هەلێکی زێڕین لەبەردەم سەرۆک وەزیران دا

زانا تۆفیق بەگ



بێگومان لە دوای ئەوەی کە هەرێمی کوردستان بۆ جارێکی نوێ بەرەو قۆناغێکی تری قەیرانی دارایی هەنگاو دەنێت وە تواناکانی حکومەتی هەرێم بەرەو کەم بوونەوە دەڕوات ،  بەتایبەتی لە پێدانی مووچەی فەرمانبەران و کەرتەکانی بەڕیوەبردن و خزمەتگوزاری گشتی دا. لەم قۆناغە دا سەرۆکی حکومەت  باشترین هەلی چارەسەرکردنی دۆخی دارایی هەرێم بۆ ڕەخساوە کە سەرلەنوێ بەدروستکردنەوەو داڕشتنەوەی هەیکەلی سیستەمی بەڕیوەبردنێکی تۆکمە وزانستی  بەتایبەتی لە بواری مووچەو بڕینی مووچەی نایاسای گەڕانەوە بۆ خەزێنەی حکومەت لەڕێگای چاکسازی لە کۆی گشتی کەرتەکانی بەڕیوەبردنی دەزگاکانی حکومەتدا ،  وە سەرلەنوێ دروستکردنی سیستەمێکی بانکی و دارایی کە لەگەڵ شێوازەکانی سیستەمی بەڕێوەبردنی دنیای پێشکەوتوودا بگونجێ ، وەهەموو فەرمانبەرێك بەپێی  یاسا مووچەو دەرماڵەکانی دەستنیشان بکرێت وە لابردنی ئەو سیستەمە گەندەڵەی ئێستا کە زۆر بێکەڵک و بی مانایە بۆ پێدانی مووچەو کۆکردنەوەی باج و دەرامەتەکانی حکومەتی هەرێم کوردستان.  بۆیە پێویستە زۆر بەڕاشکاوی هاوار بکەین بلێن ئیتر لێرەدا پێویستە سەرۆکی حکومەت بەبێ گوێدانە پلەو ئاستی بەرپرسیارێتی هەرکەسێ لەناو هەر گرۆپ و دەسەڵاتێکی حیزبی و تەنانەت حکومیدا بێت  دەست بکرێت بە بڕینی ئەو مووچە ناشایستانەیەی ئەو کەسانە  کە بۆتە هۆی دروستکردنی نایەکسانی لە پێدانی مووچەدا و جارێکی تر سەرلەنوێ هەوڵی فۆڕمەلەکردنی سیستەمی ئیداری هەرێم بدرێت وە شێوازی مووچە لەسەر بنەمای کەفائەت و شارەزایی و خزمەتکردن بەرامبەر بە دەزگاکانی دەوڵەت و هاووڵاتیان بێت . وە سەنگی مەحەك بۆ وەرگرتنی مووچە لە هەرێمی کوردستان دا بە کۆمەڵی پێوەری زانستی و ائیداری بێت نەك لەسەر بنەمای دڵسۆزی بۆ دەسەڵاتی سیاسی.

