هەڤاڵ لەیلا چیمان پێ دەڵێت ؟؟

بێریڤان محەمەد

لە کاتێکدا پەرلەمان و پەرلەمانتاری بۆ مرۆڤە دەسەڵات خوازەکان ئامانجە ، بۆ ژنە پێشەنگی ئازادی ، هەڤاڵ لەیلا گۆڤەن جگە لە مەیدانێکی خەبات لەپاڵ چەندین مەیدانی تردا هیچی تر نیە.

هەربۆیە کاتێکیش ئاکەپەی دوژمنی دیموکراتی لە ناو پەرلەمانی تورکیادا پارێزبەندی لێسەندەوە ، تەنها گوتەی (بەرخودان ژیانە )ی کردە هەڵویست  و وەک میراسی سەدان شۆڕشگیڕ لە مێژوی تێکۆشانی ئازادیخوازی گەلی کورد ، بە زیندانیکردنەوەی دوبارەشی پشەنگایەتی بەرزترین ورە و مۆراڵ کرد.

 دروشمی بەرخودان ژیانەی هەڤاڵ لەیلا لە دۆخێکی وادا واتای مەزن لەخۆ دەگرێت، بەسە بۆ ئەوەی هەم بە گەلە  بەرخودێر ەکەی و هەمیش بە دەسەڵاتە بی ئیرادە وتەسلیمکارەکانی باشور  و هەمیش بە دەوڵەتی فاشستی تورک گەورەترین پەیام بدات و بڵێ نەک هەر ئێمە مل کەچ ناکەین بۆ ئەم ستەم و فشارانە، بەڵکو ئەم فشارانە سورترمان دەکات لەسەر ئەو ڕێبازەی کە تێیدا مەرجی ژیان تێکۆشانە، هەروەها مەیدانی گرنگی تێکۆشان لەناو گەلدایە، کۆمەڵگا هێزی تێکۆشانی دیموکراتیە و چەندە لەو نێوەندەدا تێکۆشانی دیموکراتی و رێکخستنی پێش بکەوێت ئەوەندە چاوەروانی پێشکەوتن و پەرەسەندن دەکرێت ببیت، لە دۆخی ئێستای تورکیا و زۆر دەوڵەتی تری جیهانیش پەرلەمان ڕوپۆشی دەوڵەت نەتەی دژە دیموکرات و ناوەندگەرا و فاشیستە  و بڕیاری هێرشە ناڕەواکانی دژی کۆمەڵگا و نەتەوە ئازادیخوازەکانی تێدا دەکرێتە یاسا و هیچی تر.

خاڵێکی تری گرنگ، ئیرادەی ژنی ئازادیخوازە، کە خودی لەیلا گۆڤەن پێشەنگایەتی دەکات، کاتێک بێچارەیی باڵی بەسەر کۆمەڵگادا کێشابوو، گۆشەگیری ئیمراڵی کە خودی رێبەر ئاپۆ وەک هێزی چارەسەری دیموکراتی لەوێداایە بە ئاستێک پێشکەوتبوو کە بێ ئاگایی لە رێبەر ئاپۆ و رێگری لە هاتنی دەرەوەی رێنمایی و پێشنیارەکانی خەریک بوو دەبوە بێهیواییەکی مەزن، لە دۆخێکی وادا ئەم ژنە پێشەنگە بە تێکۆشان و ئیرادەی خۆی توانی هیوا بگەرێنێتەوە فاشیزمی ئاکەپە بەچۆکدا بدات و سیستەمی گۆشەگیری بلەرزێنی ، بە بەرخودانی درێژخایەنی مانگرتن گەورەترین تێکۆشانی دیموکراتی گەلێکی بە دونیا نیشاندا و هەموو گەل و ئازادیخوازانی هێنایە پای خۆی   و دەوڵەتی ناچار کرد کە رێگا بە دیداری ئیمراڵی بدات.

هەڵبەت لێرەدا مەبەستی من ئەوە نیە مێژوە بەرخراوان و تێکۆشانی مەزنی  هەڤاڵ لەیلا و کاریگەریەکانی تێکۆشانی ئەم هەڤاڵە و هەڤاڵلانی تر لە باکوری کوردستان باس بکەم.

بەڵکو دەمەوێت ئەوە دەستنیشان بکەم، بۆ تێکۆشەرانی ئازادی هەر جێیەک مەیدانی تێکۆشانە ، بەتایبەت بۆ ژنێکی خاوەن فکر و تێکۆشەر دەکرێت لە جێگەی بێ چارەیی و بێ هیوایی ، لە هەر ئان و زەمانێک چارەسەری ئاوا بکات و ببێتە هیوا نەک بۆ خودی خۆی بەڵکو بۆ گەلەکەشی، کە لەناو تێکۆشانی ئازادی گەلەکەمان بە پێشەنگایەتی پەکەکە و ڕێبەرایەتی ڕێبەر ئاپۆ نمونەی لەژمارە نەهاتوو بەدیدەکرێت.


06/06/2020



وتارەکانی تری نوسەر