ئەو پیلانەی لەپشت لەناوبردنی رەنجی جوتیارانەوەیە

بێریڤان محەمەد

کارو بەرهەمهێنان کردەی هەموو زیندەوەرێکە لە پێناو خۆبەخێوکردندا، ئەم کردارە چەندە خاوەن دەستکەوتی مادیە، بەقەد ئەوەش خاوەن رەهەند و دەستکەوتی مەعنەویە بۆ مرۆڤ، کشتوکاڵکردن نمونەیەیی ترین جۆری ئابوری و بەرهەمهێنانە، چەندە کشتوکاڵ پەرە بسێنێ ئەوەندەش ژینگە پارێزی پێش دەکەوێت و پەیوەندی مرۆڤ لە گەڵ سروشت پەرەدەسێنێت، پەیوەستبونی مرۆڤی کورد بە کشتوکاڵ رەگێکی مێژووی قوڵی هەیە، کوردوستان شوێنی یەکەم شۆڕشی کشتوکاڵیە لەمێژوی مرۆڤایەتی دا و بە پیت ترین خاکە بۆ کشتوکاڵ، هەربۆیە دابراندنی مورۆڤی کورد لە خاک و کشتوکاڵ بە واتای دابڕانە لەزۆرێک لە بەها مادی و مەعنەویەکانی.

 

هەروەها یەکێک لە رەهەندە گرنگەکانی ئاواکردنی ژیانی ئازاد چی بۆ مرۆڤێک و چی بۆ کۆمەڵگایەک کارکردن و بەرهەم هێنانە، ئەو مرۆڤ یان کۆمەڵگایانەی بە رەنجەشانی خۆیان دەژینو خاوەن بەرهەمن، ژیانیان سەربەرزانە و ئازاد ترە، هەڵبەت پێچەوانەی ئەمەش راستە واتە ئەو مرڤەی بێکار و بێ بەرهەمە، یان ئەو کۆمەڵگاییەی بێ بەرهەم لە ئەخلاق و بەهای ژیانێکی ئازاد دورە و بە ئاسانی روبەروی ژێر دەستەیی و تەسلیمیەت و دەبێتەوە و کرایەوە بەردەوام بۆ داگیرکاری لەلایەن هێزە سەرمایەدار و دەسەڵاتدارەکان.

 

هەربۆیە سیاسەتی پشتی کۆتایی هێنان بەبەرهەمی ناوخۆیی، مەترسیدارترین سیاسەتە کە لەکوردستان بەشێوەی بەرنامە بۆدارێژراو بەهۆی داگیرکاری قەڵەوە روبەروی بوینەتەوە، بەتایبەت لە باشوری کوردستان وێرانکردنی گوندەکان لەلایەن رژێمی سەدام و ئێستا دەوڵەتی تورکیا و تا دەگات بە حکومەتە کوردیەکەمانەوە کە دەسەڵاتدارەکانی لەچوارچێوەی سیاسەتی داگیرکاران و بەرژەوەندیە بچوکە بازگانیەکانی خۆیان لەگەڵ داگیرکاران بەردەوامن لە لەناوبردنی بەرهەمی نێوخۆیی و جواتیاران ناچار ساڵانەیان بە دەستی خۆیان بەرهەمە جوانەکانیان فڕێ بدەن یان بیسوتێنن، واتە بەهای مادی و مەعنەوی و جوتیارەکان و ئەم گەلە هەمو ساڵێک بەبەرچاومانەوە لەناودەبرێت وەک تەواوی بەهاکانی تر لەچوارچێوەی داگیرکاری دەرەکی و سیاسەتی پاشقەرۆ و بەرژەوەندی پەرستی بازگانەکانە سیاسیەکانی ناوخۆ.

 

لەم چەند خاڵەدا دەسەڵاتدارانی ناوخۆ و داگیرکاران بەرژەوەندیەکانیان لەسەر لەناوبردنی بەرهەمی ناوخۆیی (کە لە ئێستادا جگە لە جوتیاران شتێکی ئەوتۆی تر نابینرێ) یەکدەخەن.

 

١- کۆمەڵگا چەندە خاوەن ئابوری و بەرهەمی خۆی بێت، ئەوەندە خاوەن ئیرادە دەبێ و دوور دەبێ لە ژێردەستەیی، ئەمەش نە دەسەڵاتدارەکانی ناوخۆ دەتوانن دەسەڵاتی خۆیان بسەپێنن و نە داگیرکاران، هەبۆیە هەردولا لە دژین.

 

٢-دەسەڵاتی ناوخۆ لەم رێگایەوە لەشکرێک لە بێکار دروست دەکات و بەشێک لەو بێکارانە، ناچاریان دەکرێن بە موچەی کەم خزمەت بە دەسەڵاتی شەخسیان بکەن و لە رێگای موچەوە هەرشتێکیان پێ بکەن.

 

٣- ئێستا کوردستان باشترین بازاڕی داگیرکارانی وەک تورکیا و ئێرانە و ئەوان بەم رێگایە داهاتێکی فراوان قازانج دەکەن، هەر بۆیە وەک مەرج لە گرێبەستەکانی ئەم دەوڵەتانە هاتوە کە رێگا بە پێشخستنی بەرهەمی ناوخۆ نەدرێت و دەسەڵاتدارەکانیش سەریان بۆ ئەم فەرمانەش شۆڕ کردوە .

 

٤- سەرجەم سیاسیە باڵادەستەکانی هەرێم بازرگانن و بەشوێن قازانجەوەن، هەر بۆیە هاوردەکردنی بەرهەمی دەرەکی و کەڵەکەکردنی سەرمایە زۆر لە بنیادنانی ژێرخانی نەتەوە وئاواکردنی کۆمەڵگا ئازاد و خۆشگوزەران لایان ئەولەوی ترە.


08/07/2020



وتارەکانی تری نوسەر