 
بەڕێز جەنابی سەرۆک وەزیران، بەڕاستی ئەوە مەحاڵە هاووڵاتاین  بڕوا بەوە بکەن  کاتێك کە وەزارەتی دارایی دەڵێت بوجە نیە بۆ پێدانی مووچە بەڵام  لەبەرامبەر ئەوەدا سەفەرو و خۆشگوزەرانی و مووچەی های لایڤ بۆ  وەزیر و وەکیل وەزیر بەڕێوەبەرە گشتێکان  بەرپرسە حیزبێکان و خوا پێداوەکانی ناو دەزگاکانی بەشێك لە حیزب و حکومەت بە جۆرێكە ،کە زۆر جیاوازتر نیە لەو  خەڵکە ملیونێرانەی  ئەوروپا کە لە ئەنجامی ئێش و کارکردن و خوێندن و دانی باج بە دەوڵەت بەشێوەیەکی یاسای  دەوڵەمەند بوون بە پارەی عارەقەی ناوچەوانی خۆیان . هەروەها تەماشاکە لە جیاوازی بڕی ئەو مووچانەی کە کۆمەڵی خەڵك بە شێوەیەکی نایاسای وەریدەگرن لە ژێر تایتڵی پلەی وەزیفی ئیداری یان سەربازی کە تەنها رۆژێك کاربەدەستی حکومەت نە بوون هیچ سودێکی گشتیان نە بووە یان بڕی ئەو پاسەوانانەی کە بەناوی جیاجیاو لەسەر میلاکی ‌هێزەکانی پێشمەرگە مووچەی بندیوار وەردەگرن وە هیچ سودێکی گشتیان نیە . بۆیە من بڕوام بە  توانای بەڕێزت زۆرە کە بتوانی بە کۆمەڵی بڕیار و ڕێنومایی بەتایبەتی جارێکی تر بە پرۆژەیەکی قانونی چاکسازی فراوانتر لەوی پێشتو تر یان  دروستکردنی دەزگاکایەکی تایبەتی کە بەڕیزت خۆت سەرپەرشتی بکەیت یان  سەربە نووسینگەی بەڕێزت بێت بڕیاری کەم کردنەوەی هە موو ئەو مووچانە بدەیت کە بوونەتە جێگای ناڕەزایی خەڵکی کوردستان.

 
جگەلە کەم کردنەوەی مووچەی دەزگا سیادێکان  لەگەڵ  بەرپرسانی سیاسی بەڵکو پێداچوونە بە مووچەی دەسەڵاتی دادوەری و پزیشکەکان ودەزگاکانی تری سەربە ئەنجومەنی وەزیران دا بکرێت یان لە بەرامبەر ئەو مووچە زەبەڵاحە کە پێان ئەدرێت باج و ئەرکی زیاتریان بخرێتە ئەستو بۆ یەکسان کردنەوەی مووچەکانی تری فەرمانبەرانی ئاستەکانی خوارەوە و مووچەی شەهیدان و کەم ئەندامان . من بروام وایە ئەم قۆناخە تازەیەی دوای کڕۆنا باشترین دەرفەتە بۆ بەڕێزت  لە کابینەی نۆیەمدا کە بتوانی بێ دوودڵی   بڕیارێکی کۆنکرێتی بدەیت سەبارەت بەو نایەکسانیەی کە لە سیستەمی بەڕیوەبردنی حکومەت و تەنانەت سیستەمی سیاسی هەرێم دا پەیڕەو دەکرێت بۆ سەرلەنوێ گەڕانەوەی متمانەی حکومەت لای هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان چۆنکە ئەوەی لە ئێستادا خەڵکی داوای دەکەن لە کابینەکەی بەڕێزت  لە  دابینکردنی مووچە بۆ فەرمانبەران کە ئەمە مافێکی سروشتی و یاسای هەر کاربەدەستێکی حکومەتە .  بە بڕوای من بۆ چارەسەرکردنی  لایەنی کەمی دابینکردنی مووچە دە بێت  لایەنی پەیوەندار بە زووترین کات بڕیاری   گەڕانەوەی کۆمەڵی داهاتی نایاسای  کابینەکانی پێشوتر بدات بۆ کەم کردنەوەی  بەشێك لە موعاناتەکانی هاووڵاتی و هاوکات  هەستکردن بە جدێتی بەڕێزت بۆچارەسەرکردنی دۆخەکە  وە بڕیاردان لە بڕینی ئەو مووچانەی کە پێ دەوترێت خانەنشینی تایبەتی کە پێم وایە لە هیچ سیستەمێکی دنیادا بوونی نیە .   

 

03/05/2020



وتارەکانی تری نوسەر