ئاماژە شاراوەكانی پشت سووتاندنی بارەگاكان

محەمەد عەلی


داواكاریی فەرمانبەران بۆ پێدانی مووچە و بوونی قەیرانی دارایی لە ھەرێمی كوردستان، دوو ڕاستیی حاشاھەڵنەگرن و لە ھەمان كاتدا ئەوەی جێگەی گومان نییە، لە ھەمووان پەرۆشتر بۆ چارەسەری ئەم قەیرانە، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان (مەسروور بارزانی )ـیە و لە ھەوڵەكانیشی بەردەوامە بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، بەڵام ئایا سووتاندن و ھێرشكردنە سەر بارەگاكان، قەیرانەكان چارەسەر دەكات؟.


سەرەتا ئەوەی گومانەكان زیاتر دەكات، بۆچی یەكەمجار بارەگای كۆمیتەی یەكێتی دەكرێتە ئامانج لەگەڵ بوونی ڕێژەیەكی زۆر باش لە ھێزە چەكدارە جیاوازەكان لە نزیك بارەگاكە و بە بێ تەقە و بە بەرچاوی ھێزە ئەمنییەكانەوە دەسووتێنرێت، دواتر بارەگایەكی كۆنی بزووتنەوەی گۆڕان سووتێنراوە كە بۆ ماوەیەكی زۆرە چۆڵ كراوە، ئەمە جگە لە ئاماژەیەك بۆ شەرعیەتدان بە سووتاندنی بارەگای پارتی، ھیچ خوێندنەوەیەكی تری بۆ ناكرێت، لە ھەمان كاتدا ھێرشی چەكداری بۆ سەر بارەگای ناوچەی پیرەمەگروونی پارتی و نەبوونی ھێزی ئەمنی بۆ پارێزگاریكردن لە بارەگاكە، ئەوە دووپات دەكاتەوە كە ڕووداوەكانی دوێنێ شەو، ھەنگاوێكی پیلانبۆداڕێژراو بووە و ھەڵكوتانە سەر بارەگاكانیش خۆرسكانە نەبووە.


چەند ڕۆژێكە خۆپیشاندانەكان دەستیان پێكردووە، بەڵام پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە، بۆچی دوێنێ شەو گەیشتە ئەوەی بارەگای پارتەكان بسووتێنرێت، بە تایبەتی لەكاتێكدا شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانییە و كۆبوونەوەكانیشی سەركەوتوو بوون لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان، بەو ھۆكارەی ڕێككەوتن لەسەر ئەوەی كۆبوونەوەی لوتكەی ھەرسێ لایەنەكە لە سەرۆكایەتیی ھەرێم ئەنجام بدرێت، بۆیە دەكرێ بە ھەوڵێك ھەژمار بكرێت بۆ پەكخستنی ئەم كۆبوونەوەیە و ھێنانەپێشەوەی ڕەوشێك، كە ئاستەنگ بۆ ئەم ھەوڵەی پارتی دروست بكات كە مەبەست لێی، دروستكردنی كۆدەنگی و یەكخستنەوەی ھەوڵەكانە بۆ مسۆگەركردنی پشكی ھەرێم لە بودجەی ساڵی داھاتوودا.


ھاوكات دەكرێت وەك دژەكردەوەیەك ھەژمار بكرێت بەرامبەر فراوانبوونی ڕۆڵی ھاوسەرۆكی یەكێتی (بافڵ تاڵەبانی)، بە تایبەتی لە پاش رووداوەكانی كۆتاكۆبوونەوەی پەرلەمان كە كاریگەری ھەبوو لە ئاڵۆزكردنی پەیوەندیی نێوان پارتی و یەكێتی، رۆژی دواتر لە ھەولێر سەرۆكی ھەرێم (نێچیرڤان بارزانی) پێشوازی لە ناوبراو دەكات و دەرەنجامەكەشی سەردانی شاندی پارتی بوو بۆ سلێمانی، ئەمەش ئاماژەیەكی ڕوونە لە پێدانی ڕۆڵی سەرەكی بە ناوبراو، بۆیە دەكرێ وەك مەسجێك بێت لەلایەن نەیارەكانییەوە بۆ پارتی كە خاوەن دەسەڵات لە زۆنی سەوز، كوڕی گەورەی مام جەلال نییە، بەڵكو ئێمەین.


بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان، لایەنگرانی پەكەكە بەشدار بوون لە خۆپیشاندانەكانی دوێنێی شارۆچكەی پیرەمەگروون، ئەمەش ھیچ گومانێك ناھێڵێتەوە كە ئامانج لەم ھەوڵە، تێكدانی بارودۆخی ئەمنیی ھەرێمە، دوای ئەوەی سەركەوتوو نەبوون لە ھێنانی سوپای توركیا بۆ قوڵایی ھەرێمی كوردستان لە بادینان و دواتر وەدەرنانیان لە شنگال لە دوای ڕێككەوتنی نێوان حكوومەتی ھەرێم و بەغدا بۆ ئاساییكردنەوەی رەوشی ناوچەكە، لە ئێستاشدا مەبەستیانە لەو دەڤەرەوە كار بكەن بۆ تێكدانی رەوشی ئەمنیی كوردستان، بە جۆرێك مەبەستیانە بڵێن، ئەگەر ئێستا لە بادینان و شنگال كۆنترۆڵ كراوین، ئەوا ھێشتا ماوین و توانامان ھەیە لە سلێمانییەوە فشارەكان دەست پێبكەینەوە.
 

09/12/2020



وتارەکانی تری نوسەر