"گوو بەڕیشی باوکتان.." بەس دەچم بۆ دەنگدان !

شوان محه‌مه‌د
"گوو بەڕیشی باوکتان.. " ئەوە قسەی ئەو مامۆستایە بوو کە لە خۆپیشاندانی مامۆستایانی سلێمانی بە " هەجووەوە" لەناو خۆپیشاندەراندا دەیخوێندەوە، لەماوەیەکی کەمیشدا ئەو شیعرە میللیە وەک " ئاگر و کا " بووبە وێردی سەر زمانی هەموو خۆپیشاندەران و تا ئێستاش کۆپلەکانی لە بیری خەڵکدا ماوە، ئەو مامۆستایەی ئەو شیعرە توندەی لە دژی دەسەڵاتداران خوێندەوە، هەموو رۆژێک بە بەردەوام لە ناو خۆپیشاندانەکاندا دەبینراو  رۆڵ و کاریگەری خۆشی هەبوو.

گۆڕانکاری لە دەسەڵاتدا شێواز و وێستگەی زۆرە، خۆپیشاندان شێوازێکی گرنگە، هەروەک هەڵبژاردن و دەنگدانیش شێوازێکی زۆر گرنگە. لەگەڵ خۆپیشاندانی مامۆستایان دا بووبیت، یان نەبووبیت، کۆمەڵێک دەستکەوتی پیشەی و دارایی بەدەستهێنا، ئەو دەستکەوتانە پشکی شێری دەگەڕێتەوە بۆ ئەو مامۆستایانەی بەشداری چالاکانەیان کرد لە خۆپیشاندانەکاندا، نەک بۆ ئەو مامۆستایانەی بە دیار تەلەفزیۆنەکانیانەوە دانیشتبوون تەماشای خۆپیشاندانەکەیان دەکرد.

واتە بەخەڵکی ئاکتیڤ و کارا گۆڕانکاری لە کۆمەڵگدا دەکرێت و ئەم جیهانەی تیایدا دەژین بەرەو باشتر دەبرێت، بەخەڵکی پاسیڤ و تەماشاکەریش هیچ ناگۆڕێت، هەڵبژاردنیش هەر هەمان لۆژیکە، دەنگدەر دەتوانێت گۆرانکاری گەورە لە جیهانی ئێمەدا بکەن، نەک ئەو کەسانەی پێیان زۆرە چەند سەد مەترێک بڕۆن لە بنکەیەکی دەنگدان دەنگبدەن.

ماوەی چەند ساڵێکە دەسەڵاتدارانی هەرێم لەهەوڵێکی جدیدان، ئەو وێنەیە بە خەڵک بدەن کە هاوڵاتیان بچن بۆ دەنگدان و نەچن، بەشداری بکەن لە‌ هەڵبژاردندا و نەیکەن، هیچ ناگۆڕێت و ئەم حوکمڕانییەی کە هەیە هەر بەردەوام دەبێت، بەڵام لە راستیدا پێچەوانەکەی راستە، لە هەڵبژاردنی یەکەمەوە لەهەرێمی کوردستان کە ساڵی ١٩٩٢ ئەنجامدرا، جگە لە پارتی و یەکێتی هیچ لایەنێک نەیتوانی رێژەی لە ٧% تێپەڕێت، بەڵام ئەمڕۆ زۆر شت لە دنیای حوکمڕانی ئێمەدا گۆڕاوە، ئەو دوو هێزەی کە زیاتر لە ٩٠% خەڵکی کوردستانیان لەگەڵ بوو، ئێستا بە ئەستەم ٥١% تێدەپەڕێنن، ئەمە گۆڕانکارییەکی گەورەیە. مەسعود بارزانی کە لەسەردەمی بەرەی کوردستانیەوە لە ساڵی ١٩٨٨ ەوە تا ساڵی ٢٠١٧ بە شەرعی و ناشەرعی کەسی یەکەمی هەرێمی کوردستان بووە، لەژێر ناڕەزایەتی ناوخۆ و فشاری دەرەکیدا، ئێستا کەسی یەکەم نەماوە، جاران هەمیشە شاشەی تەلەفزیۆن و میدیاکانی داگیرکردبوو، ئێستا ئەو کاراکتەرە سیاسییە کە مترین کات لە تایتڵ و سەردێڕی میدیاکانەوە دەردەکەوێت.

