بەغداو ھەرێم، چۆن کێشەی مووچە‌و قەرزیان چارەسەر کرد؟!بەراوردکارییەکی سادە..

هاوژین عومەر



لە ماوەی ڕابردوودا، بەھۆی دابەزینی نرخی نەوت و چەند ھۆکارێکی دیکەوە، گرفتی بودجە و مووچە لە عێراق و ھەرێمی کوردستانیش سەریان ھەڵدایەوە، لە ھەردوو لا باسی کەمکردنەوەی مووچە و قەرزەکانی حکومەت ھاتنەوە ئاراوە.. بەڵام ھەریەکەیان جیاواز لەوی دیکە مامەڵەی لەگەڵ ئەو پێشھات و قەیرانەدا کرد.. ئێوە بڕواننە جیاوازییەکانی نێوان بەغدا و ھەرێم لە چارەسەری ئەو گرفتانەدا..


لە بەغدا، حکومەتەکەی موستەفا کازمیی ویستی مووچە کەم بکاتەوە، ھێندەی نەبرد ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ھاتە سەرخەت و بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری دا کە حکومەت بۆی نییە مووچەی مووچەخۆرانی شایستە کەم بکاتەوە. بەڵام لە بەرانبەردا، بۆ کارئاسانییکردن بۆ حکومەت، ئەنجومەنەکە ھات و یاسای قەرزی ناوخۆیی و دەرەکیی پەسەند کرد، بۆ ئەوەی لانی کەم، حکومەت بتوانێت بۆ ماوەی چەند مانگێک، مووچە و خەرجیی دابین بکات، تا ئەوکاتەی قەیرانەکە تێدەپەڕێنێت.


ئەمەش چەند ڕاستییەکی ڕوون دەگەیەنێت:

 
یەکەم: چینی مووچەخۆرانی شایستە بە ھیچ شێوەیەک لەو مامەڵەیەی نێوان حکومەت و پەرلەمانی عێراق زەرەرمەند نەبوون و کێشە و ترسی کەمکردنەوەی مووچەیان بۆ چارەسەر کرا و پەرلەمان بە کۆی دەنگ بەرەی خەڵکی ھەڵبژارد.

 
دووەم: بابەتی قەرزکردنی حکومەت لە لایەنی ناوخۆیی و دەرەکیی، بابەتێکی تەواو شەفاف و یاسایی و بەرچاوە، ئەگەر بە یاسا و بە شەفافی ڕێک نەخرێت، ئەوا ھەرگیز ڕوو نادات و حکومەت ناتوانێت ئەو ھەنگاوە بنێت، واتە پەرلەمان ئاگاداری تەواوی قەرزەکانی ئێستا و ڕابردووی حکومەتی عێراق و چۆنێتیی دانەوەشیانە.
سێیەم: ڕاستییەکی دیکە پەیوەندیی بە ڕۆڵ و پێگەی پەرلەمان و پەرلەمانتارانەوە ھەیە، ئەویش ئەنجامدانی ئەرکی خێرا و بەرپرسیارێتیی سەرشانی پەرلەمان و پەرلەمانتارانی عێراقە، کە وەکو دەزگایەکی سیادیی کارا، لە گرفتەکاندا ڕاستەوخۆ دێنە سەرخەت و ڕۆڵ و زیندوویی خۆیان دەسەلمێنن، ئەگەرچی لە ھەندێک ھەنگاوی دیکەشیاندا سەرنجیان دەکەوێتە سەر و بێ کەموکورتیی نین.

 
ئەمە سەربارەی ئەوەی حکومەتی عێراق زۆر بە ئازایانە وتی چارەسەری گرفتی دوومووچەیی و زیاتر دەکەم و تەنھا یەکمووچەیی دەھێڵمەوە و ڕووبەڕووی ھەندێک ھەڕەشە و فشاری ھێزە گەورەکانی شیعەش وەستایەوە لە بابەتێکی وەکو مووچەی ڕوفەحادا.. وەکو دەریش دەکەوێت، ئێستا حکومەت سەرقاڵی ئەو پڕۆسەیەیە.


