کام هەڵوێستی کادری حزبی

هیوا حسن

بڕیاری بڕینی مووچەی فەرمانبەران دەنگدانەوەی فراوانی بەدوای خۆیدا هێنا لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە بەتایبەت لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەجۆرێک کەم کەس هەیە پۆستێک یان بابەتێکی لەسەر نەنوسیبێ، بێگومان ئەم ڕەنگدانەوە خێرایە ئەگڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەم بڕیارە پەیوەستە بە ژیانی هاووڵاتیانەوە کە ڕاستەوخۆ کاریگەری ئەبێت لەسەر بژێوی ژیانیانەوە.

بەڵام ئەوەی زۆر سەرنجی ڕاکێشام کادرانی حزبەکانی دەسەڵاتە کە بەشێوەیەکی بەرچاو قسەیان لەسەر ئەم بابەتە کردووە، پێم وایە ئەم بابەتە دوو ڕەهەندی جیاوازی دژ بەیەکی هەیە، یەکەم ئەو کادیرانە وەک هەر هاووڵاتیەکی ئەم نیشتمانە زەرەرمەندی سەرەکین لە دەرچوونی ئەم بڕیارە و دەرەنجامەکانی.

 

بەڵام ڕەهەندی دووەم وامان پێ ناڵێت ، کاتێک کادر یان ئەندام یان لایەنگرێکی ئەم حزبانەی دەسەڵات لەماوەی ڕابردوودا بەهەموو شێوەیەک پشتگیرو پاڵپشتی ئەم حزبانە بوونە لەهەموو کارە خراپەکانیان ، لەبری هەڵوێست وەرگرتن و سزادانی حزبەکەیان بەردەوام بوونە لە پاڵپشتیان ، تەنانەت لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا تەزویرو شەڕی لایەنەکانی دیکەیان بۆ کردووە ،کاتێک نیوەی خاکی کوردستانیان لەدەستدا،کاتێک داهاتوو سامانی ئەم ووڵاتەیان لەنێوان چەند بنەماڵەیەکدا دابەشکرد، کاتێک ووڵات توشی دەیان و سەدان قەیرانی ئابوری و سیاسی و حوکمڕانی ئەبوووەوە ، کەچی ئەو کادرانە هەر پاڵپشتی حزبەکەیان بوونەو بۆ تەنها جارێکیش هەڵوێستێکی دەستەجەمعیان وەرنەگرتووەو ئیستۆپیان بە حزبەکەیان نەکردووە، من دڵنیام هەر بەیانی هەڵبژاردن بکرێت هەمان ئەو کادرانەی ئێستا بۆڵە بۆڵیانە ماڵ بەماڵ سواڵی دەنگ و تەزویرو شەڕ بۆ هەمان ئەو حزبانە ئەکەن و چەپڵەیان بۆ لێ ئەدەن.

بۆیە روی دەمم لەو کادرانە ئەکەم و ئەڵێم، کاتێک بەباش و خراپی حزبەکەت ڕازیت، پێویست بە بۆڵەبۆڵ ناکات و ئەبێ چاوەڕێی دەرەنجامە خراپەکانیشی بیت و باجی ئەو پشتگیریەت بدەی ، بەڵام ئەگەر هەست بە مەسئولیەت ئەکەیت و ناتەوێ بەشداری ئەو تاوانە نیشتمانیانە بیت و   بەرژەوەندی گشتیت لا گرنگترە لەبەرژەوەندیە حزبی و شەخسیەکانی خۆت ، تەنها بەچەند پۆستێکی ناڕەزایی هیچ لەدۆخەکە ناگۆڕێت و ناڕواتە خانەی هەڵوێست وەرگرتن ،هەر بۆیە پێویستە ناڕەزایەتێکەت بکەیتە کرداری و هەڵوێستی جددی و پراکتیکی دەربڕیت بەجۆرێک کاریگەری هەبێت لەسەر سیاسەتی سەرکردایەتی حزبەکەت بە ئاراستەی بەرژەوەندیە باڵاکانی ووڵات.
بەم جۆرە ئەتوانی هەم حزبەکەت بەئاراستەی خزمەتکردنی خەڵک بەریت ، هەم خەڵک و ووڵاتەکەت لەقەیران و نەهامەتی رزگار بکەیت.

 


23/06/2020



وتارەکانی تری نوسەر