کارەبا و کۆرۆنا و دیموکراسی

ئاوات محەمەد


کێشەی دەسەڵاتی کوردی ئەوەیە تاکو ئێستا بچوکترین بنەماکانی ماف ناناسێت و بەپێوەری دیوەخان و سەرۆک خێڵ ئەم ھەرێمە بەڕێوە دەبات و ھەوڵ دەدات ئیمارەتێک درووست بکات، ھاوشێوەی دوبەی و شێخەکانی کەنداو، بەڵام نەتوانی ئەمیان درووست بکات بەو بەڵگەیە سەیری پەرەسەندنی بوونیادی ئەو وڵاتە بکەن و نە وەک دەسەڵاتێکی مۆدێرن کار بکات، کۆرۆنا توانی بێسەوادی ئەم دەسەڵاتە بخاتەروو، کەچەندە دەستەوەستانە لەچارەسەرکردنی بچوکترین قەیران، کەتوانای نییە بەرەورووی بچوکترین کێشە ببێتەوە، ئێستا قەیرانی کۆرۆنا باشترین بەڵگەیە.

با واز لەمە بێنین، من کێشەم لەگەڵ قەیرانی کارەبا ھەیە، بیست و نۆ ساڵە ئەڵێن کارەبا بەش ناکات و ھاوڵاتی دەستی پێوەناگرێت و زیادەڕویی زۆر ھەیە، با زۆر بەکورتی سەیری ئەم ھاوکێشەیە بکەین، ئێستا قەیرانی کۆرۆنایە، کارگەکان و ناوچە پیشەسازییەکان لەکار کەوتوون، فەرمانگە حکومییە ھەموو داخراون، بازاڕ و ئەو شوێنانەی زۆرترین کارەبایان بەکاردەھێنا دەخراون، ئەمە جگە لەوەی ئەم وەرزە ھاوڵاتیان کەمترین پێویستیان بەکارەبا ھەیە، چونکە نە گەرمکەرەوە، نەفێنکەرەوە بەکارناھێنن، واتە ئێستا نزیکەی ٣٠% کارەبای جاران سەرف دەکرێت، بەڵام کارەبا ھەر خەریکی چاوشارکێی خۆیەتی، ھەندێکجار وەک نەبوو وایە، ئایا دەکرێت یەکێکی شارەزا ئەم ھاوکێشەیەم بۆ لێکبداتەوە و وەڵامێکی لۆژیکیم بداتەوە.

ھەر بۆ بیرھێنانەوە بەرپرسێکی ئەم ھەرێمە لەبیرمەندێکی ئەمریکی ئەپرسێت رات لەسەر ئەزموونی دیموکراسیەتی ھەرێمی کوردستان چییە، لەوەڵامدا پێیدەڵێت ئێوە جاری کارەبا بۆ ھاوڵاتی دابین بکەن، ئەوکات باس لەدیموکراسی بکەن، واتە دیموکراسی پەیوەستە بەمافەوە، لەھەر شوێنێک ماف نەبوو، ئیتر دیموکراسی وەک گاڵتەجاڕی لێدێت و چەندین ساڵ جارێک کۆمەڵێک سندوق دادنرێت و پڕ دەکرێت لەکاغەز و دواتر دەسەڵات دووبارە خۆی دەسەپێنێتەوە بەناوی شەرعەیەتەوە، ئەم گاڵتەجاڕییە ھەمیشە بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی کودەتایەک یان شۆڕشێک یان جەنگێک روودەدات و ئەو دەسەڵاتە دەروخێنێت، ئەوەی لەم ھەرێمە روودەدات ئەم جۆرەیە لەگاڵتەجاڕییە، ئەوەتا ئەوانەی لەکەرەنتینەی کۆرۆنان، لەسەر گیرفانی خۆیان دەژین و لەماڵەکانەوە خواردنیان بۆ دەچێت، تەنھا ئەوەی حکومەت کردوویەتی زیندانێکی پێداون، ئەمە چی پێدەوترێت حوکمڕانی؟، یان چەتەیی؟، دیارە ئەو دەستە ئۆلیگارشیەی ئێستا دەسەڵات بەڕێوە دەبات، خاوەنی بچوکترین ھەستی نیشتمانی و نەتەوەیی و مرۆیی نین، ئەوەی لایان گرنگە خێڵ و دیوەخانەکانی خۆیانە، لەبەرئەوە ھەموو شتێک لەم دەسەڵاتە رزیوە بەجێماوی سەدەکانی ناوەڕاست دەوەشێتەوە و ھیچ شتێکی خراپ لەوانەوە نامۆ نییە.

ئیتر کارەبا نییە شتێکی سەیر نییە، کۆرۆنا ھەیە یان نییە و گومان لەراستگۆیی دەکرێت گرنگ نییە، ئەمان بۆ بازرگانی ھەموو شتێک دەکەن، واتە ھەموو ھاوڵاتیان بۆ ئەوان بابەتێکن بۆ بازرگانی.


01/04/2020



وتارەکانی تری نوسەر