کاتێک پایەێکی بەرزی دەولەت تێکدەشکێنرێت!

محەمەد خۆشناو

ولاتان شاکۆشک«صرح»یان هەیە ، شانازی پێوە دەکەن ، هەموو ولاتێک شاکۆشک یا پایەی بەرزی ماددی و مەعنەوی هەیە دەیهێلێتەوە و دەیپارێزێت و ، وایلێدەکات بەشێک بێت لە پێکهاتەکەی و کەسایەتیەکەی.

ولاتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا کۆمەلێک پایەی مەزنی هەیە ، دەستوور پایەبەرزترین شاکۆشکیەتی ، پاشان راگەیاندن و ئازادی و ، ئەنجا شاکۆشکی کۆنگرێس ، کە سومبولی خۆبەزلزانی ئەمەریکا- یە ، بینیمان لە چەند خولەکێک هەرەسی هێنا ، کە گەورەترین ولات لە جیهاندا شانازی پێوە دەکرد و ، بە دەستی رۆلەکانی ئەو ولاتە نەک بە دەستی پیلانگێری بیانی ناشیرین کرا ، کە لە رەفتارێکی شێتانەی لە پێشیەنە بۆ نەکراوی « ترمپ»ی سەرۆکی ئەو ولاتە ، داوای لە هەوادارانی کرد بچنە بارەگای کۆنگرێس تا ئیعلانی ساختەبوونی هەلبژاردن بکەن ، ئەوەی بینیمان جیهانی تووشی شۆک کرد ، کە لە دیمەنێکی سوریالی و کابوس دەچوو ، کە خۆپیشاندەران بە شێوەیەکی فەوزەویانە هەلیانکوتەیە سەر سومبولی زیاتە لە «٢٠٠» سالەی ئەمەریکا ، ئەو فیلمە ترسناکە بوو کە راستەوخۆ لەسەر شاشەی تەلەفزیۆن وەکو«١١»ی سبتەنبەری «٢٠٠١» بینیمان.

لەسەردەمی شەری دووەمی جیهانیدا ئەلمانیا هیچی بەسەر یەکەوە نەمابوو ، دەستیان بە دروستکردنی شاکۆشکی نوێ کرد: شاکۆشکی فیدرالیەت ، پەرلەمانی ئەلمانیا ، ژیانی حزبی ، ئازادی رۆژنامەگەری.

هەمان شت لە ئینگلتەرەدا دەبینین ، کاتێک وتووێژێکی تووند لە نێوان سەرۆکی حزبی ئۆپۆزۆسیۆن لەگەل سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و پانتایی تووندکردن و راکێشان لە نێوان هەردووکیاندا دەبینیت ، کە بەوپەری سینگ فراوانیەوە وەریدەگرن ، بوونی ئەم ئازادیە زۆر گرنگە ، چونکە تەئکیدکردنەوەیە لەسەر شەفافیەت و راستگۆیی و خواست بۆ هێنانەدی بەرژەوەندی گشتی ، ئەم کارە شاکۆشکی دیموکراسیەت لە بەریتانیا پتەوتر دەکات.

لەم چەند رۆژانەی رابردوو و ، هەروەها چەند سالێک لەمەوبەر شەری دەبەی ئاو و بەمشت لێکدان لەیەکتری لە نێوان پەرلەمانتاران لە پەرلەمانی کوردستان- مان بینی کە وێرای تێبینی زۆر لەسەر رووداوەکە بەلام ، بە کارێکی تەندوست دەزانم کە لە زۆربەی ولاتاندا هەیە .

ئومێدەوارم رۆژێک لە رۆژان چەندان شاکۆشک لە هەرێمی کوردستان دروست بن ، دەستوورێکی مەدەنیانەی هاوچەرخ نە بەزیادو نەکەم کە مایەی جێبەجێکردن بێت ، دەستوورێک بتوانێت هاوسەنگی پێویست لە نێوان دامەزراوەکان و دەسەلاتە جیاجیاکان بێنێتەدی ، ئەو پارسەنگیانە کە پارێزگاری لەو داوە باریکە دەکەن ، کە نێوانی ئیرادەی گەل و ئیرادەی دەولەت بەیەکتر گرێداوە ، بەشیوەیەکی تیۆری دەستوور بۆ سەدان سالی ئایندە لەگەلماندا دەبێت.


16/01/2021



وتارەکانی تری نوسەر