ئازادی لە دەسەڵاتێکی بچوک

سۆما خالید


چەمکی ئازادی بە مانای درککردنی تاک بە مافەکانی و ئێرادە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی دێت، کە هەڵقولاوی خۆدی تاکە و دەتوانێت سەربەستانە و ئازادانە گۆزارەشت لە بیر و راوبۆچونەکانی بکات، هەروەها روڵ و کاریگەری هەبێت لە پێشخستن و گەشەکردنی کۆمەڵگا، تا نەبێتە هۆی کوشتنی داهێنان و دەستپێشخەری، وە هەوڵی دروستکردنی تاکی ئازاد بدات کە سەرچاوەی دروستبوونی ئازادی کۆمەڵگایەکەیتی، تا بتوانرێت تاک لەو کۆت و بەربەستانە رزگار‌بکات کە دەبێتە رێگری و سەربەستانە تەعبیر لە بیروبۆچوونی خۆیان بکەن.


بەڵام دەسەڵاتی سیاسی لە رووی چەمکی ئازادییەوە نەیتوانیەوە زەمینەیەکی لەبار و ژینگەیەکی تەندروست بڕەخسینێت، دوور لەهەمو دەمارگیریەک و باوەری بە ئازادی رادەبڕین هەبێت، لە کاتێکدا کە حکومەتەکەی بە دیموکراسی ناو دەبات، دەبێت هاشێوەی وڵاتانی تر بێت، کە گەل سەروەری خۆی و چارەنوسی خۆیەتی، چونکە سەروەری گەل، حوکمی گەل و ئیرادەی گەل بڕبڕەی پشتی سیستمی دیموکراسیە، وەدەبێت دەرفەت بە تاکەکان بدرێت تا بۆچوونەکانیان بێ فشارو ناچارکردن دەرببڕن، بێ ترس و هەڕەشە کردن رەخنە لە دەسەڵات و حوکمڕانان بگرن، زەمینێکی ئازاد بۆ رۆژنامەگەری، خۆپیشاندان، مانگرتن دەستەبەر‌ بکرێت ، نەک لە ڕوانگەی بیر تەسکیەوە برواننە خەڵکەکەی و دەستبکەن بە نانبڕاوی، دورخستنەوە و سزا گەیاندنیان، بەندکردنیان و بێسەروشوێنکردنیان تا دەستبردن بۆ کوشتن و تیرۆرکردنیان، کە لەم رێگاوە ترسێک لای تاکی کۆمەڵگا دروست دەکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هیچ دەسەڵات و دەزگایەکی ئاینی یان ئایدۆلۆژی، نەتوانێت جۆرێکی تایبەت لە ژیانیان بەسەردا فەرز بکەن. هەمو ئەمانە ئەوەمان پێی دەلێن کە کوردستان لە پرۆسەی ئازادی لەژێر پرسیار و لاوازیدایە، بۆیە شتێک نابینین  بەناوی دیموکراسی و ئازادی رەها. هیچ کاتێکیش ئەم ئازادیە بەرجەستە ناکرێت لەبەر نەبوونی بەهاکانی مافی مرۆڤ و نەبوونی ئایدیۆلۆژییەکی دیاریکراو و سیستمێکی پەروەردەی تەندروست، کە رەنگدانەوەی هەبێت لە چارەسەر کردنی کێشە و گرفتەکان و ژیانی تاکەکان.


ناکرێت دەسەڵات و بەرپرسان دەستدرێژی بکەنە سەر مافی هاوڵاتیان و کەرامەتیان پێشێل بکەن و هەر ڕۆژە و لەژێر‌ پاساوێک رۆژنامەنوس و ئازادیخوازان دەستبەسەر بکەن و گیانیان بکەوێتە مەترسیەوە، ئینجا رێگری لە خۆپیشاندان و کپ کردنی دەنگی شەقام لە رێگەی بەکارهێنانی هێزەوە بکەن و بە توندوتیژی وەڵامیان بدرێتەوە، ببنە هوی داخستنی نمایشە هونەرییەکان کە رەخنە لە شێوازی حوکمرانی دەگرن، ئەم دیاردانە روخساری ئەم ستەمکار و دیکتاتورانە زیاتر دەردەخات، هەر ئەمانەش کاریگەریان لەسەر نەمانی روحی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەریی تاک هەبووە. 

26/08/2020



وتارەکانی تری نوسەر