هەموو ئاماژەکان ئەوە پێشان دەدەن کە ئاکامەکانی ئەم هەڵبژاردنەو دواتریش هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی ئەم قۆناغەو سەرەتای دەستپێکردنی قۆناغێکی سیاسی و حوکمڕانی نوێ دەبێت، کە بەهەموو شێوەیەک جیاواز دەبێت لە دۆخەی ئێستا، شێوازی حوکمڕانی بەرە بەرە دەگۆڕێت و ئەو فیگەرانەی ئێستا حوکمڕانی کوردستان دەکەن، ئەگەر نەڵێین هەموویان، بەڵام ژمارەیەکی بەرچاویان لە ترۆپکی حوکـمڕانی هەرێم دەچنە خوارەوەو رۆڵیان لەسەر ستێج کۆتایی دێت، هەر بۆیە دەسەڵاتدارانی هەرێم نایانەوێت و ئەو گۆڕانکاریە بێتە ئاراوەو خەڵکی کوردستان ئەو دۆخە کۆنە تێپەڕێنێت، هەر لەو روانگەیەشەوەیە کە لە بەرژەوەندی ئەواندایە هاوڵاتیان نەچن و بۆدەنگدان و بێ باک بن لەم دەسەڵاتەی کە ٢٧ ساڵی رەبەقە حوکمیان دەکات، بەمەش بەتەواوی خەڵکی کوردستان سارد بکەنەوە کە رۆڵیان لە گۆڕانکاریەکاندا هەبێت. 

دەسەڵاتدارانی هەرێم دەیانەوێت دیموکراسیەت لە ناوەرۆکەکەی بەتاڵ بکەنەوە کە گۆڕینی دەسەڵاتە لە رێگای سندوقەکانی دەنگدانەوە، ئەوان دەیانەوێت هەڵبژاردنیش بکەنە سیناریۆیەک و هەر چوار ساڵ جارێک ژمارەیەک خەڵکی سنوردار بە ساردیەوە بچن بەردەم سندوقەکانی دەنگدان و شەرعیەت بەوان بدەنەوە، بەڵام ئەوەی تا ئێستا بەهۆی خەڵکی هۆشیاری کوردستانەوە روویداوە پێچەوانەی ئەمەیە، سەنگی پارتی و یەکێتی بەرێژەیەکی بەرچاو دابەزیووە، ئەوان ئێستا بەتەنها بڕیاردەرنین لە کوردستاندا، فیگەرێکی سیاسی وەک مەسعود بارزانی وەلا نراوە، ئێستا زیاتر لە هێزێک رۆڵی ئۆپۆزسیۆن دەبینن، هەفتە تێناپەڕێت لەم هەرێمەدا، لە شار و شارۆچکەیەک خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەرنەبڕدرێت، هەرچەندە ئەم گۆڕانکاریانە هەندێکیان خاو و روودانیان دواکەوتووە، بەڵام بەهەموو پێوەرێک لەنێو کۆمەڵگای کوردیدا گۆڕانکارییەک دەستی پێکردووەو دەکرێت بە ئاراستەیەکدا ببرێت کە لە رووی ئازادی و دادوەریەوە بە خزمەتی خەڵکی کوردستان بشکێتەوە.

هەر بۆیە هەقە خەڵکی کوردستان رۆژی ١٢ ی ئایار کە رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکات، رێگا نەدەن دەسەڵاتی کوردی خەونی گۆڕانکاری لەم کۆمەڵگایەدا بکوژێت. هەقە هاوڵاتیان هەموو ئەوانەی لەم دۆخە ناڕازین و دوو دڵن لە چوون بۆ دەنگدان، وەک ئەو مامۆستایەی نێو خۆپیشاندەرانی مامۆستایانی سلێمانی بکەن و لە بەر خۆیانەوە، بڵێن " گوو بە ریشی باوکتان".. و دەچم دەنگ دەدەم لە دژتان.  


07/05/2018



وتارەکانی تری نوسەر