سەختترین شەوی ئەپڵ

سەردەشت عەزیز
ئەو شەوەی پاش ١٦ کاتژمێر کۆبونەوە، ئەپڵ بە FBI وت “نەخێر”


درەنگانێکی رۆژی ١٦-٢-٢٠١٦بەبێ ئاگاداری پێش وەختە، چەند ئەفسەرێکی پایەبەرزی ئەمەریکی دەچنە ناو بارەگای ئەپڵ و لەهۆڵی کۆبونەوەکانی ئەپڵ، لەگەڵ تیم کوکی سەرۆکی ئەپڵ کۆدەبنەوە، ئەفسەرەکان نامەیەک دەدەنە دەست تیم کوک کە داواکارییەکە لەدادگاوە بۆ ئەپڵ و داوا دەکات ئەپڵ بەرنامەیەک بۆ FBI دروست بکات تاوەکو بچێتە ناو ئایفۆنە لۆک کراوەکەی (سەید فاروق) کەئەنجامدەری کارە تیرۆریستیەکەی مانگی ١٢ ساڵی ٢٠١٥ بوو لەشاری سان بێرناردینۆ کەبوە هۆی کوشتنی ١٤ کەس.
ئایفۆنەکەی سەید فاروق پاسۆردێکی چوار ژمارەی لەسەرەو FBI ناتوانن بیکەنەوە بۆیە FBI بێ هیوا بوە لەگەیشتن بەزانیاریەکانی ناوی. ئەم ئەفسەرانە هاتون تاوەکو بە ئەپڵ بڵێن کە لەڕێگەی بەرنامەیەکەوە ئەپڵ ڕێگە بە FBI بدات بچێتە ناو مۆبایلی ئایفۆنەکەی سەید فاروقەوە.
تیم کوک و تیمەکەی پێیان وابوو داواکاری FBI بۆ ئەم بەرنامەیە زۆر زۆر ترسناکە، لەوەیە خراپ بەکاربهێنرێت یاخود دزەبکات بۆ شوێنەکانی دیکەو لەو کاتەدا ئەپڵ توانای گەڕاندەوەی ئەم بەرنامەی نەبێت و ئاسایشی سەدان ملیۆن بەکارهێنەری ئەپڵ بخاتە مەترسییەوە، بۆیە ئیدارەی ئەپڵ هاوڕان لەسەر رەتکردنەوەی ئەم داواکاریەی FBI و دادگا کە لەرێگەی ئەم ئەفسەرە پلە باڵانەوە بەدەستیان گەیشتوە.
بەڵام ئەپڵ لەوەش تێدەگات ئەم داواکارییەی FBI و دادگا، هەروا کارێکی ئاسان نیە تاوەکو بەخێرای بلێیت “نەخێر”، چونکە داواکاریەکە پەیوەستە بەکەیسێکی تیرۆرستیەوە، بۆیە لەژوری کۆبونەوەکانی کۆمپانیای ئەپڵ، تیم کوک و تیمی پارێزەرانی ئەپڵ زۆر بەوردی و دێڕ بەدێڕ داواکاریەکەی دادگا دەخوێننەوە کەپێکهاتوە لە ٤٢ لاپەڕە. ئەپڵ دەیەوێت بزانێت لەروی یاساییەوە دەتوانێت چی بکات و دەبێت چۆن وەڵامی ئەم نامە فەرمیە بداتەوە، بۆیە دۆخەکە بەهەر بارێکدا بێت بۆ ئەپڵ ئاڵۆزە، ئەم کۆبونەوەی ئەپڵ دوودڵی و ترسێکی زۆر باڵی بەسەردا کێشابوو، وە لەئاستێکی زۆر ترسناکدا بوو بۆ ئەپڵ، بەتایبەت پێشوەختە خۆیان بۆ ئەم وەڵامە ئامادەنەکردوەو لەپڕدا ئەم ئەفسەرانە خۆیان بەژوردا کردوە. نامەکەی دادگا بۆ ئەپڵ بە چەند شتێکی ترسناک دەستی پێکردبوو کەلەروداوەکەی سان بێرناردینۆ رویداوە.


