمۆندۆ بۆڤوار بەو شێوەیە وەڵام دەداتەوە "  ژنان ئەو ماشینە کلتورییە پاسیڤەن کە دروست کراون بۆ چاپ کردن و دروست کردنەوەی ژن لەسەر هەمان ڕیتم و نۆرم، ژنان لەوەدا گویڕایەڵ نین کە دایکن ، بەڵکە لەوەدا گوێرایەڵن ئەو شتەبن کە کلتورو مێژویی شارستانیەتەکان دروستی کردون."  

کاریگەری میدیا لەسەر دروستبوونی ژن

کۆمپانیاکان لە تەلەڤیزیۆن و میدیاکاندا ریکلام  لە سەر هەستیاری مرۆڤ دروستدەکەن.  یاری بە هەستی مرۆڤ دەکەن سەرنجی مرۆڤ رادەکێشن بۆسەر کاڵاکان و هەڵوێستێکی ئەرێنی دروست دەکەن و بازار بۆ بەرهەمەکانیان پەیدا دەکەن. لەهەر جێیەکی مۆڤ لاوزی هەبێت بۆ کڕیار لەوێ بانگەوازی دەکەن. بەتایبەتی لە ریکلامدا کاریگەری زایەند پەرستی دەبیندرێت  ژن وەک کارکەری ماڵ، مەتبەخ، خزمەتکاری مێرد نیشاندەدرێت لە سیستەمی کۆمەڵگای دەوڵەتدا لە بەرامبەر ژن  بەوشێوەیە بە دروستکردنی هەستێکی ناسروشتی لەلای تاکەکانی کۆمەڵگا بازار دروست دەکرێت بۆ نمووونە دەتوانین ریکلامی بۆن نیشان بدەین. بەپێی ئەو ریکلامە  ژن و پیاو بۆ جوانبوونیان خۆیان قەرزداری ئەو بۆنە دەبیننن وەهای نیشاندەدەن  کە کاتێک ژن ئەو بۆنە لەخۆی دەدات لەبەر چاوی پیاوە جوان دەبێت، لە راستیدا ئەو بۆنە پیاو مەستدەکات بەڵام،  ژن وادەزانێت ئەو خۆیەتی کە پیاوەی مەستکردووە. لێرەدا راستی ژن وەک شوشەی بۆنەکەیە چونکە،  پیاو بۆ بۆنەکە مەستبووە کاتێک بۆن تەواوبێت  ئەوکات شوشە دەبێت چیبێت!  نموونەیەکیکە ریکلامی ئۆتۆمۆبێل، لەپێشی ئۆتۆمۆبێلەکاندا ژنی جوان دادەنێن، بۆچی؟  دەیانەوێت بە پیاوبڵێن بڵێن مرۆڤ بوون بەس نییە ، ئەگەر ژنێکی وات دەوێت پێویستە ئۆتۆمبێلێکی بەو شێوەیەت هەبێت! بۆ هەموو ئەو جۆرانەی ریکلام کە لەسەرەوە باسکران هێمای زایەندی لە ناویاندایە. ژن جوانن، سادەن، لاوازن پیاو جووانن، سەرنج راکێشن، بەهێزن بە گشتی جلی نوستن دەپۆشن. ئەوە سیاسەتی کاپیتالیزمی کۆمپانیاکانە بە ریکلام مرۆڤەکان لەسەر چێژی زایەندی سەرخۆشدەکەن و بازار بۆخۆیان پەیدادەکەن.

