ڕەهەندەکانی دوای سەردانەکەی کازمی

هیوا حسن

سەردانەکەی کازمی بۆ هەرێمی کوردستان و ئەو پێشوازیە گەرمەی لەلایەن هاووڵاتیانەوە لێی کرا ، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە کوردستان لەبەردەم بومەلەرزەیەکی گەورەی سیاسی و ئیداریە، بومەلەرزەیەک کە مۆدێلی حوکمڕانی سی ساڵی دەسەڵاتی کوردی زیندە بەچاڵ بکات و شەوەزەنگی ئاسمانی هەرێمەکەمان بە سپێدەیەکی رۆشن و پەلکەزێڕینەی ڕەنگە جوانەکان بسپێرێت.

هەرچەندە ماوەی سەردانەکەی کازمی کەم بوو، هەروەها بۆ کۆمەڵێ پرسی چارەسەرنەکراوی نێوان هەرێم و بەغداد هاتبوو، بەڵام ناڕاستەوخۆ دونیایەک مەلەفی شاراوەو پەنگ خواردوی نێوان دەسەڵاتی کوردی و خەڵکی کوردستانی هێنایە بەر باس و لێکۆڵینەوەو زەنگی شکاندنی بەستەڵەکی بێدەنکی خەڵک و ئاشکراکردنی دیوە شاراوەکان و جوڵاندنی هێزە کپ کراوەکانی گۆڕەپانی سیاسی کوردستانی لێدا.

ئەم پێشوازیە گەرمەی خەڵک لە کازمی چەندین هۆکاری سیاسی و ئیداری هەیە کە بە چەند خاڵێک شی دەکەینەوە و دواتر قسە لەسەر داهاتو و مەترسیەکانی قەوارەی سیاسی هەرێم دەکەین.

ـ  گوێ نەگرتنی دەسەڵات لەداواکاریکانی خەڵک و بێ منەتی لە ناڕەزایەتیەکان.

ـ بێ ئەرزش کردنی پەرلەمان و دام و دەزگا فەرمیەکانی حکومەت و خستنە ژێر رکێفی حزبەوە.

ـ بەهەدەردانی داهات و سامانی ووڵات و مۆنۆپۆلکردنی لەلایەن چەند بنەماڵەیەک بۆ بەرژەوەندی خۆیان وپەیڕەوکردنی سیاسەتی  برسیکردن بۆ دەستەمۆکردنی خەڵک.

ـ بێ ئومێدکردنی خەڵک لەلایەن هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان و چوونە ژێر باڵی دەسەڵاتەوە.

ـ نەمانی هیچ تروسکایەک بۆ باشترکردنی بژێوی ژیانی خەڵک و قوڵ بوونەوەی زیاتری قەیرانکان.

ـ دوور کەوتنەوەی بەرپرسان لەخەڵک و جیاوزی ژیان و گوزەرانیان کە وەک دووری ئەرزو ئاسمانە.

ئەمانە ئەو هۆکارە سەرەکیانەن کە خەڵکی کوردستانی والێکردووە کە پەنا بۆ هەر کەس و لایەنێک ببەن کە ئاهێکێان بۆ بگەڕێنێتەوە هەرچەندە لێیشی دڵنیا نین، بەڵام وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر دەسەڵاتی خۆماڵی بەکاریان هێنا، ئاخر هاووڵاتیەک، کوردستان وەک ئەمانەتێک ڕادەستی کازمی بکات و هاووڵاتیەکی دیکە بەفریادڕەسی بزانێت و جۆش و خرۆشی هەموو ئەو هاووڵاتیانەی کە پێشوازیان لە کازمی کرد ، ئایا ئەمە خۆشەویستیە بۆ کازمی یان هیوا هەڵچنینە بە جموجۆڵە ئیداری و سیاسیەکانی کازمی لەماوەی چەند مانگێکی حوکمڕانیدا؟ بێگومان هیچی نیە ئەوەی هەیە، تەنها ئاماژەیەکی رون و ئاشکرایە کە خەڵکی کوردستان چەندە بێزارو بێ هیوان لەم دەسەڵاتە، وەئەگەر دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت چۆن خۆیان لەم دەسەڵاتە گەندەڵە رزگار ئەکەن بێ ئەوەی بکەونە ژێر سۆزی نیشتمانی و نەتەوەیی و درۆی بەناو کوردایەتی حزبەکانەوە.

بەدیوێکی دیکەدا ئەم پێشوازیە ئاماژەیەکی بەهێزە کە گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی کوردستان لەبەردەم ژانی لەدایک بونی گۆڕانکاری و وەرچەرخانێکی گەورەدایە ، ئەگەر زەمینەسازی بۆ بکرێت ،واتا ئەم هێزە پەنگ خواردووەی خەڵکی کوردستان لە حاڵەتی تەقینەوەدایەو خەڵکی لە چاوەڕێی کاریزمایەک یان هێزێکی سیاسین بۆ یەکخستن و سەرپەرشتی کردنی ئەو توانا جەمارییە بۆ ئەوەی کوردستان لەم دەسەڵاتە مافیاگەراییە رزگار بکەن، بەڵام لەنەبوونی وەها هێزێک لەئێستاداو لەئەگەری دروست نەبونی لەداهاتووەیەکی نزیکدا ، دواجار خەڵکی کوردستان بەناچاری بڕیاری خۆی ئەدات .

بۆیە ڕێگای راست ئەوەیە بۆ ئەوەی دۆخی کوردستان بەرەو ئاقارێکی نادیار نەڕوات و خەڵکی ئاواتەخواز نەبێ بە گەڕانەوەی  دەسەڵاتی عێڕاق و لەناوچونی قەوارەی هەرێمی کوردستان، پێویستە دەسەڵاتدارانی هەرێم لەم پەیامە جەماوەرییە تێبگەن و بەهەند وەریبگرن ، کورد ئەڵێ زەرەر لەنیوەشی بگەڕێتەوە قازانجە ،ئێستاش نەچووە بچێ ئەو چاکسازیەی کە لەبەرنامەی حکومەتدایە چالاک بکرێت و بەجددی ببخاتە بواری جێبەجێ کردنەوە بەشێوەیەک هەموو سێکتەرەکان بگرێتەوەو شکۆ و ژیانی خەڵکی کوردستان بەئاستێکی باش پارێزراو بێت، ئەگەر نا ئەو پێشوازیە گەرمەی خەڵکی کوردستان لە کازمی  پەیامێکی روون و ئاشکرایە.


12/09/2020



وتارەکانی تری نوسەر