هەرێمی کوردستانی پاش کۆرۆنا

عمر عبدالقادر

قۆناغی کۆڕۆنا وەکو هەر قەیرانێکی تر تێپەڕ دەبێت وجارێکی تر دۆخی هەرێمی کوردستان (بەهەندێک گۆڕانکاری ئابووریەوە) دەچێتەوە باری هاوشێوەی پێش بەڵای کۆرۆناوە،  سەرلەنوێ هەر یەک لە حکومەت وئوپۆزسیون دەکەونەوە باسی پەرداخە نیوە پڕ و نیوە بەتاڵەکە. له هەر دوو حاڵەتیشدا بڕی ئاوەکە هەمان ڕێژەیە، کەمترە لە پێداویستیەکانمان.


گرنگە لەوە حاڵیبیین کە لە ١٥ ساڵی ڕابردوودا حکومەت وخەڵکی کوردستان لە بەڕەی خۆیان زیاتر پێیان ڕاکێشابوو، ئەمەش هۆکاری زۆربەی ئەو نەهامەتییە ئابووریانەیە کە دووچاری بووینەتەوە. نیشاندانی وێنەیەکی نا واقیعی لەسەر داهاتی هەرێم، نیشانەیەکی ئابووری هەڵە بوو کە حکومەت وئۆپۆزسیونی تووشی لەخۆباییوون کردبوو، خەڵکیش بوون بە قوربانیی شەڕی گوتاری نادرووست و لەدەستدانی بالانس وسەرلێشێوان.


تەخشانی سەروەتی وڵات بە شێوازی جیاواز و ناتەندروست بووە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی بژێوی ژیان، بەرزکردنەوەی هەقدەست و لەناوبردنی توانای کۆمەڵگا لە وەبەرهێنانی ئابووری، ئەمەش ناعەدالەتی لەدابەشکردنی سەرچاوە دارییەکانی لێکەوتەوە.


بەڵام لەم قۆناغەدا، گۆرینەوەی توومەت وبیرکردنەوە لە هۆکارەکان و گوتاری پۆپۆلیستی چارەسەری مومارەسە ئابووریە سەقەتەکان ناکات، بەڵکو بەرەو هەڵدێرێکی ئابووری وسیاسی خراپترمان دەبات. ئەو وانەیەی کە گرنگە فێری بین ئەوەیە کە دۆخە ئابووریەکەی هەرێم بگرە عێراقیش لەوە شڕترە کە ئێمە دەیبینین. دابەزینی نرخی نەوت لە بازارەکانی جیهاندا بەدڵنییایەوە کاریگەری قورسی دەبێت لەسەر توانای حکومەتی عێراق وهەرێم بو دابینکردنی مووچە و خەرجییەکان لە ٢٠٢٠ دا. 

 
بۆیە پێویستە لەم قۆناغەدا حکومەت هەنگاوەکانی بەرەو ڕێگەیەکی راست بسوڕێنێت و ئۆپۆزسیون بەرپرسانەتر مامەڵە ببکات وهاوکاربێت لە دەربازبوون لەو قەیرانەی کە چاوەڕوانی کۆمەڵگاکەمان دەکات.


گەڕانەوە بۆ بنەما زانستیەکانی ئابووی دوور لە بەرژەوەندییە حیزبییەکان، تاکە ڕێگایە بۆ خۆپاراستن لە هەڵدێرێکی ئابووری و دارایی ترسناکتر لە کۆرۆنا. پێداچوونەوە بە سیستمی دارایی، وەبەرهێنان، کۆکردنەوەی داهات وباج لەلایەک و، پەرەپدان بە پڕۆژەی بایۆمەتری، ڕێکخستنەوەی خەرجییەکان ومووچە وبازاڕی کار، لەلایەکی تر دەبێت بابەتی سەرەکی کاری حکومەتی هەرێم بێت.



01/04/2020



وتارەکانی تری نوسەر