چۆن تەقینەوەکەی لوبنان ڕوویدا؟ نیتراتی ئەمۆنیۆم چییە و چۆن دەبێتە هۆی تەقینەوە!

ئاوات عەلی



نیتراتی ئەمۆنیۆم ، مادەیەکی کیمیایی و هێما کیمیاوییەکەی (NH4NO3)، مادەیەکی بلوری بێ ڕەنگەو لە ئاودا دەتوێتەوە.
نیتراتی ئەمۆنیۆم یەکێکە لەو مادانەی بەهۆی خراپ هەڵگرتن و خەزن کردنەوە زۆرترین قوربانی و کارەساتی خستووەتەوە لەمێژووی مرۆڤایەتیدا.
بەپێی سەرچاوە ئەمنییەکانی لوبنان تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت بەهۆی گڕگرتن و تەقینەوەی بڕێکی زۆر لە نیتراتی ئەمۆنیۆم بووە کە بەپێێ قسەکانی سەرۆک وەزیرانی لوبنان ٢٧٠٠ تۆن بووە.
نیتراتی ئەمۆنیۆم لە دروستکردنی پەینی کیمیاوییدا بەکاردەهێنرێت و جوتیارەکان بە ئاسانی دەستیان دەکەوێت، هەروەها بەکارهێنانەکانی تری بۆ دروستکردنی بۆمب و تەقەمەنییە بە تایبەتی لە تەقاندنەوەی کانە بەردی و خەڵوزییەکاندا.
نیتراتی ئەمۆنیۆم بەئاسانی گڕدەگرێت و دەبێتە هۆی ئاگرکەوتنەوەو دواتر تەقینەوەی، بەهۆی بونی ئۆکسجین لە پێکهاتەکەیدا، بۆیە دەبێت بە وریایی و ڕێنمایی پێویستەوە هەڵبگیرێت و بپارێزرێت.
لە مێژوودا دەیان ڕووداوی تەقینەوەی گەورەو کارەسات ڕویداوە بەهۆی خراپ هەڵگرتنی نیتراتی ئەمۆنیۆم کە سەدان قوربانی لێکەوتووەتەوە.
لە زۆرینەی وڵاتان مامەڵەکردن و کڕین و فرۆشتنی نیتراتی ئەمۆنیۆم ئاسان نییە و مامەڵەکانی بەئاگاداری لایەنە ئەمنییەکان دەبێت و ناو و ناونیشانی و زانیاری ئەو کەسانەی بازرگانی پێوە دەکەن یان بۆ بەکارهێنانی پیشەسازی و کشتوکاڵ دەیکڕن دەبێت لای هێزە ئەمنییەکان زانراو بێت لەگەڵ ئەو بڕەی دەیکڕن و مەبەستی بەکارهێنانەکەی.
بەهۆی ئاسان دەستکەوتنی هەندێک جار، لە زۆرێک لەو وڵاتانەی ناکۆکی و شەڕ و تەقینەوەی تیادایە، نیتراتی ئەمۆنیۆم بۆ دروستکردنی بۆمب بەکاردەهێنن.


ئەمەش لینکی داتای ئەو کارەسات و تەقینەوانەیە کە بەهۆی نیتراتی ئەمۆنیۆمەوە لە جیهاندا ڕوویداوە لە ساڵی ١٩١٦ ەوە تا ئەم پاشنیوەڕۆیەی بەیروت.
https://en.wikipedia.org/wiki/Ammonium_nitrate_disasters


ئەمەش ڤیدیۆی ڕوداوێکی تری تەقینەوەی ٨٠٠ تۆنلە نیتراتی ئەمۆنیۆمە.
https://www.facebook.com/physics.scienceist/videos/595877100867237


ئاوات عەلی
خوێندکاری خوێندنی باڵا لە زانستی کیمیا لە زانکۆی ستۆکهۆڵم

05/08/2020



وتارەکانی تری نوسەر