ئەنتۆنی بلینکەن، وەزیری دەرەوەی ئیدارەی بایدن چی پێیە بۆ کورد؟

ئارام رەفعەت
ئەنتۆنی بلینکەن لە ئیدارەی ئۆبامادا جێگری وەزیری دەرەوە بوو و ئێستاش پێدەچێت دەستنیشانکراوی بایدن بێت بۆ پۆستی وەزیری دەرەوە.

پرسیارە سەرەکییەکە بۆ ئێمەی کوردستانی ئەوەیە بلینکەن چی پێیە بۆ کورد؟

تێگەییشتن لە هەڵوێستی بلینکەنی سەردەمی ئۆباما دەربارەی کورد، واتە کاتێک جێگری وەزیری دەرەوە بوو، رەنگە هاوکار بێت بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە.

بلینکەنی سەردەمی ئۆباما

لەو سەردەمەدا، هەڵوێستەکانی بلینکەن دەرهەق بەکورد تێکەڵەیەک بوو لە لێدانی ناڵ و بزمار لەیەک کاتدا. بۆ نموونە، کاتێک بلینکەن جێگری وەزیری دەرەوە بوو:

⬅️ ئەمریکا بۆ یەکەم جار لەرووی سەربازییەوە هەماهەنگی لەگەڵ کوردی باشور و رۆژاڤادا کرد لە جەنگ لەدژی داعشدا.
⬅️ ئەمریکا لە رزگارکردنی کۆبانێدا بەشدار بوو
⬅️ ئەمریکا بۆ یەکەم جار بڕیاری دا چەک بۆ رۆژاڤا بنێرێت.
⬅️ بلینکەن پشتیوانی تورک بوو لە پرۆسەی ناوچەی شەهبا. ئەو بەراشکاوی گوتی لایەنگری ئەوەیە تورک شەهبا داگیربکەن نەک بکەوێتە دەست کوردەوە.
⬅️ بلینکەن لایەنگری یەکگرتنی کانتۆنەکانی رۆژاڤا نەبوو.
⬅️ بلینکەن لایەنگری ئەوەبوو لە بری تورکیا، کورد لە پرۆسەی رزگارکردنی رەقەدا بەشدار بێت.
⬅️ بلینکەن دژی هەرجۆرە سەربەخۆییەکی کورد بوو لایەنگری یەکپارچەیی خاکی سوریا و عێڕاق بوو.
⬅️ بلینکەن پەکەکەی بە تیرۆریست دەزانی.
⬅️ بلینکەن پێداگری لەسەر بەشداری پێشمەرگە دەکرد لە پرۆسەی رزگارکردنی موسڵ لەداعش، بەڵام دژی بەشداری پەکەکە بوو.
⬅️ بلینکەن سەرسامی دیموکراتیەتەکەی تورک و ئەردۆغان بوو،
⬅️ خۆی بە کەسێکی زۆر نزیک لە تورک وێنا دەکرد. نزیکییەکەی بەرادەیەک بوو کە لە ٦ مانگی پێش کۆتایی ئیدارەی ئۆباما، ٦ جار سەردانی تورکیای کرد.
⬅️ دوای سەرکەوتنی ترەمپ و نەمانی بلینکەن لە پۆستەکەیدا، لە وتارێکیدا کە لە ٣١ی ١ی ٢٠١٧دا بڵاوی کردۆتەوە، داوای پڕ چەک کردنی کوردانی رۆژاڤا دەکات.

بەمجۆرە، هەڵوێست و روانینی بلینکەن بۆ کورد، رەنگدانەوەی هەڵوێستی ئیدارەی ئۆباما و بایدنی جێگری بوو. هەڵوێستێک لەسەر جۆرێک لە هاوسەنگی نێوان کورد و تورک دا بوو، هەڵبەت بە داشکان بەلای تورکدا. روونتر بڵێین، بلینکەن لایەنگری هاوکاری و مامەڵەی ئەمریکا لەگەڵ کورد بوو، بەڵام تەنها تا ئەو شوێنەی ئەو هاوکاری و مامەڵەیە کاریگەری جدی لەسەر پەیوەندییەکانی ئەمریکا و تورک نییە.

ئایا بلینکەن ئێستاش هەر بەلای تورکدا دایدەشکێنێت؟
تورکیا و ئەردۆغانی سەردەمی ئۆباما لە زۆر رووەوە جیاوازە لە تورکیای سەردەمی ترەمپ. ئەمەش لە هەڵوێستەکانی ئێستای بلینکەندا بە ئاشکرا رەنگی داوەتەوە.

تازەترین چاوپێکەوتنی بلینکەن لە ٩ی تەمووزی ٢٠٢٠ دابووە. لەوێدا لە وەڵامی پرسیارێکدا چەند هێڵێکی سەرەکی دەرهەق بەتورکیا دەکێشێت کە چاوەروان دەکرێت لە ٤ ساڵی داهاتوودا پەیڕەویان بکات. ئەم هێڵانەش راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ کاریگەری لەسەر کورد دەبێت:

هێڵەکان بەم جۆرەن
⬅️یەکەم:
لەروانگەی بلینکەنەوە، تورکیا لە جێگە و دۆخێکی پڕ لە ئاڵنگاریدایە.
⬅️دووەم:
ئەمریکا کار بۆ چاککردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیادا دەکات. بەڵام دەبێت تورکیاش بەهەمان شێوە کار بکات.
⬅️سێیەم:
بلینکەن ئومێدی زۆری بە پەیوەندی لە مێژینەی نێوان بایدن و ئەردۆغانە.
⬅️چوارەم:
بلینکەن پێی وایە لە چاککردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ تورکیادا سوریا (تۆ بڵێ رۆژاڤا)، یەکێکە لەو پرسانەی کەدەبێت کاری لەسەر بکرێت.

بەکورتی
بلینکەن، تێگەییشتنێکی بۆ دۆخی کورد هەیە، لەوەش تێگەییشتووە کە تورکیا هەمان تورکیای سەردەمی ئۆباما نییە و هەوڵی ئەوە دەدات پەیوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیا بگەڕێنەوە سەردەمی ئۆباما، هەڵبەت بەهەر قیمەتێک نا.

ئەوەشمان لەبیر نەچێت، بلینکەن لە فەرەنساش نزیکە. دواجار، سیاسەتی ترەمپ بۆ کورد و تورکیا دەکرێت بخرێتە قاڵبی بێ سیستەمییەوە. دیارە، بۆ دۆخی کورد و رێگری لە فراوانخوازی تورکیا، هەبوونی سیستەمێک، جا باش یان خراپ بێت باشترە لە بێ سیستەمی.

25/11/2020



وتارەکانی تری نوسەر