کۆبونەوە یەکلاکەرەوەکە
ئەپڵ کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی بدات، پەستانێکی زۆر و هەڕەشەو قوڵباندانێکی زۆر لەسەر ئەپڵە بۆ هاوکاریکردنی FBI و لەلایەکی دیکەشەوە دەکرێت ئەم داواکاریە کۆمەڵێک کێشەی زۆر گەورە بۆ ئەپڵ دروست بکات.
ئەپڵ دەبێت بەخێرای وەڵامی داواکاریەکەی دادگا بداتەوەو دەشزانن ئەم بابەتە لەرۆژانی داهاتودا دەبێتە سەردێڕی هەواڵەکان.
تەواوی ئەو شەوە تیم کوکی سەرۆک و ستافەکەی لەهۆڵی کۆبونەوەکان مانەوە، ١٦ کاتژمێر کۆبونەوەیان کرد بۆ ئەوەی رێگەیەک بدۆزنەوە تا بە FBI بڵێن ”نەخێر” . تیم کوکی سەرۆک، پێشوەختە بڕیاری ئەوەی دابوو کەوەڵامەکە (نەخێر)ە بەڵام دەیەوێت باش بیر لەهەموو لایەکی بڕیارەکە بکاتەوە، وەک لەروی یاساییەوە ئەپڵ پێگەی چیە لەم بریارە؟ ئایای لەروی یاساییەوە ئەم (نەخێر)ە دروستە؟ کاردانەوەکان دوای “نەخێر”چۆن دەبن؟ تەنانەت بۆ رزگاربون لەم دۆخە، بەکارهێنانی وشەکان لەناو وەڵامەکاندا چۆن بێت، تیم کوک زۆر لەخەمی کاردانەوەی ڕای گشتیدا بوە چونکە دەیزانی دوای گوتنی (نەخێر)یەکێک لەو تۆمەتانەی ئاراستەی ئەپڵ دەکرێت ئەوەیە کە ئەپڵ تۆمەتبار دەکرێت بە لایەنگری بۆ تیرۆرستان و دەبێت ئەمیش رێگەیەک بدۆزێتەوە کە ئەپڵ لەم مەترسیە گەورە دەربکات کەڕوبەڕوی بوەتەوە.


نامەکەی تیم کوک
کاتژمێر ٤:٣٠ سەرلەبەیانی نامەیەکی کراوەی تیمی کوکی سەرۆکی ئەپڵ لەراگەیاندنەکان بڵاوکرایەوە کەئاراستەی کڕیارەکانی ئەپڵی کردبوو کەبۆچی ئەپڵ دژی یاسایەک وەستاوەتەوە کەبوەتە مەترسی بۆ کریارەکانمان. تیم کوک باسی لەوە کردبوو ئەم مەترسیە لەحکومەتێکەوە هاتوە کەخاوەنی دەسەڵاتێکی زۆرەو ئەم داواکاریانەی جێگەی مەترسیە.
هەروەها لەنامەکەدا نوسیبوی ئەگەر حکومەت بتوانێت دادگا بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی بەئاسانی بچێتە ناو ئایفۆنەوە، ئەوا دەسەڵاتی ئەوەشی هەیە بگاتە ئامێری هەرکەسێکتان کە بیەوێت زانیاریەکانی وەربگرێت.


تیم کوک لەنامەکەی نویسبوی لەوەیە FBI پێناسەیەکی دیکەی بۆ داواکاریەکەی خۆی هەبێت و بڵێن ئەو بەرنامە لەچەند کەیسێکی دیاریکراودا بەکار دەهێنین بەڵام ئەوەی ئەوان داوای دەکەن زۆر زۆر ترسناکەو هیچ گرەنتیەک نیە بۆ ئێمە کە ئەو بەرنامەیە کۆنترۆڵ نەکرێت و خراپ دژی بەکارهێنەرانمان بەکارنەیەت.
هەر لەنامەکدا تیم کوک حکومەتی ئەمەریکی تۆمەتبارکرد بەوەی کەزۆر پەستان لەئەپڵ دەکەن کەبەکارهێنەرەکانی خۆیان هاک بکەن و ئەو پاراستنەی کە ساڵانێکە بەکارهێنەرانمانی لەهاکەران پێدەپارێزین بیشکێنین. نوسیبوشی حکومەت گەر ئەمەی بۆ بچێتە سەر دەتوانێت لەداهاتودا داوای بەرنامەی واشمان لێبکات بۆ دەستگەیشتنیان بە نامەو پەیوەندی و زانیاری بەکارهێنەران.


