شکستەکانی ئێستا دەرەنجامە نەک..

هیوا حسن


 شکست و دەسکەوتی هەر ووڵاتێک دەرەنجامی سیاسەتی ئەو دەسەڵاتەیە کە حوکمڕانی ئەو ووڵاتە ئەکات ، هەرچەندە دۆخی ناوچەکان و گۆڕانکاریەکانی جیهان و روداوە سروشتیەکان کاریگەریان هەیە لەسەر ئاراستەکردنی سیاسەتی دەوڵەت ،بەڵام ئەگەر سیاسیەکانی ووڵات حەکیم بن و بەرژەوەندیەکانی ووڵاتەکەیان لەبەرچاو بگرن، زۆرجار ئەتوان ئاراستە سیاسیەکان بۆ بەرژەوەندی نیشتمانەکەیان بگۆڕن.

بەڵام کاتێ حکومەتێک لەسەر بنەمای تەزویرو گزی و کڕینی دەنگی خەڵک و لەسەر بنەمای خێڵ و حزب سالاری دەسەڵاتی بەسەر ووڵاتدا گرتبێت ، حکومەتێک ئەوەندەی گوێ لە دوژمنانی بگرێت و میللەتەکەی پەراوێز خستبێت، حکومەتێک هەموو سیاسەت و ئەجندای ووڵاتەکەی خستبێتە سەبەتەی بەرژەوەندیە تایبەتیەکانی سەرکردەکانیەوە؟ کاتێک سامان و داهاتی ووڵاتەکەی لەخزمەتی گشتیەوە بگۆڕێ بۆ خزمەتی بنەماڵەکان، بێگومان دەرنجامەکەیشی دورینەوەی شکستە گەورەکانی ئەبێت کە جگە لە دەستدانی سیادەی ووڵات و برسیکردنی میللەتەکەی هیچ دەسکەوتێکی دیکە ناچنێتەوە.

ئەوەی دەسەڵاتدارانی هەرێم کردیان لەماوەی نزیکەی 30 ساڵی حوکمڕانیاندا ئەو ڕاستیەمان بۆ ئەسەلمێنێ کە لەروی ئیدارییەوە نەیانتوانی حکومەتێکی ڕەشیدو مۆدرێن و بەدامەزراوەکردنی سەرجەم دەزگاکانی دەوڵەت بونیات بنێن، هەروەها لەبری پاراستنی یەکپارچەیی سنووری هەرێم، کەچی کوردستانیان بەسەر دوو زۆن و بگرە زیاتریش دابەشکردو لەوەش خراپتر زیاتر لەنیوەی خاکی کوردستانیشیان لەدەستدا، لەڕوی ئابوریشەوە بەناوی ئابوری سەربەخۆوە هەرەسیان بە ئابوری کوردستان هێنا بەجۆرێک هەرێمیان لەکەناری داڕماندا  نزیک کردۆتەوە. 

هەموو ئەو سیاسەتە هەڵانەی کە لەسەرەوە باسمان کرد هۆکاری سەرەکی بوون بۆ ئەو دۆخەی ئێستا هەیە لە نێوان هەرێم و بەغدادا بەشێوەیەک حکومەتی ناوەند نەک هەر ئامادە نییە کەمترین سازش بەرامبەر بە تیمی نوێنەرانی حکومەتی هەرێم بکات، بەڵکو ڕۆژانە مەرجی زیاترو سەرسورهێنەر بەسەریاندا دەسەپێنێت، بەشێوەیەک کە هەندێ لە شۆفینیەکانی ناوەند بە ئاشکرا داوای هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێم ئەکەن بەرمابەر ناردنی مووچەی فەرمانبەران.

