بەهەرێم کردنی کەرکوک

هیوا حسن


بەو پێیەی کەرکوک تایبەتمەندی خۆی هەیە لەرووی دانیشتوانیەوە کە چەندین نەتەوەو ئاین و مەزهەب لەخۆئەگرێت، هەر بۆیە پێویستیشی بە جۆرێک لە بەڕێوەبردن هەیە کە بتوانێت هەموو جیاوازیەکانی لەیەک فۆرمی حوکمڕانی کۆبکاتەوەو بەرژەوەندی هەموو لایەکی تێدا پارێزراو بێت،بەڵام بەداخەوە ئەزمونی حوکمڕانی نزیکەی سەد ساڵی ڕابردووی حوکمەتەکانی عێڕاق لەو شارەدا  ئەو ڕاستیەمان بۆ ئاشکرا دەکات کە ئەو جۆرە حوکمڕانیە کلاسیکیە مەرکەزیەی کە حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێڕاق بەسەر شاری کەرکوکدا چەسپاندویانە جگە لەماڵ وێرانی و خاپورکردنی شارەکە هیچ دەستکەوتێکی بۆ خەڵکەکەی نەبووە ، ئەمە وایکردووە ئەم شارە نەک هەر نەیتوانیەوە سوود لەخێروبێری سامانە بەپیتەکەی ببینێ  کە یەکێکە لە شارە هەرە دەوڵەمەندەکانی جیهان، بەپێچەوانەوە هەروەک و کەرکوکیەکان ئەڵێن سامانی نەوت خێرەکەی بۆ کەسانی دەرەوەی شارەکەیەو تەنها دوکەڵەکەی بۆ خەڵکی کەرکوکە.

فاکتەری سەرەکی کە کەرکوکی بەم دۆخەی ئێستا گەیاندووە ئەوەبووە کە هەمیشە بڕیارو چارەنوسی ئەم شارە لەدەرەوەی ئیرادەو بەرژەوەندیەکانی خەڵکەکەی بووە،واتا خەڵکی کەرکوک لەناوەندەکانی بڕیاری تایبەت بەم شارە نەبووە.

وەک ئاشکرایە هەم دەسەڵاتدارانی عێڕاق و هەم  هێزو لایەنە سیاسیەکانی سەر گۆڕەپانی سیاسی ئێستای کوردو عێڕاقی هەمیشە لەهەوڵی ئەوەدا بوونە لەڕێگای بیری ناسیۆنالیزمی کوردایەتی و عروبەو تورکمانچێتی درز بخەنە نێوان پێکهاتەکانی کەرکوک بۆ ئەوەی فەوزایەک لەبەرژەوەندی خۆیان لەسەر حسابی خەڵکی شارەکە بخوڵقێنن بۆ شەرعیەتدان بەدەستێوەردان و پاشان بەتاڵانبردنی سامانی ئەو شارە.

هەر بۆیە ئێستا کاتی ئەوەیە شەقامی کەرکوک بە هەموو پێکهاتەکانیەوە بگەنە ئەو ڕاستیەی   کەچیتر نابێ   ئایندەو دوارۆژی خۆیان و شارەکەیان بدەنە دەست ئەو تاقم و حزبانەی کە وەک سەفقەیەکی بازرگانی مامەڵەیان بەو شارەوە کردووە،بەخۆشحاڵیەوە ئێستا ئەو دەنگانە ڕوو لە هەڵکشاندایە.

کاتی ئەوە هاتووە خەڵکی کەرکوک هەنگاو بەرەو قۆناغێکی نوێی ژیانی خۆیان بنێن و بە بیرو عەقڵێکی نوێوە بڕواننە ئایندەی شارەکەیان، بۆ ئەو مەبەستە  لە ئێستادا بەشێک لە ڕۆشنبیران و کەسایەتی و نوخبەی ئەو شارە لەهەوڵی پێکهێنانی ئەنجومەنێکی راوێژکاری گشتگیرن لە هەموو پێکهاتەو نەتەوەکان بۆ ئامادەکردنی پرۆژەیەک کە بگونجێت لەگەڵ  پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی سەردەم بۆ  فەراهەمکردنی ئازادیەکانی تاک و ڕێزگرتن لە بەها مرۆیەکان بەشێوەیەک کە هەر هاووڵاتیەک وەک مرۆڤ ڕێزی لێبگیرێت نەک وەک فلانە نەتەوەو مەزهەب، بۆ ئەوەی کەرکوکیەکان چیتر خۆیان بڕیار لەسەر چارەنوسی خۆیان بدەن نەک بڕیارو راسپاردەکان لە پایتەخت و شارەکانی دیکەوە هاوردەی بۆ بکرێت.

بەپێی واقعی شاری کەرکوک و بەپێی ئەو گۆڕانکاریانەی کە روی لە عێڕاق و ناوچەکە کردووە ، هەروەها بەپێی ئەو ئەزموونە تاڵەی ڕابردوو کە خەڵکی ئەم شارە بینویەتی ، باشترین چارەسەر بۆ دەرباز بوون لەو شێوازە حوکمڕانیە شکستخواردووەی پێشوو لە ئیدارەدانی ئەوشارە ، لەئێستادا باشترین چارەسەر فۆرمێکی نوێیە لە حوکمڕانی  ئەویش دروستکردن و ڕاگەیاندنی (هەرێمی سەربەخۆی کەرکوک)ە لەژێر چاودێری و سەرپەرشتی یۆنامی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، کە تاکە چارەسەرە بۆ پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی پێکهاتەکان و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ خەڵکەکەی ، لەو حاڵەتەدا ئیتر کەرکوکیەکان  ئەبنە خاوەن بڕیاری سەربەخۆی خۆیان بەئاراستەی بەرژەوەندی شارەکەیان بەشێوەیەک هەرچی توانای مرۆیی و سامانی پڕبەرەکەتی ئەو شارە هەیە لەخزمەت بوژانەوەو ئاوادانکردنەوەی ئەو شارە بێت لەجێی ماڵ وێرانی و شەڕو بەگژاچونەوەی یەکتری.


10/07/2020



وتارەکانی تری نوسەر