مشتومڕێکی درێژخایەن
ئەم کێشەیە، ئەپڵ و حکومەتی ئەمەریکی خستە مشتومڕو ململانێیەکی درێژەوە لەئاستی هەرە باڵای حکومەت پەستانێکی زۆریان لەئەپڵ کرد کەملکەچی یاساکە بێت، لەو ماوەیەدا هەر یەک لەسەرۆکی FBI و وەزارەتی دادی ئەمەریکی و دواکاری گشتی واشتۆن و چەندین بەرپرسی حکومەت لەگەڵ ئەپڵ کۆبونەوە تاوەکو ڕازییان بکەن بەڵام هەمیشە وەڵامی (نەخێر)یان وەردەگرت.
ئەپڵ لە IOS 8 بەدواوە جۆرێک لەشێوازی تەشفیرکردنی بەکارهێنا کە سەرجەم زانیاریەکانی تەشفیردەکرد کەتەنانەت ئەپڵ خۆیشی نەیدەتوانی بگات بەزانیاریەکانی ناو ئایفۆنی بەکارهێنەرانی و ئەمەی لەسەر وێب سایتی خۆی بەفەرمی بڵاوکردەوە ئەمەش وەک کەمکردنەوەیەکی ئەو پەستانە بەکارهێنا کەلەلایەن FBI و دادگاوە لەسەری بوو، چونکە ئەپڵ دەیزانی FBI ئەمە یەکەم و کۆتا جارییان نیە داوای زانیاری بکەن. هەروەها بەم کارە رایانگەیاند دادگا داوای شتێک دەکات ئێمە خۆشمان ناتوانین دەستمان پێی بگات.


شەپۆلی ئاگر بۆ سەر ئەپڵ
وەک ئەپڵ خۆیان پێشبینیان کردبوە، داوکاریەکەی دادگا وەک شەپۆلی ئاگر لەناو میدیاکاندا بڵاو بویەوەو بۆ ماوەی دوو مانگ بوبە باسی میدیا، وەڵامەکەی ئەپڵ بە (نەخێر)، ڕووبەروی ئیدانەیەکی فراوان بوەوەو لەلایەن سیاسی و سیناتۆرو چەند میدیایەکەوە ئەپڵیان بەهاوکاری تیرۆرستان بۆ سەر ئەمەریکا تۆمەتبارکرد.
لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا ویلیام براتۆن بەڕێوەبەری پۆلیسی نیۆرک، رەخنەی لەئەپڵ گرت و مۆبایلێکی ئایفۆنی بەرزکردەوە وتی ئەم مۆبایلە لەناو کەیسێکدایە کە تیادا تەقە لەدوو پۆلیسی من کراوە، ئێمە ناتوانین بچینە ناوی و زانیاریەکان وەربگرین، سەرەڕای داواکاری دادگا بەڵام ئەپڵ هاوکاریمان ناکات.
هەر لەو رۆژانەدا بوو کە دۆناڵد ترەمپ لەکەمپینی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا بوو، ترەمپ داوای کرد لەخەڵک کرد تا ئەو کاتەی ئەپڵ زانیاریەکان دەدات بە FBI بایکۆتی ئەپڵ بکەن، هەروەها بەشێوازەکەی خۆی هێرشی توندی کردە تیم کوکی سەرۆکی ئەپڵ.
سەرەڕای ئەوەی حکومەت و سیاسیەکانی ئەمەریکا دژی ئەپڵ وەستانەوە، لەلایەکی دیکەوە خەڵکیش دابەش بوو بون بەسەر دوو بەرەداو بەشێکیان دژی ئەپڵ وەستانەوەو لەچەندین راپرسیادا زیاتر لەنیوەی خەڵکی لایەنی FBI یان دەگرت چونکە کێشەکە تیرۆرستی بوبو، وە FBI یش بەو شێوەیە بڵاویان کردەوە کە خۆیان دەیانویست.


