مەسرور بارزانی، شكێنەری بەربەستەكان

محەمەد عەلی


ھەمووان شاھیدن لە سەركەوتنەكانی لە ڕابردوو كاتێك كاك (مەسرور بارزانی) ئەمینداری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێم بوو، كوردستان ھاوسێی رێكخراوی قاعیدە و دواتر دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) بوو، كەچی زۆر سەركەوتووانە توانی ئاسایشی ھەرێمی كوردستان بپارێزێت و وەك دوورگەیەكی ئارام لە نێوەڕاستی دەریایەك كە پڕی بوو لە دوژمن و نەیاری ئەم ئەزموونە، بۆیە بە ھەمان نەفەسەوە سەرۆكایەتیی حكوومەتی ھەرێمی وەرگرت.


سەرەتای گفتوگۆكانی تایبەت بە پێكھێنانی كابینەی نۆیەم، نیەتی ڕاستەقینەی ھەندێك لایەنی ئاشكرا كرد، كە تاكە مەبەستیان شكستپێھێنانی كابینەی نۆیەمە، بۆیە لە یەكەم ھەنگاو گرفت و تەگەرەی زۆر دروست كران و دەستبەكاربوونی كابینەكەیان دواخست، دواتر لە بەرامبەر بڕیار و ڕاسپاردەكانی رێزدار (مەسرور بارزانی) بە ئاراستەی تێپەڕاندنی یاسای چاكسازی، ھەمان سیناریۆ دووبارە كرایەوە، بە پێچەوانەوە سەركەوتووانە بەردەوام بوو، ھەر بەوەندەش نەوەستان، بەڵكو چەندان كێشەی لابەلا و بەربەستی كردارییان بۆ حكوومەتی ھەرێم دروست كرد، بەڵام ئیرادەی پتەوی خودی سەرۆكوەزیران، توانی زاڵ بێت بەسەریاندا.


بە ھەمان ئاراستە لەسەر ئاستی ناوخۆییش كار بۆ زیاتر لێكدووركەوتنەوە و ناتەبایی نێوان ھێزە سیاسییەكان بوو بە تایبەتی پارتی و یەكێتی، سەرەتا ھێرشێكی چڕ لە سۆشیال میدیا بۆ سەر خودی سەرۆكوەزیران و ئاراستەكردنی كارەكانی پەرلەمان بۆ قوڵكردنەووی ناكۆكییە سیاسییەكان، بەڵام لە دوای كۆبوونەوەكەی دووكان لە نێوان یەكێتی و پارتی، توانرا ئەم قۆناغە تێپەڕێندرێت، ئەمجارەیان ھەوڵەكانیان بە ئاراستەیەكی تر گۆڕی و دەیانەوێت رەوشی ناھەمواری دارایی بە ئاراستەی ویستە كەسییەكانیان و وەك ئامرازێكی نامرۆڤانە بەكار بھێن بۆ فشار خستنەسەر سەرۆكوەزیران كاك (مەسرور بارزانی) بۆ پاشگەزبوونەوە لە وەرگرتنی قەرزەكانی سەر كۆمپانیا تایبەتەكانیان، بەڵام حكوومەتی ھەرێم لە ماوەی ڕابردوودا دووپاتی بڕیارەكانی كردەوە تایبەت بە ڕێكخستنی باج لە ھەرێمی كوردستان.


ئەوەی زیاتر گرەوی لەسەر دەكرا، پەیوەندیی نێوان بەغدا و ھەرێم و قەیرانی دارایی بوو، كە نەیارانی ئەم كابینەیە ھەموو ھەوڵێكیان بەو ئاراستەیە بوو ڕێككەتنی نێوان ھەرێم و بەغدا نەگاتە ئەنجام بۆ زیاتر قوڵكردنەوەی قەیرانی دارایی ھەرێم، ئەوەتا سەرۆكوەزیرانی عێراق بە ئاشكرا ئەوەی ڕاگەیاند، كە ھەندێك لایەنی ھەرێم داوا دەكەن مووچە بۆ ھەرێم ڕەوانە نەكەین، لە كاتێكدا كاك (مەسرور بارزانی) بە یەك پەیوەندیی تەلەفۆنی توانی كێشەی مووچە و ھاوكات گرژییەكانی نێوان ھەردوو حكوومەت ئارام بكاتەوە، بە دڵنیاییەوە دوای سەردانەكەی سەرۆكوەزیرانی عێراق (مستەفا كازمی) بۆ ئەمەریكا، ھەنگاوی باشتر و ئەرێنیتر دەبینرێت لە پەیوەندییەكانی نێوان ھەرێم و بەغدا.


لە ھەمان كاتدا بە ھاوبەشی كۆمەڵێك لایەنی ھەرێمی و عێراقی، ھێرشە چڕەكانی توركیا بۆ خاكی كوردستان دەستی پێكرد، شەھید و چۆڵكردنی گوندەكان گوشارێكی تر بوو بۆ سەر حكوومەتی ھەرێم، ئەنجامەكەی كۆدەنگییەكی نێودەوڵەتی و عەرەبی ھاتە كایەوە بۆ ڕاگرتنی دەستبەجێی ئەم ھێرشە سەربازیانە و حكوومەتی عێراقیشی ناچار كرد ھەنگاوی كرداری بھاوێژێ بۆ فشار خستنەسەر توركیا بۆ ڕاگرتنی ھێرشەكان و كۆتا كۆبوونەوەی شاندی ئەمەریكی بۆ قەندیل پەیامێكی ڕوون بوو بۆ سەركردایەتیی پەكەكە، كە ئیتر دەبێت یان ئەوەتا پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ توركیا درێژەی پێبدرێت، یان كۆتاییھێنان بە دەستێوەردان لە باشوور و ڕۆژئاوا.
 

20/08/2020



وتارەکانی تری نوسەر