مانەوەی ئەمەریکا و ڕوانگەی هەرێمی کوردستان

جەواد قادر
لە هەفتەی ڕابردوودا، ”ئەنستیتۆی جەکسۆن بۆ پرسە جیهانییەکان” لە زانکۆی (یێڵ)ی ئەمەریکا سەمینارێکی لەسەر پرسی کورد و ئاسۆکانی بەردەمی ڕێک خست. سەمینارەکە بە پاڵپشتیی ڕێکخراوی ”دادگەری بۆ کورد” و بە بەشداریی ژمارەیەک ئەکادێمی و لۆبیستی دیاری ئەمەریکا بەڕێوە چوو، لەوانە: ژەنەڕاڵ پەترایۆس، باڵیۆز فۆرد و پرۆفیسۆر لێڤـینسۆن. ملیاردێر و خێرخوازی ناوداری ئەمەریکا، تۆماس کاپلان و فەیلەسووفی فەڕەنسی، بێرنارد هێنری لێڤی، کە دامەزرێنەرانی ڕێکخراوی ”دادگەری بۆ کورد”ن، لە سەمینارەکەدا بەشدار بوون. سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، بە وتارێکی ڤیدیۆیی بەشداریی لە دەستپێکی سەمینارەکەدا کرد.
 
لێرەدا پێویستە ئاماژە بە گرنگیی شوێنی بەڕێوەچوونی سەمینارەکە بدرێت، کە زانکۆی (یێڵ)ە. ئەم زانکۆیە لە ڕێگەی ئەنستیتۆ جیاوازەکانییەوە، بەشدارییەکی کارای لە دروستکردنی دونیابینیی دەستەڵاتدارانی ئەمەریکا لە پرسە نێودەوڵەتییەکاندا هەیە. یەک لەو ئەنستیتۆیانەی یێڵ، ئەنستیتۆی جەکسۆنە کە سەمینارەکەی هەفتەی ڕابردووی ڕێک خست. ژمارەی ئەو کاربەرانەی کە بە شێوەی ئۆنلاین لە ماڵپەڕی زانکۆکەوە بەشداری سەمینارەکە بوون، سەرووی ١٥٠٠ کەس بوو، کە بە پێی ئامارەکانی یێڵ، یەک لە گەورەترین گردبوونەوە ئەکادێمییەکان بە شێوەی ئۆنلاین بووە لەسەر ئاستی زانکۆکە. کاربەرە بەشداربووەکانی سەمینارەکانی یێڵ، بە شێوەیەکی گشتی، لە لێکۆڵەر، خوێندکار و ئەهلی زانکۆکە پێک دێن. بە دڵنیاییەوە، ئەم جۆرە پێشوازییانە لە پرسی کورد لە ئەمەریکا بۆ پێوەندییە چارەنووسسازەكانی هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا گرنگن.
 
سەرۆکی هەرێم وتارەکەی خۆی تەرخان کرد بە دامەزراندی ”هەرێمی نەفڕین” و بڕیاری ٦٨٨ نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٩١ و دوای کۆڕەوی ملیۆنیی خەڵکی کوردستان. سەرۆکی هەرێم سوپاسی هەڵوێستی ئەوکاتی ئەمەریکا و فەڕەنسا و هەموو ئەو ولاتانەی کرد کە لە پشتەوەی سەپاندنی ”هەرێمی نەفڕین” بوون و سوپاسی ئێران و تورکیایشی کرد کە لەو ڕۆژە سەختانەدا پەنای خەڵکی لێقەومای کوردستانیان دا و باوەشیان بۆی کردەوە.
 
