وەڵامی گومانەکانی بەهەرێمکردنی کەرکوک

هیوا حسن

بەشی یەکەم:

 

لەسەروبەندی راگەیاندنی پرۆژەی بە هەرێمکردنی کەرکوک لەلایەن کۆمەڵێک لە کەسایەتی و رۆشنبیرانی زۆربەی پێکهاتەکانی شاری کەرکوکەوە ، کۆمەڵێک لێکدانەوەو قسەوباسی بەدوای خۆیدا هێناوەتە ئاراوە، دیارە راوبۆچونەکان زۆرن هەندێکیان لەچوارچێوەی ئەجنداو سیاسەتی حزبەکانەوە سەرچاوەی گرتووە، هەندێکیشیان رەخنەو پێشنیاری بابەتی و واقعیان هێناوەتە نێو ئەو دیالۆکەوە ، من بۆ خۆم پێم وایە سەرجەم ئەو بیروبۆچونانە بە دژەکان و لایەنگرانی پرۆژەکەیشەوە سەرەنجام ئەچێتە خانەی دەوڵەمەندکردن و بەهێزکردنی پرۆژەکە بە ئاراستەی بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کەرکوک.

 

پێم باشە وەک ئەندامێکی دەستەی بەهەرێمکردنی کەرکوک بە چەند بەشێک وەڵامی هەندێک لەو گومان و پرسیارانە بدەمەوە کە ئاراستەی ئەم پرۆژەیە کراوە .
هەندێ کەس و لایەن بە گومانەوە تەماشای ئەم پرۆژەیە ئەکەن بەوەی کە ڕەنگە دەستی لایەنێکی سیاسی کە بۆ مەبەستێکی سیاسی یان وەک کارتێکی فشار بۆ لایەنی بەرامبەر بەکاری بهێنێ،یان هەندێ پێی وایە ڕەنگە دەستێکی دەرەکی لەپشت جوڵاندنی ئەم کەیسەوە بێت.

 

پێش ئەوەی بێمە سەر وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە ئەمەوێ بڵێم هەموو کەس مافی خۆیەتی کە شک و گومانی لەهەر جوڵەیەک و ڕاگەیاندراوێکی سیاسی بکات چونکە لەم فەوزا سیاسیەی کە لەعێڕاق و ناوچەکە روو ئەدات خەڵکی بەهیچ شێوەیەک متمانەی بە روداو و گۆڕانکاریەکان نەماوە بەجۆرێک تێکڕای روداوەکان بەسیناریۆو دەستی سیاسیەکانی ئەزانن، بۆیە من ئەو گومانانە بەحەق و ڕەوا ئەبینم. 

 

ئێستا دێمە سەر وەڵامەکان، جوڵاندنی پرۆژەی بەهەرێمکردنی کەرکوک بابەتێکی تازە و نوێ نییە ،پێشتر چەندین کەس و لایەن ئەم بابەتیان ورژاندووە بۆ نمونە پێشتر چەند حزبێکی تورکمانی کاریان لەسەر ئەم بابەتە کردووە، هەروەها خوالێخۆش بوو دکتۆر نجم الدین کریم پارێزگاری پێشوی کەرکوک هەمان پرسی ورژاند، هەر بۆ ئەم مەبەستە لەهەڵبژاردنی پێشوتر لەلایەن چەندین کەسایەتی سیاسیەوە لیستێک بەناوی لیستی قەڵاوە کە ئامانجیان بەهەرێمکردنی کەرکوک بوو بەشداری هەڵبژاردنەکانی عێڕاقیان کرد، هەموو ئەمانە لەبەر ئەوەی سەر بەلایەنێکی سیاسی دیاریکراو بوون و لەلایەن حزبەوە تەبەنی کرابوو نەیانتوانی ببنە جێی متمانەی خەڵکی، هەروەها لەلایەن لایەنەکانی دیکەی گۆڕەپانەکەیشەوە دژایەتی کران و پرۆژەکانیان لەباربرد.

 

بەڵام ئەوەی ئێستا هەیە جیاوازە ئەویش لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە:

 

ـ بە ئەمانەتەوە ئەڵێم ئەوەی ئەم ئەندامانەی لەم دەستەیە کۆکردۆتەوە جگە لەخۆشەویستیان بۆ شارەکەیان و هەوڵدان بۆ بونیاتنانی دوارۆژێکی پرشنگدار بۆ نەوەکانی داهاتوو ، هیچ حزب و لایەنێکی سیاسی یان ئەقلیمی لەپشت ئەم دەستەوە نیە باشترین نمونەش هەیکەلی دەستەکەیە کە پێکهاتەکەی لەکەسانی بێلایەن و رۆشنبیرو کەسایەتی و تەنانەت لایەنگرانی زۆربەی حزبەکانیشی تێدایە کە باوەڕیان بەم پرۆژەیە هەیە.

 

ـ دەستەکە هیچ سەرکردەیەک یان کادرێکی دیاری سەر بە لایەنێکی سیاسی تێدا نیە ، کە بتوانێ ئەجندای سیاسی حزبێک یان لایەنێکی سیاسی بەسەر دەستەکەدا زاڵ بکات.

 

ـ خاڵێکی دیکەیش کە سەربەخۆیی دەستەکەمان نیشان ئەدات ئەوەیە، لەپەیڕەوی ناوخۆی دەستەکەمان ئاماژە بەوە دراوە کە ئەم دەستەیە دژی هیچ لایەن و حزبێکی سیاسی نییەو ڕێز لەهەموو بیروبۆچونێکی جیاواز ئەگرێت، هەروەها دەستەکە بەشداری هیچ هەڵبژاردنێکیش ناکات و کەسیش بەناوی دەستەوە ناتوانێ داخلی پرۆسەی هەڵبژاردن بێت، ئەمە ئەو راستیە ئەسەلمێنێ کە ئەم دەستەیە دژی هیچ لایەنێک نابێ بۆ بەرژەوەندی لایەنێکی دیکە،هەروەها هیچ تەماحێکمانیش لە دەسەڵات و پلەو پۆست نییە بۆیە بەشداری هەڵبژاردنەکان ناکەین.

 

ـ هەر لەسەرەتای دروست بوونی ئەم بیرۆکەیە تاکو رۆژی ڕاگەیاندنی پرۆژەکە کە نزیکەی 6 مانگی خایاند، بەهیچ جۆرێ نە پرسمان بە لایەنێکی سیاسی کردووە نە لەدەرگای هیچ حزبێکمان داوە بۆ پرس کردنیان ، ئەمیش ئەوە ئەگەیەنێ کە ئەم دەستەیە سەربەخۆ کارەکانی کردووە، جگە لە متمانەی شەقامی کەرکوک پشتمان بەهیچ کەس و لایەنێکی سیاسی نەبەستووە.

 

ئەم خاڵانەی سەرەوە سەلماندنی  ئەو راستیەیە کە جگە لە بەرژەوەندیە باڵاکانی خەڵکی کەرکوک ، هیچ دەستێکی سیاسی لەپشت ئەم پرۆژەوەیە نییە، ماویەیەتی. 


07/01/2021



وتارەکانی تری نوسەر