بۆچی نەوت ڕادەستی بەغدا بکرێتەوە:؟!

ئەمین بەکر

سەرەتا دەبێت بڵێم باوەڕی تەواوم بەمافی دەستوری هەرێمی کوردستانە ،لەبونی دەسەڵاتی دارایی ودەستوری بونی بەڕێوەبردنی  مەلەفی نەوتی لەخاکی هەرێمدا، بەتایبەت ئەوکێڵگانەی دوای 2005 دەرهێنراون. بەڵام لەهەمان کاتیشدا باوەڕی تەواوم بەوەیە کە بەڕێوەبردنی دەسەڵاتدارانی هەرێم بۆ مەلەفی ئابوری وبەتایبەت مەلەفی نەوتی لەهەرێمدا بەتەواوی شکستی هێناوەو، تەنانەت دەسەڵاتدارانی هەرێمیش دان بەشکستی ئابوری نەوتی دادەنێن وناڕاستەوخۆ دەڵێن ئەو گرێبەستانەی لەبواری نەوتدا کراون ،هەرێم وئابوریەکەیان ڕەهنی کۆمپانیاکانی نەوت و وڵاتی تورکیا کردوە،!

   بەشێوەیەک گرێ بەستەنەوتیەکان بونەتە تەوقێک بەگەردنی خەڵکی کوردستانەوە ،ڕێگەی دەربازبون لێیان زۆر زەحمەتە.

  هەروەک بەشێک لەکۆمپانیاکانی  حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمیش لەبواری ئابوری و وزەدا وبەتایبەت پارتی لەبواری نەوتدا ،بونەتەوە شەریکە بەشی کۆمپانیا نەوتیەکان و چالاکیە ئابوریەکانی تر ، وئەوانیش بونەتەوە مشەخۆرێکی تری سەربار  لەسەر جەستەی سامانی گشتی ولەسەر حسابی بەرژەوەندی   گشتی  ئیمتیازات وخێروبێری زۆریان پێدراوە بونەتە خاوەنی سەرمایەی خەیاڵی .

  لەبەرامبەردا کورتهێنانێ خەرجی گشتی و بێ توانایی ئیدارەی دەسەڵاتی هەرێم لەدابینکردنی خەرجی موچەو خەرجیەکانی تر بۆ شەش ساڵ دەچێت بەردەوامی هەیە .
ئەوەشی کەکەس ناتوانێت ئینکاری بکات ئەو فەشەل وخیانەتەی لەبابەتی بەڕێوەبردنی مەلەفی نەوتی لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانەوە کراوە ، دۆزەخێکی بژێوی وقەیرانی دارایی وئابوری وسیاسی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان دروست کردوە، بەشێوەیەک ئەگەر هەرکەس ولایەنێکی تریش بێجگە لەپارتی ویەکێتی بێن وبیانەوێت حوکمداری هەرێم بکەن ناتوانن بەبێ هەمواری ئەو گرێ بەستانەو سوک کردن وکەمکردنەوەی پابەندیەکانی ناویان ، بەئاسانی هەرێم لەگێژاوی ئابوری وسیاسی وشوێنەوارەنەرێنیەکانی گرێبەستە نەوتیەکان ڕزگاربکەن،  چونکە تەونەکانی ئەم خیانەتە خیانەتی ڕەهن کردن و بەموڵک کردنی سامانی گشتی هەرێم بۆکۆمپانیاکانی نەوت، بەپێ ی یاسا بەرکارەکانی هەرێم ڕێکخراون و لەلایەن کاربەدەستان و کەسانی فەرمی و بەناوی دەسەڵاتی گشتی یەوە واژووکراون .

      بۆیە وای دەبینم تاکە چارەسەرێک بۆ هەموار کردنەوەی ئەو گرێبەست وپابەندیانە ،دانانپێدانانێکی ناچاریانەی هەرێمی کوردستانە بەنەبونی تایبەتمەندێتی (اختصاص)ی هەرێم لەبەستنی ئەو گرێ بەستانە لەکاتی خۆیدا وعەیبداریانە لەڕوی یاساییەوە ،(هەر ئەمەشە ئەوەی کە حکومەتی فیدڕاڵی عێراق داوای دەکات)،  بەم شێوەیەش ڕاستەوخۆ بەغدا دەتوانێت خۆی هەڵسێت بەگفتوگۆی هەمواری گرێبەستە نەوتیەکان لەگەڵ کۆمپانیاکان ووڵاتی تورکیادا، بەڕەچاوکردنی ئەوەی حکومەتی فیدڕاڵی عێراق لەئێستادا پێگەی سیاسی وئابوری وقانونی لەهەرێم بەهێزترەو دەتوانێت بەکارتی زیاترەو بچێتە گفتوگۆوە لەگەڵیانداو  و هەوڵ بۆکەمکردنەوەی پابەندیەکانی هەرێم بدات وتەنانەت کار بۆ هەڵوەشاندنەوە یان تەسویە کردنی بەشێک لەگرێ بەستەکان بکات،و خاک وسامان وخەڵکی هەرێمی کوردستان لەڕەهنی گرێ بەستە نەوتیەکان ڕزگار بکات.

      گەرچی ئەم هەڵبژاردنە زۆر تاڵەو وەک خواردنەوەی ژەهر وایە چونکە واز هێنانە لەمافێکی دەستوری ویاسایی ئەم هەرێمە کەدەکرا بەپێچەوانەی ئێستاوە بکرێتە سەرچاوەی خێرو بێر وخۆشگوزەرانی بۆخەڵکەکەی،  بەڵام بەداخەوە کە ئەمە دەرئەنجامی شکست و گەندەڵی وخیانەتی دەسەڵاتدارانی کورد خۆیەتی لەمەلەفی نەوت وئابوریدا و هەڵبژاردنی تر لەبەردەم هەرێمی کوردستاندا زۆر کەمە،!  بۆیە پێم وایە پێویستە هێزە سیاسیەکانی کوردستان بەدەسەڵات وئۆپۆزیسیۆنەوە بەجدی گفتوگۆی ئەم بابەتە بکەن وسودو زیانەکانی تەسلیم کردنەوەی مەلەفی نەوتی بەبەغدا تاوتوێ بکەن.


22/05/2020



وتارەکانی تری نوسەر