چی چاوەڕوانمان دەکات؟ چی بکەین باشە؟

شوان محه‌مه‌د
ئایا ئەو تەڵزگەیەی لە شەڕی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانەوە رووبەڕووی نوخبەی دەسەڵاتداری پارتی و یەکێتی بۆتەوە، دەبێتە کۆتایی مۆدێلی حوکەمی ئەو دوو حیزبە؟ یان جارێکی تریش ئەم دوو هێزە کە لەسەر هەموو ئاستەکان دووچاری شکستی گەورەبوونەتەوە، بە سازشکردن لەگەڵ بەغداو ئێران، سەرلەنوێ درێژە بە دەسەڵاتی خۆیان دەدەنەوە.

لەدوای شکستی سیاسی و سەربازی و رۆژانی داهاتووش شکستی تەواوی ئابوری، حوکمی دوو لایەنەی پارتی و یەکێتی، باشووری کوردستانی خستۆتە بەردەم چەندان ئەگەری خراپ:

- ستراتیژی حکومەتی شیعەی بەغدا لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە هەرێمی کوردستان بەتەواوی بچوک بکاتەوە تا ئاستی کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێم کەمتر لەوەی لە دەستوری عێراقیشدا هاتووە.

- لەگەڵ ئەم ئەگەرەشدا، ئەوەی بەدیدەکرێت یەکێتی و پارتی، بەتایبەتی گرووپی خاوەن دەسەڵات لەناو یەکێتیدا بەرەبەرە دووردەکەونەوە لە پارتی و ئەگەری ئەوە هەیە ئەگەر هێزەکانی تر بەری نەگرن، هەرێمی کوردستان بەرەو دوو ئیدارەیی بەرن.

- کێشەکانی ناو یەکێتی لە دوای شکستەکەی کەرکوک، بەرەبەرە بەرەو لێکترازان دەچێت، ئەگەر ئینشقاق و ، رەنگیشە هەڵگیرسانی شەڕیش لە نێوان بنەماڵەی تاڵەبانی و ئەو هێزانەی لەبەردەستیاندایە، لەگەڵ کۆسرەت رەسوڵ و ئەو هێزانەی سەر بەون ئەگەرێکی کراوەیە.

- لەدوای شکستەکەی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان، پەرەسەندنی ناکۆکیەکانی نێوان بنەماڵەی بارزانی و پارتی لەگەڵ بنەماڵەی تاڵەبانی، تەشەنە سەندنی ئەم ناکۆکیە، پێشبینی ئەوەی لێدەکرێت کە حکومەتی بەغدا خۆی و، هەروەها وەک درێژکراوەیەکی سیاسەتی ئێرانیش بکات بە بەشێک لە کێشەکەو، بەمەش پرسێک نامێنێتەوە ناوی پرسی کوردو هەرێمی کوردستان بێت.

- ئەگەر کورد یەکگرتوو نەبێت کە ئەگەرێکی لاوازە ئەو کەلێنە گەورەیەی شکستی کەرکوک دروستیکردووە بەم زوانە شاخە بەفری نێوانیان بتوێنێتەوە، جارێکی تر لاوازتر لەجاران کورد دابەشدەکاتەوە دەکاتەوە بەسەر دوو میحوەری جیاوازی ئێران و تورکیا، بەڵام هەردوو لایەنی پارتی و یەکێتی ئەمجارە زۆر بەلاوازی دەچنەوە بەردەم هەریەک لە تورکیاو ئێران، لاوازییەک لەسەردەمی شەڕی ناوخۆ لاوازتر تا ئاستێک هەموو مەرجەکانی ئەو دووڵاتە جێبەجێدەکەن.

- ئەگەر لەدوا ساتەکانی ناکۆکی نێوان بەغداو بارزانیدا، ناوبراو لابداتەوە بەلای ئێرانداو هیلالی شیعی بۆ ئێران تەواو بکات و، پشت بکاتە میحوەری ئەمریکی، لەم حاڵەتەدا بارزانی دەرگای جەهەننەم بەروی خۆیادا دەکاتەوەو ئەمەریکا و تورکیا دەکاتە دوژمنی خۆی، بەتایبەتی لەکاتێکدا کە ئیدارەی ئەمریکی بڕیاریداوە کە بەهەموو شێوەیەک دژایەتی ئێران بکات و کاریگەری لە عێراق و ناوچەکەدا کەمبکاتەوە.  

- لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و هێزە جیهانییەکان ئەوەی پەیوەندی بە کێشەی هەرێمی کوردستان و حکومەتی بەغداوەیە، پرسی زەمەن لەم کێشەیەدا فاکتەرێکی گرنگە، چونکە ئەمەریکا ئەو "ok  "یەی داویەتی بە هێزە عێراقییەکان کە ئۆپراسیۆنی سەربازی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان جێبەجێ بکات،سنوردارە. هەروەها ئەم دەستکردنەوەیەی ئەمەریکا بە عێراقی بەخشیووە " کاتی "یە و هاوکات پەیوەندی بەهێزەکانی تری وەک فەرەنساو ئەڵمانیا و بەریتانیاو رووسیاوەیە کە بەشێوەیەک لە شێوەکان ناڕازین لەم شەڕەی نێوان بەغداو هەولێر، ئەو زلهێزانە دەتوانن فشارن بخەنە سەر ئەمەریکا و لەرێگای کەناڵە جیاجیاکانیانەوە، بگرە لە رێگای ئەنجومەنی ئاسایشی نێو دەوڵەتیشەوە کاربکەن تا ئەم هێرش و فشارانەی سەر هەرێم رابگیرێت، لەم رووەشەوە ئەگەر  " زەمەن " یش یارمەتی هەرێم بدات، بەڵام عێراق و هەموو هێزە هەرێمایەتییەکان و هێزە جیهانییەکانیش لە پێش هەموویانەوە ئەمەریکا، لەسەر ئەوە کۆکن کە سنورێک بۆ سەرچڵی بارزانی و پارتی و یەکێتی دابنێن و، قەوارەی کورد لە عێراق بچووک بکەنەوە.

کەواتە لە کۆی ئەو ئەگەرانە، ئێمە وەک باشووری کوردستان لەبەردەم  بچووک بوونەوەداین، جگە لەوانەش باشوور لە بەردەم ئەگەری دابەشبوون و دوو ئیدارەیی و شەڕی ناخۆداین.

لە حاڵەتێکی وەهادا کە هەرچی بەرپرسیاری هەموو ئەو شکستە سیاسی و سەربازیەو بچووکبوونەوەی کورد لە عێراق، بکەوێتە ئەستۆی بارزانی و پارتی و یەکێتی، ئەوا ئەرکی هێزەکانی تر بەتایبەتی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی و هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادوەری ( بەرهەم ساڵح ) و نەوەی نوێ یە، کە بەرنامەیەکی هاوبەش وەک ئەلتەرناتیڤ بخەنە روو بۆ کۆتایی هێنان بەم مۆدێلە شکستخواردووە هەمەلایەنەی پارتی و یەکێتی.

ئەو لایەنانە بەدەنگێکی زوڵاڵ و یەکگرتوو داوای دەستلەکارێکیشانەوەی بارزانی و گواستنەوەی دەسەڵاتەکانی بکرێت بۆ سەرۆکی حکومەت.

لەماوەی مانگێکدا حکومەتێکی رزگاری نیشتمانی پێکبهێنرێت لەسەرجەم لایەنەکان، بەڵام هیچ پۆستێکی گرنگ و سیادی نەدرێت بە پارتی و یەکێتی. ئەو حکومەتە کاتییە " ئینتقالی یە" کار بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتی هەرێم بە زووترین کات بکات.

 لەسەر ئاستی گفتوگۆش لەگەڵ بەغدا بەئامانجی دوورخستنەوەی داگیرکاری بەغدا بۆ ناوچە جێناکۆکەکان و ئاسایی کردنەوەی بارودۆخ، چیتر رێگا نەدرێت بەوەفدی پارتی و یەکێتی نوێنەرایەتی کورد بکەن و گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بکەن، ئەرکی ئەم هێزانەیە کە بە ناشەرعی ناوزەدی ئەو وەفدانە بکەن لەسەر ئاستی عێراق و جیهان.

لەسەر ئاستی پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر و دهۆک و هەڵەبجەش، حکومەتێکی ئیتلافی لەسەر ئاستی ئەوپارێزگایانە پێکبهێنرێت، هەرچی ئیستحقاقاتی گۆڕان و لایەنەکانی تریشە لەسەر ئاستی پارێزگاکان و بەتایبەتی پارێزگای سلێمانی وەربگیرێتەوە بە پۆستی پارێزگاری سلێمانیشەوە.

بۆ وەرگرتنی هەموو ئەو پۆستانە ئەگەر بارزانی و پارتی و یەکێتی لەماوەیەکی دیاریکراوی کورتدا ئەو داواکاریانە جێبەجێ نەکەن، ئەو هێزانە لەسەر تاسەری کوردستاندا بەزەبری خۆپیشاندانی جەماوەری داواکانیان بسەپێنن بەسەر پارتی و یەکێتیدا، هەر ئەوانیش بەرپرسیار بکەن لە روودانی هەر کێشەیەک ئەگەر لەو خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەدا رووبدات.  
 
       


20/10/2017



وتارەکانی تری نوسەر