ژووی جەنگ
ئەپڵ بۆ ماوەی دوو مانگ ژورێکی دروست کرد کە رۆژانە ٢٤ کاتژمێر کاریان دەکردو ستافێکی بۆ دانا کەبەردەوام وەڵامی رۆژنامەنوسانیان دەدایەو کەیسەکەیان بۆ روون دەکردنەوەو وە هەر هەواڵێک لەسەر ئەو کەیەسە هەبوایە دەیان نارد بۆ ٧٠٠ رۆژنامەنوس لەدەزگا جیاوازەکان.
کاتێک کۆمپانیاکە لەژێر هێرشێکی فراوانی حکومەت و میدیادا بوو تیم کوک ئیمەیڵێکی نارد بۆ کارمەندانی کۆمپانیاکەی و تیایدا نوسیبوی “زۆر سوپاس بۆ پشتگیریتان”، هەروەها ئاماژەی بەوە کردبوو ئەم کەیسە زۆر زیاترە لەوەی کێشەی ئایفۆنێک یان تەنها یەک رووداو بێت، ئەمە باسی پاراستنی زانیاری سەدان ملیۆن بەکارهێنەرمانە.
تیم کوک زۆر لەخەمی ئەوەدا بوو چۆن ئەپڵ لەژێر ئەم شەپۆلی ئاگری میدیایەدا رزگار بکات، بۆیە ئەپڵ لەپەیوەندی بەردەوام بوو لەگەڵ میدیاکان، بەجۆرێک میدیاکان گومانیان کردبوو کە بۆچی ئەپڵ هێندە چالاکە لەپەیوەندی لەگەڵیان جاری وا هەبوە لەرۆژێکدا ئەپڵ ٣ جار زانیاری بۆ دەزگاکانی راگەیاندن ناردوە، تیم کوک دوای نامەکەی بۆ کارمەندانی، چاوپێکەوتنێکیشی لەگەڵ کەناڵی ABC کرد زۆر بەوردی مەوقیفی ئەپڵی باسکردو زۆر لێزانانە وشەکانی بەکاردەهێنا، کوک ئەو بەرنامەی کە FBI داوای دەکات بە (شێرپەنچە) ناویبرد و ئەم چاوپێکەوتنەی تیم کوک بەگرنگترین چاوپێکەوتنی دادەنرێت لەوەتەی بوە بەسەرۆکی ئەپڵ.
هەر لەو چاوپێکەوتنەدا کوک وتی ئێمە لە”نەخێر”ەکەی خۆمان پەشیمان نابینەوە هەتا ئەگەر شتەکانیش زۆر قورس بکەون لەسەرمان و ئامادەی هەموو شتێکین، چاوپێکەوتنەکە شوێنی خۆی گرت، رای خەڵکی لەسەر کەیسەکە گۆڕا.


ئەپڵ سەردەکەوێت
دوای ئەوەی وردە وردە کەیسەکە زیاتر بۆ خەڵک رون بوەوە و لەراپرسیە تازەکاندا لایەنگری ئەپڵ زیادی کرد، ئەپڵ قارەمانێتیەکی بۆ پاراستنی زانیاری بەکارهێنەرانی تۆمارکرد کەلەوەو پێش خەڵکی نەیاندەزانی کە ئەپڵ هێندە سورە لەسەر پاراستنی زانیاریەکانیان
هەر لەسەرو بەندی ئەم کێشەدا ئەپڵ لەلایەکی دیکەوە سەرکەوتنێکی دیکەی تۆمارکرد دوای ئەوەی دادگای نیۆرک داوایەکی FBI رەتکردەوە کە داویان کردبوو ئەپڵ ناچار بکات بچنە ناو مۆبایلی گروپێکی بازرگانی دەرمانەوە، دادگای نیۆرک وتی ناکرێت هەموو داوایەکی دادگا بەکابهێنرێت بۆ ناچارکردنی ئەپڵ بۆ پێدانی زانیاری، هەر لەو ماوەیەدا نەتەوە یەکگرتوەکانیش پشتگیری خۆیان بۆ ئەپڵ دەربڕی، هەر یەک لەکۆمپانیاکانی فەیسبوک و گۆگڵ و تویتەر و رۆژنامەی نیۆرک تایمز پشتیوانی خۆیان بۆ ئەپڵ راگەیاند. ئەم روداوانە کارەکەی حکومەتی زۆر قورستر کرد بۆ رازیکردنی ئەپڵ بەچونە ناوەوەیان بۆ ناو مۆبایلەکە.