لە بەرنامکانی تەلەفیزیۆندا  لە سەدا هەشتاو پێنج ژن پێشکەشکارن . بێگومان ژنانیش وەک پیاوان دەتوانن بەرنامە پێشکەش بکەن، بەڵام لەبەرنامەکاندا ئەستاتیکی ژن نیشاندەدرێت راستی کۆمەڵگای دەوڵەتی بەوشێوەیەیە ئەقڵی پیاوسالارییە، ژن بەرنامە پێشکەش ناکەت بەڵکو، بەرنامە ژن پێشکەشدەکات.! بۆیە بۆ بینەری زیاتر ژنی جوان دادەنێن لەبەر شاشە. ئەو راستییە بۆ بەرنامەی نوچە، هونەر و مەگەزینیش وەهایە. بۆ نموونە بەرنامەی خواردن دروستکردن ببینن وەک ئەوەی خواردن دروستکردن تەنها کاری ژن بێت، هەرئەوەندەنا شتێکی سەیر ئەوەیە کاتێک مرۆڤ تەماشادەکات گەلێک سەوزە لە بەرنامەدا وەک ئۆبژەیەکی سێکسی نیشاندەدرێت. وەک ئەوەی سێکس و خوارن یەک بێت. لەو بەرنامانەدا ژنیش وەک خوارن پێشکەش دەکرێت.

لە سیستەمی کۆمەڵگای دەوڵەتیدا ئەقڵی پیاوساللاری لەسەر بەرنامەی مەگەزین کاریگەری زۆرتری هەیە. لەم سەردەمەدا ژن کەوتۆتە ئاستی تەماشاکردن. تەماشاکردنی پیاو بۆ ژن زۆر گرنگە.  بێگومان پیاویش دەکەوێتە هەمان ئاستەوە بۆیە دەتوانین بلێین ئەو بەرنامانە لە ناو پیاودا ژن لەناو ژندا پیاو دروستدەکات. کاتێک ژن جلوبەرگێک لەبەردەکات، بە چاوی پیاوی دەوروبەری لەخۆی دەڕوانێت. کاتێک سەیردەکات بەخۆی دەڵێت  ئایا پیاو چۆن دەیبینیت جوانی خۆی لە چاوی پیاوی ناوخۆیەوە دەبینیت، بەگوێرەی ئەوە خۆی دەگۆرێت. بەتایبەتی ئەو راستییە لە بەرنامەی مەگەزیندا دەبینرێت بەرنامەی مەگەزین هەوڵدەدەن ژنی مۆدەو مۆدێل دروستبکەن ئەم کاریگەرییەیەش وەک مۆدێل و شارەزابوون نیساندەدەن بۆیە رۆژانە چەندەها جار ریکلام پێشکەشدەکەن.  بە هەزاران ژن هەتا لەو ئاستەی مۆدێلبوونەدابن زۆر جار نەشتەرگەری جوانکاری دەکەن. لێرە سروشتی بوون ون دەبێت لە جەستەی ژندا.  ژن کچانی گەنج مۆدێل ومۆدە دەبێت بە نموونە بۆیان بۆیە زۆرێک لە ژنان راستی جەستەی خۆیان قبوڵناکەن بەڵکو، هەوڵدەدەن خۆیان وەک وەک ژنێکی ئەڵمانی، فەرەنسی، ئیتاڵی لێبکەن بێگومان ئەمە راست نییە چونکە، هەر گوڵێک  لە باخچەی خۆیدا جوانە.

ئەو لێکۆڵینەوە مێژووییانەی لەبارەی کۆمەڵگای سروشتیەوە تا ئێستا کراون ئەوەی دەرخستووە کە خۆ جوانکردنی ژن تەنها بۆ پیاو نەبووە بەڵکو،  ژن خۆیەتی خۆی خۆشدەوێت وە بۆ خۆی خۆی جوان دەکات لەناو ئەو ژنەدا پیاوێک نەبووە جوانی ئەو هەڵسەنگێنێت پێویستە ژنانی سەردەمی ئێستا خۆیان لە ڕوانینی پیاوی ناو خۆیان رزگاربکەن. کاتێک ژن پیاوی ناوخۆی فرێدا ئەوکات خۆی دەبێت خۆبوونی ژن ئەوەیە.


05/03/2021



وتارەکانی تری نوسەر