وتارەکەی سەرۆکی هەرێم، لە ڕاستیدا، ڕەنگدانەوەیەکی پوختی بەرنامەی سیاسیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بوو بۆ پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانی. سەرۆکی هەرێم لە دوو ساڵی دەستبەکاربوونیدا جەختی لە دوو بابەتی پەیوەست بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە کردووەتەوە: یەکەم: هەرێمی کوردستان نەک هەر خوازیاری پێوەندییەکی باشە لەگەڵ ولاتانی دراوسێی، بە تایبەت کۆماری تورکیا و کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەڵکوو هەرێمی کوردستان ئامادەیە بە هەموو شێوەیەک هاوکار و یارمەتیدەری ئەم دوو دەوڵەتە نزیکە بێت بۆ دەستەبەرکردنی ئاساییش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا. هەرێمی کوردستان نە نیازی دەستوەردان لە پرسی کورد لە وڵاتانی دراوسێیدا هەیە و نە باوەڕیشی وایە ئەو پرسانە لە ڕێگەی چەکەوە چارەسەر دەکرێن. بۆیە ئامادەیە بە شێوەیەکی کاریگەر یارمەتیدەر بێت بۆ ڕێگەچارەی ڕیشەیی بۆ پرسی کورد و دۆزینەوەی بەرژەوەندیی هاوبەش لەنێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتانی هاوسێدا.
 
دووەم: هەرێمی کوردستان، کە لە ئاکامی پاڵپشتیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا دامەزراوە، بە مافی خۆی دەزانێت کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش پەرە بە پێوەندییەکانی خۆی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بدات. لەو ناوەدا ویلایەتە یەگرتووەکانی ئەمەریکا پێگەیەکی گەورە و تایبەتی بۆ پێوەندییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە بە هۆی بەشداریی چالاکی ئەمەریکا لەو پرسانەی پەیوەستن بە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە.
 
بۆیە، سەرۆکی هەرێم لە وتارەکەیدا ”پێشوازیی لە بڕیاری سەرلەنوێ بەشداربوونەوەی ئیدارەی بایدن لە پرسە جیهانییەکاندا" کرد، و هانی ئیدارەی بایدنی دا کە ”لەگەڵ ئێمە لە عێراق بە چالاکی بمێنێتەوە” و بەردەوام بێت لە ”هاوبەشیی درێژخایەن” لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ دەستەبەرکردنی ئارامی و ئاساییش لە ناوچەکەدا. 
 
بە واتەیەکی دیکە، روانگەی سەرۆکی هەرێم بۆ پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان بریتییە لە هاوپەیمانی و هاوبەشیی ستراتیژی لەگەڵ کۆمەڵەگەی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتیی ئەمەریکا و، هاوبەشی و هاوکاری پڕبەرهەم لەگەڵ دەولەتانی دراوسێ لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی دوولایەنە و دوورخستنەوەی هەرێمی کوردستان لە بەریەککەوتنی بەرژەوەندیی هێزە ناوچەیی و جیهانییەکان.
 
لە وتارەکەیدا، سەرۆکی هەرێم سەرلەنوێ پاڵپشتیی خۆی بۆ دیالۆگی ستراتیژیی عێراق و ئەمەریکا دەربڕیەوە کە ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر داهاتووی پێوەندییەکانی بەغدا و هەولێر دەبێت. ئەگەرچی هەموو پێشبینییەکان لەوەدا یەک دەگرنەوە کە ڕەنگە شێوازی ئامادەییی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەردەمی ئێمەدا بگۆڕێت، لەگەڵ ئەوەیشدا، ئەم ناوچەیە بە هۆی پێگەی یەکلاکەرەوەی لە پرسە جیهانییەکانی تردا، بەشێکی زۆری بایەخی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە داهاتوویشدا بۆ خۆی وەردەگرێت.
 
بۆیە، ڕوانگەی سەرۆکی هەرێم بۆ خودی دیالۆگەکە و بۆ جۆری پێوەندییە ناوچەیی و نێودەڵەتییەکانی هەرێم، بڕستی ئەوەی هەیە کە لە ئەگەری نەخوازاویشدا، سەقامگیری و بووژانەوە بۆ کوردستان دابین بکات.

18/04/2021



وتارەکانی تری نوسەر