رووداوەکانی رۆژانە زۆرن، بەڵام زۆر بەخێراییش فەرامۆش دەکرێن. رەنگە جێگەی خۆی بێت گلەیی و ڕەخنەیەکی دۆستانە لە زۆربەی قەڵەم بەدەستان، شاعیران، نووسەران، ئەدیبان، ھونەرمەندان و ڕۆشنبیرانی باشوور بکەین.
چۆنە لە ٩٥٪ تان ھیچ ھەڵوێستێکتان بەرامبەر ھیچ ڕووداوێکی باشوورو تەنانەت ھیچ پارچەیەکی تری کوردستان نییە؟
ئەگەر ھەمووتان حیزبین و لەژێر گوشاری حیزبەکانتاندان، ھیچ قسەیەکم نییە، بەڵام ئەگەر سەربەخۆن، بێدەنگی و بێھەڵوێستیتان زۆر بێمانایە.
نە سەبارەت بە پرسە گرنگ و سیاسییەکانی ڕۆژ، نە سەبارەت بە ڕوودانی کارەساتە کۆمەڵایەتییەکان ھەڵوێستێک نانوێنن!
ئایا ڕوودانی کارەساتە یەک لەدوای یەکەکان و پشتگوێ خستنی پرسە چارەنووس سازەکان، لاتان ئاساییە؟
ڕەنگە بڵێن ڕۆژنامەنووسمان ھەیە قسەی دڵی ئێمە بکەن و خۆت لە کوردستان ناژی و نازانی حکومەتێکی تۆقێنەری میلیشیایی حاکمە، بەڵام دەبێت ئەوەمان لە بیرنەچێت:
یەکەم، ڕۆژنامەنووسان ھەموو شتێکیان پێناگوترێ و پێناکرێ.
دووھەم، ئەوانەی سەربەخۆش کاردەکەن زیاتر سەرنج دەدەنە بابەتە سیاسییەکان.
سێھەم، ئەوەی دەبینم ژمارەیەک خەڵکی ئاسایی بێدەسەڵات و گیرفان بەتاڵ وەدەنگ دێن و بە چەند وشەیەکیشبێ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان قسەی حەق دەکەن، یان ڕای خۆیان بە نووسین دەردەبڕن و لە باشووریش دەژین.
چوارەم، ئەی ئەرکی سەرشانی ئێوە رۆشنبیران چییە؟
مەگەر ئێوە پێشەنگ، چاو ساغ و ڕۆشنکەرەوەی ڕێگەی پڕکەندولەندی ژیانی ھاوڵاتییانی خۆتان و ڕووناک کەرەوەی مێشکی ماندوو، پڕلە خەم و مەینەتیان نین؟
پارچەکانی تر قوربانی خۆتان، بەڵام بۆ ھیچکات باسی پارچە بریندارەکەی خۆشتان ناکەن؟
ئێستا من ھەزار بابەت سەبارەت بە دەستدرێژی سێکسی بۆسەر منداڵان، دەستدرێژی بۆ سەر کچانی منداڵ و گەورە، توندوتیژیی دژی مرۆڤ، کوژرانی دایک، ژن، خوشک و کچەکانتان، تێرۆر، سیاسەتی دەسەڵاتداران و ھەر بابەتێکی تری سەبارەت بە باشوور بکەم، جگە لە خۆخاڵی کردنی خۆم، دەستخۆشی ھاوڕێیانم بە کۆمێنت، تا ڕادەیەکی کەم کاریگەریی بابەتەکە لەسەر شێوەی بیرکردنەوەی چەند کەسێک و لەخەتەر خستنی خۆم، ڕەنگە ھیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبێ؛ بەڵام کاتێک پیاوێک، بەرپرسێک، ناودارێک چ ژن چ پیاو، سیاسییەکان، سەرۆک و سەرکردەو ڕێبەرەکان بەناشکوری نەبێ، شاعیران، نووسەران، ئەدیبان، ھونەرمەندان و ڕووناکبیرانی ناوخۆی باشوور، سەبارەت بە ڕووداوە قێزەونەکان دەنگ بەرز بکەنەوە، ھەڵوێست بگرن و (نا) بۆ دووبارە بوونەوەی دڕندەیی بڵێن، بێگومان کاردانەوەیەکی ئەرێنی زۆر گەورەو کاریگەرتری دەبێ و دەبێتە ھۆی ڕۆشن کردنی زەین و بیری خەڵک، بردنەسەری ڕادەی وشیاریی، ژیریی، دانایی و لەپاشان شێوەی تێڕامان و تێڕوانین و بیرکردنەوەی ئەمڕۆیی و پێشکەوتووانەی ھەموو چین و توێژێکی ناو کۆمەڵگە.
تا ئەو کاتەی ئێوە نوخبەو ڕۆشنبیران، بێدەنگی ھەڵبژێرن، ئاشی ئیسلامیی توندڕەو، کۆنەپەرستان و دەروون تاریکان ھەر دەگەڕێ و نادییارە چەند خوێنی تر بەناحەق دەڕژێ؟
ئێوە دەبێ کارێک بکەن؛ دەبێ بتوانن بە وەشاندنی قەڵەم و دەنگی بەرزتان، خەڵک دژی نەزانی و دواکەوتوویی بێننە سەر شەقام.
سەبارەت بە ھەر ڕووداوێکی ناڕەوا، ناعادڵانەو نامرۆڤانە کە لە نیشتمان روودەدەن، دەبێ ھەڵوێست بگرن و قسەتان ھەبێ.
ئەرکی ئێوەیە خەڵک لە خەو ھەستێنن و سەبارەت بە زۆر شت ئاگاداریان بکەنەوە.
هەقە رۆشنبیران رووداوەکان لە جوغزی بابەتێکی بنەماڵەیی و شەخسی دەربکەن و دەنگ ھەڵبڕن بەرامبەر ھەرجۆرە پێشێلکاری و ماف خورانێک کە لە ناو کۆمەڵگەدا روودەدات؛ ئەو کاتەیە کە کۆمەڵگە زیندوو و چالاک و ڕای گشتی دروست دەبێت و بەرامبەر هەرجۆرە ناعەداڵەتییەکی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری دەنگ ھەڵدەبڕن.
بەم شێوەیە توانا، وزە، ھێز، شکۆو باوەڕ بەخۆبوون بۆ تاکەکان دەگەڕێتەوەو باشوور دەکەوێتە سەر ڕێگەی ڕاست و دروستی نیشتمان پەروەری، دڵسۆزی نواندن، ھەڵوێست گرتن، گۆڕانکاری، حەزاڕەت، گەشەکردن و بەرەو پێش چوون.