پرسیارەکە ئەوەیە؟ ئایا ئەوە حکومەتی ناوەندە نایەوێ لەگەڵ هەرێمدا ڕێک بکەوێ یان ئەوە هەرێمە نەوت ڕادەستی بەغدا ناکات؟ بەڕای من هیچیان نییە ،ئەوەی هەیە شکستی حوکمڕانی کوردە کە بەهانەی داوەتە دەست حکومەتی بەغداوە کە هیچ حسابێک بۆ هەرێم نەکات و بە فرسەتی بزانێت کە تۆڵەی ساڵانی رابردوو  لە دەسەڵاتدارانی هەرێم بکاتەوە کەچۆن ئیستفزازی بەغدایان ئەکردو بە بەرچاوی هەموو دونیاوە مامەڵەی بازرگانی و عەقدی نەوتییان لەگەڵ ووڵاتانی درواسێدا ئەکرد بێ ئەوەی هیچ حسابک بۆ حکومەتی ناوەند بکەن، تەنانەت بەشێوەیەک بوغرا ببون کە گوێیان لەئامۆژگاری دۆستەکانمانیش لە ناو حکومەتی بەغدادا نەئەگرت، واتا ئەوەی روو ئەدات دەرەنجامی سیاسەتە هەڵەکانی هەرێمە لە ئاستی سیاسی و کارگێڕی و ئابوری و دبلۆماسیدا .

 ئەمە مانای ئەوەش نییە کە بەغدا فریشتەیەو ئیتر هیچ گوناحێکی نییە، نەخێرهەموومان ئەزانین لە ووڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی لەعێڕاقی فرە میلیشیا ئەوەی حوکم ئەکات هێزودەسەڵاتە نەک دەستور و یاسا، هەر بۆیە بەغدا لەبەرامبەر کوردستان لە مەوقعی بەهێزیدایەو ئەوەی پێی بکرێت بۆ لاوازکردنی هەرێم درێغی ناکات، کەواتە ئەگەڕێینەوە سەر ئەوەی ئەگەر هەرێم لەناوخۆدا بەهێز بوایەو کایەکانی دەسەڵاتی پتەو بوایەو ئابوریەکی جێگیرو شەفافی هەبوایە ، بەغداش نەیئەتوانی بەم شێوەیە مامەڵەی لەگەڵدا بکات، باشترین بەڵگەش ساڵانی پێشووە کە ئەوکاتەی هەرێم بەهێز بوو ، سەرەڕای لاساریەکانی بەرامبەر ناوەند، بەڵام بەغدا هەمیشە مامەڵەی دۆستانەی لەگەڵ هەرێمدا کردووە، ئەویش نەک لەبەرخاتری ئەوەی بەغدا رێز لە قەوارەی هەرێم ئەگرێت و پابەندە بە جێبەجێ کردنی یاساو پێدانی شایستە دارایەکانی هەرێمەوە وەک ئەرکێکی نیشتمانی، بەڵکو  ئاڵۆزی و قەیران و کێشە زۆرەکانی نێو گۆڕەپانی سیاسی عێڕاق ئەوەندە خراپ و ناجێگیر بووە، نەیویستووە یان نەیتوانیوە لەوەها دۆخێکدا روبەڕووی هەرێمی کوردستان ببێتەوە،بۆیە بەناچاری قبوڵی کردووە، بەڵام کاتێک لەلایەک شەڕی داعش نامێنێت و باری ئەمنی عێڕاق هێور ئەبێتەوە، لەلایەکی دیکەوە ئەبینێ هەرێم لەدۆخێکی نیمچە داڕماو نزیک بۆتەوەو توشی ئیفلاسی ئابوری و سەدان قەیرانی ناوخۆ بووەتەوە،بۆیە بێ سێ و دوو لەوەها دۆخێکدا هەوڵ ئەدات  مەرجەکانی بەسەر هەرێمدا زیاتر بکات بۆ ئەوەی وەک دەسکەوتێکی سیاسی پیشانی شەقامی عێڕاقی بدات. 

بەکوردی و بەکورتی هەمیشە لایەنی بەهێز فشارەکانی زیاتر ئەکات  بۆ بەدیهێنانی ئەجنداو دەسکەوتی زیاتر، بێ گوێدانە یاساو رێساکانی ووڵات، وەک ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئێستای بەغدا بەرامبەر هەرێمی کوردستان پیادەی ئەکات.


06/02/2021



وتارەکانی تری نوسەر