کەیسەکە لەدادگا کێشرایەوە
ئەپڵ لەسەر جێبەجێنەکردنی یاساکە، لەدادگا شکاتی لێکرابوو، رۆژی دادگایی، ستافی یاسایی ئەپڵ لەدادگا ئامادەبوو بۆ ئەوەی بەرگری لەبریارەکەی خۆیان بکەن، تیم کوکی سەرۆکی ئەپڵ خۆی ئامادەکردبوو رۆژی دوای بچێت بۆ دادگا بۆ وەرگرتنی وتەی لەبەردەم دادگا.
بەڵام بەشێوەیەکی چاوەرواننەکراو FBI لەداواکەیان کشانەوەو داوایان لەدادگا کرد، کەیسەکە بۆ کاتێکی نادیار دژی ئەپڵ رابگرن، FBI ڕایگەیاند کەتوانیویانە بەبێ یارمەتی ئەپڵ بچنە ناو مۆبایلەکەی سەید فاروق و زانیاریەکانی وەربگرن بەڵام نەیان وت، چۆن توانیویانە بچنە ناو مۆبایلەکەوە، بەڵام دواتر رۆژنامەیەکی ئیسرائیلی وتی کۆمپانیایەکەی ئیسرائیلی لەڕێگەی هاککەرەکانیەوە توانیویەتی یارمەتی FBI بدات و بچێتە ناو زانیاریەکانی مۆبایلەکەوە، دواتریش سیناتۆر (دیان فینشتن)وتی کردنەوەی ئەو مۆبایلە لەسەر FBI ٩٠٠ هەزار دۆلار کەوتوە، دواتریش دەرکەوت FBI هیچ زانیاریەکی لەمۆبایلەکە دەست نەکەوتوە لەسەر پەیوەندی سەید فاروق و داعش، وە هیچ ژمارە تەلەفۆنێکی گوماناویشی لەناودا نەبووە، دوای ئەوە FBI کۆتایی بەشەڕەکەی لەگەڵ ئەپڵ هێنا.
لەکۆتایی کەیسەکەدا ئەپڵ سەرکەوتنێکی بێ وێنەی لەپاراستنی زانیاری بەکارهێنەرەکانی تۆمارکردو وەک داستانێک بۆ ئەپڵ ئەژمار کرا.


تیم کوک نیگەران دەبێت
کاتێک هەواڵی کشانەوەی FBI لەدژیان دەدرێت بەتیم کوکی سەرۆکی ئەپڵ، تیم کوک نیگەران دەبێت لەوەی کە کێشەکە لەدادگا کۆتای نەهاتوە چونکە ئەم دورتر دەڕوانێت، تیم کوک دەیزانی لەدادگا کەیسەکە دەبەنەوەو ئەم بردنەوەیە دەبێتە پاڵپشتێکی یاسایی بۆ ئەوەی لەداهاتودا داوای هاوشێوەی لێنەکرێت، کوک بەتیمی پارێزەرانی ئەپڵی وت راستە ئێمە بردمانەوە بەڵام کێشەی داواکردن بۆ چونە ناو مۆبایلەکانمان چارەسەر نەبوەو گرنتی نیە لەداهاتودا دوبارە سەرهەڵنەداتەوە بەتایبەت گەر دۆناڵد ترەمپ ببێت بەسەرۆکی ئەمەریکاو شەری پاراستنی زانیاری بەردەوام دەبێت لەداهاتوودا.


- ئەمە بەشێک بوو لەچیرۆکێکی کەمێک درێژتر.
سەرچاوە: کتێبی
Tim Cook: The Genius Who Took Apple to the Next Level
Image may contain: 1 person, eyeglasses, text and closeup

09/07/2020



وتارەکانی تری نوسەر