دەسەڵات بە تامی ئۆپۆزسیۆن

هیوا حسن

لەزۆربەی ووڵاتە دیموکراتەکانی جیهاندا کاتێک چەند لایەنێک براوەی هەڵبژاردن ئەبن ،بەڵام هیچ کام لە لایەنەکان دەنگی پێویستی بەدەست ناهێنێت بۆ پێکهێنانی حکومەت، لەو کاتەدا ئاساییە براوەی یەکەم لەگەڵ لایەنەکانی دیکەدا ئیئتلافێک دروست ئەکەن و لەسەر بەرنامەیەکی کار ڕێک ئەکەون و کابینەی حکومەت فۆرمەلە دەکەن ، لەو ماوەیەدا حیزبەکانی بەژداربوو هەموو توانای مرۆیی و زانستی و ئەکادیمی خۆیان ئەخەنەگڕ بۆ ئەوەی زۆرترین ئەو خاڵانەی کە لە هەڵمەتی هەڵبژاردن بە خەڵکیان داوە جێبەجێی بکەن،واتا بەهەموو شێوەیەک هەوڵی سەرخستنی کابینەکە ئەدەن و پشتگیری تەواوی ئەکەن و کەسانی تەکنۆکرات دەنێرنە حکومەت، لەهەمان کاتیشدا ئەگەر کەمترخەمییەک یان لادانێک هەبێت لەلایەن ئەو لایەنەی کە زۆرینەی حکومەتی لەدەستە ، دوای چەندین ڕاوێژو گفتوگۆ ئەو لایانانەی کە بەژداری حکومەتن بگەنە ئەو بڕوایەی کە ئەو کێشانەی کە لەدژی بەرژەوەندی خەڵکیدایەو چارەسەر ناکرێت، دواجار ڕای گشتی لێ ئاگادار ئەکەنەوەو پاشان وەزیرەکانیان دەست لەکار ئەکێشنەوەو بەتەواوی لە حکومەت ئەکشێنەوە.

بەڵام بەداخەوە لەم هەرێمی کوردستانە هەر لەسەرەتای دروست بوونی یەکەم کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە تاکو ئێستا کە هەموو کابینەکان چەند لایەنێکی سیاسی تێیدا بەژدار بوونە، چونکە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیەکانی خەڵکیدا نەبووەو بەرژەوەندی حیزبی عاملی بەژداریکردنی لایەنەکان بووە لەحکومەت ، بۆیە ئەبینین جگە لەوەی براوەی یەکەم کۆنتڕۆڵی سەرجەم جومگەکانی دەسەڵاتی کردووەو هەموو توانا سەربازی و دارایی و پەیوەندیەکانی مۆنۆپۆل کردووە، لەبەرامبەریشدا لایەنەکانی دیکەی حکومەت بەهۆکاری دەسکەوتی حزب و شەخسی چاو پۆشییان لەو ناعەدالەتیەو ئەو هەموو گەندەڵەییان کردووە کە لەماوەی ڕابردودا ئەنجام درابوو.
دەرەنجامی ئەو شێوازە ناتەندروستەی حوکمڕانی لە کوردستان ئەوەبوو لەساڵی 2009دا بۆ یەکەمجار هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی کارا لەدایک ئەبێت و دەنگی ناڕازی شەقام بۆلای خۆیدا ڕائەکێشێ، هەر بۆیە حیزبەکانی دەسەڵات سیاسەتی (بانێکەو دوو هەوا)یان پیادە کردو بەدوو ئاراستە درێژە بەکارەکانیاندا ئاراستەیەک بۆ ڕازیکردنی شەقام و ئاراستەکەی دیکەیش بۆ درێژە پێدانی هەمان شێوازی حوکمڕانی پێشوو بوو کە مۆنۆپۆلکردنی خێرو داهاتی ووڵاتە بۆ حیزبەکانیان.

دەربارەی خاڵی یەکەم حیزبەکانی بەژدار لەحکومەت هەمیشە هەوڵیان داوە هەرچی دەسکەوتوو کارە باشەکانی حکومەتە وەک دەسکەوتی حیزبی بەسەر خەڵکیدا بیفرۆشنەوە، هەمیش هەرچی گەندەڵی و کارە نایاسایەکان و قەیران و نەهامەتیەکانە خۆیانی لێ دەرباز بکەن و بەسەر لایەنەکانی دیکەی حکومەتدا ساغی بکەنەوە، واتا ئەو لایانانە بەشێوەی (دوالیزم) دوانەیی کاریان کردووە هەم بەژداری کێکی دەسەڵاتن و هەمیش وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ روداوەکانە مامەڵە ئەکەن ، واتا هیچ کام لەو لایانانەی بەژداربوی حکومەتن نە قورسایی و توانای خۆیان بۆ سەرکەوتنی ئەو کابینەیە خستۆتە گڕ، نە بەڕاکشاوی و ڕاستەوخۆ کشانەویان لەو حکومەتە شکسخواردووە وەک ئەوەی خۆیان ڕۆژانە لە کەناڵەکانیانەوە باسی دەکەن ڕاگەیاندووە.

لێرەوە ئەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە چونکە پێکهێنانی حکومەتی ئیئتلافی لەلایەن چەند لایەنێکی سیاسی لەسەر ئەساسی بەرژەوەندیە باڵاکانی خەڵکی کوردستان نەبووە هەمیش بەشێوەیەکی تەندروست وەک ئەوەی لە ووڵاتە دیموکراسیەکاندا هەیە ڕێک نەخراوە بۆیە رۆژ بەڕۆژ هەم قەیران و هەمیش پەیوەندی نێوان لایەنەکانی بەژداربوی حکومەت ڕوو لە خراپی و ئاستەنگی زیاتر ئەبێتەوەو پرۆژەی چاکسازیش کە هەمیشە دەسەڵات جەختی لەسەر ئەکاتەوە بەم شێوازە لەحوکمڕانیە جگە لە دروشم و گەوجاندنی خەڵکی هیچی لێ سەوز نابێت .

باشترین چارەسەریش بۆ ئەم دۆخە شێواوەی کە توشی سیستەمی حوکمڕانی بووە تەنها دوو ڕێگا لەبەردەستن ، یان کارکردن بۆ  هەڵبژاردنێکی پێش وەخت و لەژێر چاودێری نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و پێکهێنانی حکومەتێکی تاک لایەنە لەسەر بنەمای براوەی یەکەم و فۆرمەلە کردنی سیستەمێکی نوێی حوکمڕانی کە گۆڕانکاری لەسەر تەواوی جومگەکانی دەسەڵات بێنێت بەپێی ستاندەری سیستەمە دیموکراسیەکان ، وە هەرچی حیزبەکانی دیکەیشە وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی مەدەنی بەردەوامی بە کاری خۆیان بدەن، ڕێگای دووەمیش چاوەڕێی توڕەیی جەماوەر بن کە لەئان و ساتدایەو لەڕێگای ڕاپەرینەوە گۆڕانکاری بەسەر ئەم دۆخەی حوکمڕانیدا بهێنێت.


09/06/2020



وتارەکانی تری نوسەر