ھەنگاوی نوێ بەرەو چاکسازیی وڵات یا پاکسازیی دەسەڵات؟

بێوار

 

داوای خەڵک داوایەکی وازح، بەرحەق و ڕەوایە. داوای سەقامگیریی، ئاشتیی، ئاساییش و تێک نەچوونی ئەو قەوارەو ھەرێمە دەڵەمەیەیە، کە ئێوە دەسەڵاتداران کاولتان کردوەو سومعەتان بۆ خاک و خەڵکی نەھێشتووە. 

 

بۆ ئاگاداریتان ئەمجارەیان فشارەکان گەیشتوونەتە سەر ئێسقانیان و ھەڵوێست گرتن و ھاتنە سەر شەقامیان بە شێوەیەکی سەردەمییانەو ھێمنانە، تەنیا بۆ داوای موچە نیە.
لەبری بەدەمەوە ھاتنی خەڵک، پەلەکردن و دڵنیا کردنەوەیان لە ئەنجامدانی چاکسازیی ڕیشەیی و بنەڕەتی و ڕێککەوتنتان لەگەڵ بەغدا، ھێرش دەکەنە سەر خۆپێشاندەران؟ بەڕاستیی شەرم ناکەن؟

 

من ئێستاش تێنەگەیشتم حکومەتی ھەرێم تەنیا حکومەتی زۆنی زەردەو جگە لە ھێزە ئەمنییە داپڵۆسێنەرو تۆقێنەرەکان و ھەڕەشەو فشاری سەرۆک عەشیرەتەکانی سەربەدەسەڵات، ئایا دەستی ھەیە لە سەرکوتی خەڵک لە زۆنی سەوزیشدا؟

 

ئایا ھێزە ھێرشبەرو ئەمنییەکانی سلێمانی دەستووری سەرکوتی خەڵک لەکێ وەردەگرن؟ 

 

چونکە یەکێک لە ھاوسەرۆکانی یەکیەتی پشتیوانی خۆی بۆ خۆپێشاندەران دەربڕیوەو داوای ئازادکردنی زیندانیانی لە ھێزە ئەمنییەکان کردوە. ئەو چێشتی مجێورە چیە؟
چ شێوە گازێکی فرمێسک ڕێژتان بۆ بڵاوەپێکردنی خەڵکی ناڕازی بەکارھێناوە کە تووشی بورانەوە بوون؟ 

 

بۆچی دەنگی تەقە دەبیسترێ کاتێک خەڵک دەڕژێنە سەر شەقام؟ ئایا دەتانەوێ حەڤدەی شوباتێکی تر بە کارنامە جوانەکەی سەردەمی دەسەڵاتداری و وڵاتداریتانەوە زیادکەن؟ 

 

یا حەزتان لێیە پێتان بگوترێ قوتابیانی "ملازم موحسینەکان" بۆوا ھەڵدەکوتنە سەر ماڵ و گیانی ئەو میللەتە بەشمەینەتە؟ بۆ پەلاماری خەڵک دەدەن ئەی نەفرەتیەکان؟
ئاواتەخواز بووم بەرپرسانی یەکەمی دەسەڵات بەپەلە بێنە سەرخەت و لێدوانێکی جوان و ھێورکەرەوە، بۆ ئەو خەڵکە بە تەحەمولەی جاران و ناڕازییە حەق خوازەی ئێستا بدەن. 

 

بێدەنگیتان واتە ھەڵوەشانەوەتان و بە تەواوەتی کەوتنە ناو باوەشی ئێران و تورکیەوە. 

ھەستن لە خەو!!!!

 

ئێوە دەسەڵاتدارانن کە بەھۆی نەزانیی و ناسیاسی بوونتانەوە، ھەرێمتان تێک داوە نەک خەڵک؛ ئێستا یا دەبێ ئەوەی تێکتان داوە، بنچینەیی چاکی کەنەوە یا دەبێ لەو بەھەشتەی بە پلانی ھەڵەی خۆتان و پیلانی دوژمنان کردوتانەتە کاولستان، بڕۆن.

 

خەڵک وەک ھێزە ئەمنییەکان و پاسەوانە تایبەتەکانتان کۆیلەو عەبدی ئێوە نیە.


04/12/2020



وتارەکانی تری نوسەر