بەڵام ئەگەر بێین و سەیرێکی مامەڵە و جووڵەکانی حکومەت و پەرلەمانی خۆمان بکەین لە بەرانبەر قەیرانی داراییدا، بۆ چۆنێتیی چارەسەرکردنی ئەو دوو بابەتەی سەرەوە، واتە مووچە و قەرزکردن، سەیر دەکەین زۆر پێچەوانەی بەغدا ئەو کارەیان کردووە، زەرەرمەندی یەکەم و کۆتاییش ھەر خەڵک و مووچەخۆران بوون.


حکومەتی ھەرێم زۆر بێباکانە مووچە دوا دەخات، پاشەکەوتی دەکات، کەمی دەکاتەوە.. کەسیش دەنگی لێوە نایەت.. نە حکومەت حیساب بۆ پەرلەمان دەکات لەو ڕووەوە، نە پەرلەمانیش تووکی گرژ دەبێت و دێتە سەرخەت و لە حکومەت دەپێچێتەوە و بڕیارێکی ھاوشێوەی عێراق دەردەکات، بەڵکو بە پێچەوانەوە، پەرلەمان سەرقاڵ دەکرێت بە کۆمەڵێک بابەتی لاوەکییەوە..


ھەروەھا لە بابەتی قەرزەکانی سەر حکومەتیش، کە خۆیان وتەنی بڕەکەی (٢٧) ملیار دۆلارە، نە پەرلەمان ئاگای لێبووە لە ڕابردوودا، نە ئێستاش ئاگای لێیە بۆچی و چۆن ئەو قەرزە زۆرە کراوە و لە چیدا خەرج کراوە؟! ماوەیەک پێش ئێستاش سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند کە ھەرێمی کوردستان بە ھیچ شێوەیەک قەرزدار نییە!!


لە سۆنگەی ئەم وتارەوە، جیاوازییەکانی نێوان ھەرێم و بەغدامان بۆ دەردەکەوێت سەبارەت بە بابەتی مووچە و قەرزەکان و چۆنێتیی چارەسەرکردنیان، لەم دوو مامەڵەیەشدا یەکێکیان دروست و دەوڵەتدارانەن.. جا ئێوەی خوێنەر بۆ خۆتان سەرپشک بن کە ئایا کامە ھەنگاو و چارەسەریان لەوی دیکە سەرکەوتووتر و گرنگتر بوو؟ کامەیان لە بەرژەوەندیی ھاووڵاتیان و مووچەخۆرانی ئاسایی و یاسایی تەواو بوو؟


ئەگەر کەسێکیش لە دژی بەندە و بۆ وەڵامی ئەم بابەتە، نموونە بە یاسای چاکسازیی ھەرێم بھێنێتەوە، کە لە ھەفتەی ڕابردووەوە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوا دەبێت لە خۆی بپرسێت کە ئایا ئەو یاسایە دەتوانێت مووچە بکاتەوە بە (٣٠) ڕۆژ جارێک؟ ئەتوانێت کەمترین مووچەی خانەنشینی بکاتە (٥٠٠) ھەزار دینار، ھاوشێوەی بەغدا؟ ئایا یاساکە دەتوانێت دادگەریی و شەفافیەت لە قەرزەکان و داھات و چۆنێتیی خەرجکردنیان بھێنێتە ئاراوە؟! ئایا یاساکە دەتوانێت دز و گەندەڵکارە گەورەکان بداتە دادگا و دەست بە سەر سەروەت و سامانە نایاساییەکانیاندا بگرێت؟ ئایا یاساکە دەتوانێت مووچەخۆری بندیوار بنەبڕ بکات؟


ھەرکاتێک ئەوە ڕووی دا، ئەوا بێ سێ و دوو ڕایدەگەیەنم کە من بە ھەڵەدا چووم، حکومەت و پەرلەمانی کوردستان، بە ئەرک و بەرپرسیارێتیی مێژوویی خۆیان لە بەرانبەر خەڵکی بەشمەینەتی ھەرێم و ئەزموون و ئایندەی قەوارەکەمان، ھەستاون!


07/07/2020



وتارەکانی تری نوسەر